سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق
كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی تەمەنی كورت دەبێت

عیراق

11/10/2018‌ 6791 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
دوای چەند سەعاتێك لە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆماری عێراق ، ئەویش زوو بەزوو عادل عەبدول مەهدی ڕاسپارد بۆ پێكهانی حكومەتێكی تازە ، ئەمەش سازانكارییەكی كاتی نێوان لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرەكان بوو سەرباری ئەو ناكۆكی و ململانێیەی لە ئاكامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئەم دواییە لە‌نێوانیاندا سەریهەڵدا بەوەی كیبڕكێیان بوو بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی و پێكهانی حكومەتیش.

سەرباری ئەوەی ڕەوتە سیاسییەكانی عێراق هەڵبژاردنی پاڵێوراوێكی لەسەرسازاویان (توافقی) بەلاوە پەسەند بوو بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ، ئێران و ئەمەریكاش سازابوون لەسەر عادل عەبدول مەهدی بۆ پێكهێنانی حكومەت ، كەچی هێشتا بەرەوخۆكێشكردنە (استقتاب) سیاسییەكان، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكان لەنێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەماندا قورستر و ئاڵۆزتر دەكات‌و لە ئایندەشدا خۆراگری ئەو هاوبەندییە حكومییە دەخاتە مەترسییەوە.

پاڵنەرەكانی دیاریكردنی پاڵێوراو 
بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی 2018 ، هێزە سیاسییە عێراقییەكان لەو بەستەڵەكە رێژەییە دەربازیان بوو، كە پڕۆسەی سیاسی بەدەستییەوە دەیناڵاند لەگومانكردن لە ئەنجامەكانی و پڕۆسەی دووبارە هەڵاوێر و جیاكردنەوەی ڕێژەیی دەنگەكان ، لە ئاكامیشدا چەند لیستێكی نزیك یەك‌( بە ڕێژەیی) دروست بوون لەو ڕووەی ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمان لێك نزیك بوون ، بەمەش هاوپەیمانییە جوڵاوەكان دەستیان پێكرد كە دوو كوتلەی سەرەكی لێكەوتەوە ( هاوپەیمانی بینا) و (هاوپەیمانی ئیسلاح ) و هەر یەكێكیشیان بانگەشەی گەرەترین كوتلەبوونی خۆی دەكرد بەوەی مەرجی بڕگەی یەكەمی ماددەی 76 ی دەستوری عێراقی  بەسەردا جێبەجێ دەبێت و بەمەش لە توانایدایە حكومەت پێك بێنیت.

پێش ڕێككەوتنیان مەترسییەكان لە بەرزبوونەوەدابوون بەوەی هەردوو كوتلەكە ژمارەیەك لایەنگریان هەبوو ،  لە ئەگەری ناسەقامگیری سیاسیشدا شیمانەی پێكدادانیان نزیك بوو كە له ئەگەری ڕوودانیدا لە‌ توانادا نەبوو كۆنتڕۆڵ بكرێت ، بەڵام هێزە سیاسییەكانی عێراق پەیان بە قەبارەی ئەو مەترسیییانە دەبرد كاتێك ناكۆكییە سیاسییەكان دابەزنە سەر شەقام ، بۆیە بڕیاریاندا لەسەر پاڵێوراوێك بسازین بۆ سەرۆكایەتی وەزیران، كە بەرجەستەی دۆخی هاوسەنگی نێوانیان بكات ، بەم تەرزە‌ لەسەر عادل عەبدول مەهدی ساخبوونەوە كە هەر زووبەزوو لە لایەن بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمارەوە ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەت ، لەمەی سەرەوەش دەكرێت ئاماژە بە هۆكارەكانی دیاریكردنی (بەرهەم ساڵح ) و ( عادل عەبدول مەهدی  ) بكەین بۆ پێكهێنانی حكومەت ، كە ئەمانەی خوارەوەن : 

یەكەم : هاتنەسەر گۆرەپانی سەركردە لەسەر سازاوەكان : بەرهەم صالحی سەرۆك كۆمار لە هەموو پاڵێوراوەكانی دیكەی هێزە كوردەییەكان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار‌ قبوڵكراوتر بوو ، بەو پێیەی شارەزاییەكی زۆری لە كاری سیاسیدا هەیە و پێشتر پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی عێراقی بەرێوەبردووە ، پێش ئەوەش پۆستی وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی بەدەستەوە بووە ، ئەمەش ڕێخۆشكەری بوو كە پەیوەندی باش و پتەو لەگەڵ سەرجەم لایەنه سیاسییە‌ عێراقییەكاندا دروست بكات.

