هەپەگە کوژرانی چەند سەربازێکی سوپای تورکیای ڕاگەیاند

کوردستان

19/09/2018‌ 269 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە بەدلیس و ئەرزینگان لە نیوان گەریلا و سوپای تورکدا شەڕ ڕوویدا

لە ئەنجامی چالاکیی گەریلاکان لە بەدلیس سێ سەربازی تورک کوژراون و چواریش برینداربوون، هەروەها لە ئەرزینگانیش چەند سەربازێک کوژراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەبارەی چالاکیی گەریلاکان و شەڕ و پێکدادانەکان لە بەدلیس و ئەرزینگان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەنجامەکانی ئەو چالاکییانەی خستەڕوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سوپای تورک ڕۆژی ١٦ی ئەیلول ئۆپەراستۆنێکی لە دەڤەری شەهید مزگینی سەربە بەدلیس دەستپێکرد، ١٧ی ئەیلول ئەو ناوچانەی بۆردوومان کرد، لە کاتی بۆردومانەکەدا لە نێوان گەریلاکانمان و هێزەکانی سوپای تورکدا شەڕ و پێکدادان روویدا، لەو شەڕەدا سێ سەربازی سوپای تورک کوژران و چواری دیکە برینداربوون، هەروەها گەریلایەکی ئێمەش شەهیدبوو، ناسنامەی ئەو هەڤاڵە شەهیدەمان بەم زووانە بە ڕایگشتی ڕادەگەیەنین".

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە  ئاماژەی بەوەشداوە "١٥ی ئەیلول لە گەلیی ماگاچوری سەربە چاگلایانی ئەرزینگان لە نێوان گەریلاکانمان و سوپای تورکدا شەڕێک ڕوویدا، لەو شەڕەدا گورزی توند لە سوپای تورک درا، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیان نەزانراوە".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە "ڕۆژی ١٥ی ئەیلول هەڤاڵ ڕۆژهات (سەعید ئیلمین) لەکاتێکدا لە کۆزلوکی سەربە ئێلیهـ ئەرکەکانی ئەنجام دەدا، کەوتە دەستی دوژمنەوە".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە "سوپای تورک بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ١٨ی ئەیلول کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی فڕۆکە جەنگییەکان گردی کارتالی سەربە گەڤەریان بۆردومانکرد، کاتژمێر ٠٤:٤٥ خولەکی پاشنیوەڕۆش مەتینایان بۆردومانکرد، هەروەها ١٧ی ئەیلول لە کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ دەڤەرەکانی کونیشکا و شەهید ڕوستەمی سەربە زاپ و گەلیی کەستای سەربە مەتینایان بۆردوومان کرد".

هـ ـ ر