كوڕە سەركێشەكەی مام جەلال
بافێڵ تاڵەبانی كۆتایی بەهەژموونی مەسعود بارزانی لەهەرێم دەهێنێت؟

عیراق

06/10/2018‌ 54644 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتی: هونەر حەمەڕەشید
بافێڵ تاڵەبانی، كوڕی گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووەی یەكێتی نیشتمانی، كە هێشتا لە چلەكانی تەمەنییەتی، ئێستا وەك كەسی یەكەمی حیزبەكەی دەردەكەوێت.

پافێڵ، دوو ساڵ بەر لەدامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی  لەدایك بووەو تەمەنی 45 ساڵە، كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووە، ئەو ساڵانێكی‌ زۆر لەسەر شانۆی سیاسی‌ یەكێتی‌ ونبوو، بەتایبەتی‌ پێش نەخۆشكەوتنی‌ باوكی‌. 

ئەو دوای ڕاپەڕین لەزانكۆی ئۆكسفۆردی‌ بەریتانی‌ سەرقاڵی خوێندن بووە، یەكەم دەركەوتنی ڕاستەقینەشی‌ هەوڵەكانی‌ بوو بۆ دروستكردنی‌ دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی‌ لەپێش پرۆسەی‌ ئازادی‌ عێراق لەلایەن ئەمریكاو دوای‌ دووركەوتنەوەی‌ تاڵەبانیش بەهۆی‌ نەخۆشییەوە، دەرفەتی‌ دەركەوتنی‌ زیاتر بوو.

بافێڵ ئێستا بەرپرسی مەلەفی دژایەتی تیرۆری‌ لەناو یەكێتی‌ هەیەو ئەگەر سەیرێكی‌ پەڕە تایبەتییەكانی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكەیت، رۆژانە زۆربەی‌ ئەو شاندانەی‌ بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی‌ سەردانی‌ سلێمانی‌ دەكەن، ئەو پێشوازییان لێدەكات.

ئەم دەركەوتنانەی‌و سەرپەرشتیكردنی مانۆڕە سیاسییەكانی یەكێتی، ئەوە نیشان دەدەن، كە دوای باوكی كەسی یەكەمی حیزبەكەیەتی‌و دواین بڕیاری یەكلاكەرەوە لەناو یەكێتی دەیدات، بەڵام نەیارەكانی چ لەناو یەكێتی، چ لەدەرەوەی ئەو حیزبە وای نابینن‌و خوێندنەوەكەیان وایە، ئەو تەنیا بۆ دەركەوتن ئەوە دەكات.

نوێترین مانۆڕی سیاسی بافێڵ تاڵەبانی لەناوخۆی یەكێتی لەسەر ئاستی عێراق‌و هەرێمی كوردستان، هێنانەوەی بەرهەم ساڵح بوو بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی، كە پێشتر بەهۆی نیگەرانییەكانی لەو حیزبە جیابووەوەو تەنانەت بەلیستێكی نوێ‌ بەشداری هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو پەرلەمانی عێراقی كردبوو.

بافێڵ تاڵەبانی بەهاوكاری كەسە نزیكەكانی ناو بنەماڵەكەی، لەوانە قوباد تاڵەبانی برای‌و لاهور شێخ دەنگی ئامۆزای، هەر بەوەوە نەوەستا بەرهەم ساڵح بگەڕێنتەوە، ناو یەكێتی، بەڵكو لەسەركردایەتی حیزبەكەی كاندیدی كرد بۆ سەرۆك كۆماری عێراق‌و دواتریش مانۆڕێكی سیاسی چەند رۆژەیی ئەنجامدا، تا ناوبراو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بردەوەو بووە سەرۆك كۆمار.

بافێڵ تاڵەبانی لەمانۆڕەكەی گەیاندنی بەرهەم ساڵح بەكورسی سەرۆك كۆماری لەكێبڕكێیەكی ئاساندا نەبوو، بەو پێیەی ركابەرەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات بوو، بەهۆی ئەوەی ئەویش لەهەوڵدابوو، فوئاد حوسێن بگەیەنێتە كۆشكی سەلام لەبەغدا.

مەسعود بارزانی، كە مانگی 11ی ساڵی رابردوو دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، ئێستاشی لەسەر بێت، كەسی یەكەمی بڕیارەكانی هەولێرەو هەر بڕیارێك لەهەرێمەوە بدرێت، دەبێت پاڵپشتی ئەوی هەبێت، ئینجا سەركەوتوو دەبێت.
 