هەرچی (عادل عەبدول مەهدی) شە ، خاوەن شارەزاییەكی باشە لە مامەڵەكردن لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییە عێراقییەكان ، لە سەردەمی گەنجیەتیدا چۆتە ناو ڕیزی نەتەوەپەرستەكانەوە ، ئینجا بەرەو هێزە ئیسلامییە سیاسییەكان وەرسوڕا و بووە سەركردەی یەكێك لە گرنگترین جوڵانەوە ئیسلامییە شێعەمەزەبە ئۆپۆزسیۆنەكانی دژ بە ڕژێمی سەدام حوسێن كە ئەویش ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی بوو ، دواتر دەستی لەویش كێشایەوە و بووە سیاسییەكی سەربەخۆ. بەو پێیەش كە سەخت و دژوارە كەسێكی بێلایەنی سەربەخۆ لەم دۆخەی ئێستای عێراقدا بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت بەربژێر بكرێت ، چونكە دەبێت كەسەكە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كوتلەیە‌كی سیاسی بەهێزی لەپشتەوه بێت ، جا عەبدول مەهدی ئەوەی هەبوو بەوەی نزیك بوو لە بەهێزترین هێزە سیاسییەكانی وەك موقتەدا سەدری سەرۆكی ڕەووتی سەدر و هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر و نوری مالكی كە لەسەر هەمان ڕێچكەی سیاسی ئیسلامییە ، لە ماوەی خوێندنیشیدا پەیوەندییەكی دۆستایەتی باشی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی دروست كردبوو.

دووەم : قبوڵكراوی ئەمەركا و ئێران : هێزە عێراقییەكان هەوڵیاندا ئەوانە بپاڵێون كە لە یەك كاتدا جیگەی ڕەزامەندی ئەمەریكا و ئێران بن ، ئەمەش كتومت بۆ بەرهەم صالحدا ڕاستە كە لە پێش داگیركردنی عێراق نوێنەری حزبەكەی (یەكەیتی نیشتمانی كوردستان) بوو لە ئەمەریكا ، لەوێ پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ هەندێك لە سیاسییەكان دروست كرد بە مەبەستی هەماهەنگی لە نێوان پارتەكەی و حكومەتی ئەمەریكادا بۆ قۆناغی دوای گلانی ڕژێمی سەدام حوسێن ، ئەمە سەرباری ئەوەی پارتەكەی بەرهەم صالح پەیوەندییەكی مێژوویی لەگەل ئێراندا هەیە و تارانیش ئەو حزبە بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت.

عەبدول مەهدیش پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ناوەندەكانی بڕیارسازی ڕۆژئاوادا هەیە و لە دوای داگیركاری عێراقیش لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریكادا لە پەیوەندیدا بووە ، ئەمەش كردیە یەكێك لە هاوبەشە سیاسییە دامەزرێنەرەكانی پڕۆسەی سیاسی لە عێرق لە ساڵی 2003. ئەو لە ناو پارتەكەیدا(ئەنجومەنی باڵای شۆرشی ئیسلامی لە عێراق) خاڵی پەیوەندی بەردەوام بوو لەگەڵ ئەمەریكا و ڕۆژئاوادا ، شاراوەش نییە كە پارتەكەی عەبدول مەهدی لە ئێران دروست بووە و نەشونمای كردووە و پەیوەندییەكی پتەویشی لەگەڵ دامەزراوەكانی بڕیارسازی ئێراندا هەیە.

بەم شێوەیە دوو پاڵێوراوەكە توانیان هاوسەنگییەك لە نێوان هاوكێشە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا ڕابگرن كە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو هاوسەنگییە عێراق ناتوانێت كاروبارەكانی خۆی بە باشی هەڵسوڕێنێت و سەركردە سیاسییە عراقییەكانیش باش باش ئەمە دەزانن.

سیناریۆكانی حكومەتە تازەكە : 
زۆر لە چاودێران لەوە دەترسن كە حكومەتە تازەكەی ئایندەی عێراق تەمەنی كورت دەبێت و زۆر بەردەوام نابێت ، ئەمەش لە دەرئەنجامی ئەو تەنگژە هەڵكشاوانەی لە شەقامی عێراقیدا دێن و دەچن ، خەڵكانی دیكەش پێیان وایە لە حكومەتەكانی پێش خۆی چاكتر دەبێت ، لەم سۆنگەیەشەوە دەكرێت ئاماژە بە دیارترین سیناریۆكانی ئەو حكومەتە تازەیە‌ بكە‌ین بەم شێوەیەی خوارەوە :

