هاوسەنگی هەژموونی واشنتۆن‌و تاران رادەگرێت؟
سازانێكی دەگمەنی ئێران‌و ئەمەریكا لەسەر سەرۆكە نوێیەكەی عێراق

عیراق

09/10/2018‌ 5158 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
زۆر لە ڕۆژنامە عەرەبییە نووسراوو، ئەلەكترۆنییەكان لە چەند وتارێكی شیكاریدا ،‌ بە بایەخەوە دەڕواننە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح ، كە یەكێكە لە سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك سەرۆك كۆماری نوێی عێراق.

نووسەری وتارەكان خاوەن بۆچوونی جیاوازن سەبارەت بەهەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح دەخەنەڕوو، هەندێك پێیان وایە هەژموونی ئێران لەناوچەكە زیاد دەكات ، هەندێكی دیكەش پێیان وایە سەرۆكە تازەكە دەتوانێت هاوسەنگی لەنێوان هەژموونی ئەمەریكی و ئێرانی لە ناوچەكەدا ڕاگرێت.

هەڵبژاردنی سەرۆكە تازەكەش كە نۆیەمین سەرۆكی عێراقە بە دوو خول كۆتایی هات ، ئەمەش دوای ئەوەی هیچ كام لە پاڵێوراوان لە خولی یەكەمدا زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتارانیان مسۆگەر نەكرد كە ژمارەیان 329 پەرلەمانتاره ‌، لە دوا خولیشدا سەرۆكە تازەكە 219 دەنگی بەدەستهێنا و ڕكابەرەكەشی كە لە پارتی دیموكراتی كرودستان تەنها 19 دەنگی بەدەستهێنا. 

(خەیروڵا خەیروڵا)  لە ( رەئی كوێتیدا) نووسیویەتی: "بەرهەم ساڵحی كوردی ئەوەندی بەسە كە‌ عێراقی بوونی خۆی لەسەرووی هەموو شتێكی دیكەوە دادەنێت و دەشڵێت: سەرۆكە تازەكە مۆمێكە و لە تاریكسانی عێراقدا داگیرساوە.

نووسەر پەی بەوەش دەبات، "سەرباری ئەو لێوەشاوەیی ، نیازپاكی ، دەستپاكی و واقعبینییەی بەرهەم سالح هەیەتی ، كەچی هێشتا ئەوانە بەس نین بۆ دەربازكردنی عێراق لەو گێژاوەی تێیكەوتووە". 

خەیروڵا بەوە پاساو بۆ ئەو دەرئەنجامە دێنێتەوە، كە پێی گەیشتووە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی كۆمار بە گوێرەی دەستووری سنوردارن و زۆربەی دەسەڵاتەكانیش بە دەست سەرۆك وەزیرە شێعەكەوەن كە هاوكات فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانیشە".

(بەرا‌و شمری) یش لە ڕۆژنامەی ( عەرەبی جەدید) دا دەڵێت: ئەو پۆستە هیچ دەسەڵاتێكی جێبەجێكاری لێ ناپوشكوێتەوە، دەستووری عێراقیش هەموو دەسەڵاتەكانی لە دەستی سەرۆك وەزیراندا كۆكردووەتەوە بە جۆرێك، كە هەر بەڕێوەبەرێكی گشتی وەزارەتێكی عێراقی دەسەڵاتی لە سەرۆك كۆمار زۆر زیاترە ، پۆستەكە فەخرییە و سێ جێگری هەن كە ئەوانیش دەسەڵاتیان پێ نەدراوە".

سازانێكی دەگمەنی ئەمەریكی ئێرانی 
(ئیبرهیم حاج عەبدی) لەپێگەی ئەلەكترۆنی (ئیرەم نیوزی ئیماراتی) نوسیوویەتی: "بردنەوەی بەرهەم ساڵح‌و بوونی بە سەرۆكی عێراق ، هەژموونی ئێران لەعێراقێكی شێواودا زیاتر دەكات"، هەرچی ئەوانەشن خەون بە كوردستانیكی سەربەخۆوە دەبینن تووشی نسكۆیەك بوون، كە رەنگە وەرچەرخێت بەرەو جەنگێكی نێوان دوو پارتە باوەكەی هەرێمی كوردستان (یەكێتی و پارتی) كە برابەشن لە هەژموونیان بەسەر هەریمی كوردستانەوە.

عەبدی درێژەی دەداتێ و دەڵێت: "بەرهەم ساڵح سەرسام بوونی خۆی بە ئێران نەشاردووەتەوە و تۆماری سیاسی ئەو پیاوەش پشانی دەدات، كە هەستێكی دۆستانەی زۆری بۆ ئێران هەیە ، ئەمەش ڕێخۆشكەر بوو، كە دەنگی زۆرینەی ئەو پەرلەمانتارە‌ شێعانە‌ بەدەست بێنێت، لە بازنەی سیاسی ئێراندا دەخولێنەوە".

ڕوونیشی دەكاتەوە و دەڵێت: بەڕوونیش دیارە كە بەرهەم سالح متمانەی ئێرانی لە پشتە ، لە هەمان كاتیشدا گڵوپە سەورزەكەی ئەمەر‌یكای بۆ هەڵكراوە، كە ئەو پۆستە وەربگرێت ، ئەمەش سازانێكی دەگمەنە و تەنیا سیاسییەكانی وەك بەرهەم ساڵح، كە تەكنیكی قۆزتنەوەی هەلەكانیان هەیە دەتوانن بەدەستی بێنن.

(عەرەبی لەندەنیش) دەڵێت: وا وەسفی بەرهەم سالح دەكەن، كە هاوڕێی ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە و وەك یەكیش لێیان نزیكە ، سەرباری ئەگەری تەقینەوە و تەشەنەسەندنی ململانێكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا ، كەچی ئەم دۆخە تا ڕادەیەك هەلی دەستەبەركردنی گۆڕەپانێكی هێمن‌و ئارام بە بەرهەم ساڵح دەبەخشێت.

لەلایەكی دیكەوە لە (عالەمی عێراقی) دا زیاد حەرار دەپرسێت : لە نێوان بردنەوەی یالح و ڕاسپاردنی عەبدول مەهدی پرسیارگەلێكی سادەو ساكار خۆیان قوت دەكەنەوە: ئایا مەسعود بارزانی هاوبەشبەندیی و ڕێكەوتتنامەكانی لەگەڵ فراكسیۆنی بینا و ئیسڵاح و هاوڕێكانی دوێنێیدا لەدەست چووە ، یان پرسەكە پەیوەستە بە تەگبیرسازییەكی دەرەكییەوە ، دەوترێت تۆ بڵێیت ئەو پرسە وابەستەی جەنگە چاوەڕوانكراوەكەی  نێوان ئێران و واشنتۆن وبێت ؟ یان وویستی سیاسی پەرلەمانتارە تازەكانە بە یاخبوون لە سەركردەكانی واقعی سیاسی لە عیراقدا".