كوڕەكەی تاڵەبانی، كە زیاتر وەك كەسێكی سەركێش دەردەكەوێت، لەدواین پەیامی لەبارەی یەكێتی رایگەیاند، چیتر یەكێتی ئەو حیزبە نەما، "دوای حیزبانی تر بكەوێت، بەڵكو ئەوە حیزبەكانی تر دەبن، دوای یەكێتی دەكەون"، كە ئەم پەیامەی بەیەك رۆژ پێش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار راگەیاند.

لەدوای ئەو پەیامەش، بافێڵ تاڵەبانی لەكاندیدەكەی لەپەرلەمانی عێراقەوە گەیاندە كۆشكی سەلام‌و كاندیدەكەی مەسعود بارزانیش بەدۆڕاوی گەڕیایەوە هەولێر، لەو هەوڵەشدا پێچەوانەی سەرۆكی پارتی كاری كرد، كە رەنگە ئەمە بەئاسانی بەسەریدا تێپەڕ نەبێت.

ئەمە بەدووەم شكانی مەسعود بارزانی لەبەرانبەر بافێڵ تاڵەبانی دادەنرێت، كاتێك 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووش كەوتنە ململانێیەكەوە، لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە 25/9/2017.

كەمال چۆمانی، رۆژنامەنووس‌و چاودێری سیاسی لەو بارەوە دەڵێت: "پشكی سەرەكی ئەو تێكشكانە بۆ دیكتاتۆرییەت لەقەرار دروستكردن دەگەڕێتەوە لەناو پارتییدا، پارتیی قبوڵی نییە قەرارەكان لەسەر بنەمای خوێندنەوەی هەمەلایەنەی مەسەلەكان دروستببن، بەڵكو ویستێكی كەسی، بنەماڵەیی و حیزبییان هەیە و دەیانەوێت بیسەپێنن".

كەمال چۆمانی دەشڵێت: "ئەم كەڵەگایییە بۆ هەولێر دەخوات و دەتوانن سەرۆك پەرلەمان دەربكەن و پارلەمان دابخەن، بەڵام كە دێتە سەر پەرلەمانی بەغداد و ئەو پرسانەی، كە پەیوەستن بە وڵاتانی هەرێمی‌و دەرەوە، پارتی دەبێت باشتر راوێژ بكات و بارزانییش لە تەواوی پرسەكان ئاگاداربكرێتەوە"، هەروەها دەڵێت: "بارزانی جاری دووەمیەتی لێكدانەوەی هەڵە بۆ رووداو و پرسەكان دەكات، هەردو جاریش بە شكستی خۆی تەواوبووە".

ئەم دوو "شكست"ەی مەسعود بارزانی لەبەرانبەر بافێڵ تاڵەبانی لەكاتێكدایە، لەماوەی 12 ساڵی رابردوو كەسی یەكەمی هەرێمی كوردستان بووەو هەر بڕیارێك، یان مانۆری سیاسی ئەنجامدابێت، بەسەركەوتن خۆی كۆتایی پێهێناوە.

پرسیارەكە ئەوەیە، مەسعود بارزانی، كە لەماوەی كەمتر لەساڵێگدا، دووجارو لەدوو مانۆڕی سیاسی "شكست"ی خواردووە، سەرەتایەك دەبێت بۆ كۆتایی هەژموونی لەهەرێم؟ كە وەڵامی ئەم پرسیارە رەنگە دوور نەبێت‌و لەپێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بەم نزیكانە بدرێتەوە.

پارتییەكان پێچەوانەی ئەوە بیردەكەنەوەو پێیانوایە، ئەوەی بافێڵ تاڵەبانی لەپرسی ریفراندۆم‌و سەرۆك كۆمار كردوویەتی، ئازایەتی خۆی نەبووە، بەڵكو بە پەنابردن بۆ لایەنی تر، بەتایبەتی لایەنی ئێرانی ئەو كارانەی كردووە، كە ئەوەش بە "خیانەت" وەسف دەكەن.

دواین پەیامی پارتی دیموكراتی-ش لەبەرانبەر هەوڵەكانی یەكێتی بەتایبەتی لەیەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، پەیامێكی ئاسایی نەبوو، كە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتەكە راگەیەنراو وتی: "یەكێتی چۆن بڕوای بەزۆرینەو كەمینە لەعێراق هەیە، دەبێت لەهەرێمی كوردستانیش بڕوای بەزۆرینەو كەمینە لەهەرێم‌و لەپرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌-ش هەبێت".

ئەم پەیامە ئەوە دەگەیەنێت، جارێكی تر و بەم نزیكانە مەسعود بارزانی‌و بافێڵ تاڵەبانی دەچنە ململانێیەكی نوێوە، بەڵام ئەنجارە لەهەولێر، كە چەند ساڵی رابردوو هەموو بڕیارەكانی لەبەرژەوەندی پارتی یەكلابووەتەوەو زۆرینەی لایەنەكان پابەندی بوون.