1-دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران: ئەو سیناریۆیە پشت بە سرووشتی كەسێتی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو دەبەستێت كە دەكرێت دەست لەكار كێشانەوەی خۆی پێشكەش بكات ئەگەر هەستی كرد لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵێنگارییەكانی عێراق شكست دێنێت ، ئەو پێشتر بەهۆكاری ڕازینەبوونی لەو شێوازەی كە حكومەت پڕۆسەی سیاسی پێ بەرێوەدەبات ، دووجار لە دوو حكومەتی ماوەجیاوازدا ، دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە هەردوو پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوت پیشكەش كردووە ، یان لە دۆخی‌ هەستكردنی بە بێ هودەیی  بەڕێوەبردنی پۆستێك كە كاریگەر‌ییەكی كارای نەبێت لەسەر ڕەووتی ڕوداوەكان ، ئەم بژاردەیەی ناوبراو شیمانەی( احتمال) دووبارە بوونەوەی هەیە لە حكومەتی ئایندەی عێراقدا ئەگەر هێزە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق وابەستەی پاڵپشتی پێویستی ناوبراو نەبن و كۆسپیش لەبەردەم دیاریكردنی وەزیرەكان دروست بكەن  كە خۆی دیاریان دەكات بە هۆی ئەو ناكۆكییە هەڵكشاوانەی لە نێوان هێزە سیاسییەكانی ناو پەرلەماندا هەن‌ ، ڕەنگە ئەم كارەش وای لێ بكات دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەت پێشكەش بكات ئەگەر هەستی بەوە كرد هێزە سیاسییە ململانێكارەكان ڕێڕەوی كاركردنی لێ بەر‌تەسك دەكەنەوە بەو پێیەی ئەو پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی لەگەل هیچیاندا نییە.

2-پشتیوانی پەرلەمانی لە حكومەت: سەرجەم لایەنە‌ سیاسییەكان ئارەزووی ئەوە دەكەن قۆناغە ڕووگیرییەكەی ئێستای عێراق تێپەڕێنن  ، بەتایبەتیش لە دوای ڕووداوەكانی بەسڕە كە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی پێشوو شكستیان هێنا لە بەرەنگاربوونەوەی دۆسییەكانی كارەبا ، ئاسایش ، تەشەنەكردنی دیاردەی چەكداری و هی دیكەش ، هەروەها بە هۆی بوونی شیمانەی پێكدادانی سەربازی كە ڕەنگە لە نێوان ئەمەریكا و ئیسڕائیل لە لایەك و ئێران و ڕێكخراوە هاوپەیمانەكانی لە لایەكی ترەوە بێنە ئاراوە ، لەوانەشە عێڕاق گۆرەپانی ئەو پێكدادانە ڕاستەوخۆیانە بێت ، ئەم كارەش پێویستی بە حكومەتێكی بەهێزە‌ لە پڕۆسەی بڕیارسازیدا كە پشت ئەستور ‌بێت بە پەرلەمانێكی بەهێز كە لە كۆتایی هێنان بە گرفت و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵێنگارییەكاندا پشت و پەنای بێت ، عێراقیش بەدوور بگرێت لە پێكدادانی‌ سەربازی تازە دوای ئەوەی لە جەنگەكانی دژ بە داعش تەواو بڕستی لێبڕا. 

3-لاوازییەكانی حكومەتەكەی عەبدول مەهدی: "كۆتا سیناریۆش كە دەبێت قسەوباسی لێوە بكرێت ئەوەیە كە لەژێر سایە و سێبەری دابەشبوونی پەرلەمان لەمەڕ گرتنەبەری میكانیزمەكان ، حكومەتی تازە هەمان میكانیزمی حكومەتەكانی پێش خۆی بگرێتەبەر ، ئەمەش سیناریۆیەكی گریمان ئامێزه و بەدوورە لە ڕوودان ، چونكە دۆخی سیاسسی عێراق تا‌ ئەندازەیەكی زۆر گۆرانی بەسەردا هاتووە ‌و ئەو گرفتە گەورانەش كۆتاییان هاتووە كە حكومەتەكانی پێشوو پێیەوە سەرقاڵ بوون وەك دابەشبوونی ووڵات ، ئەمە سەرباری ئەوەی پشێوییە تایەفەگاریەكان بە بەراورد بە پێش خۆیان ، تا‌ ئەندازەیەكی گەورە پاشەكشەیان كردووە".

لە كۆتایشدا پرسگەلێك لە ئارادان كە دەبێت حكومەتی تازە دەست بكات بە چارەسەركردنیان كە دیارترینیشیان چەكداماڵینی میلیشیا ، تیره ‌و هۆز ، باندەكانی تاوانە رێكخراوەكان ( الجریمە المنڤمە)  و  هێزی‌ چەكداری دیكەش كە نایاساییانە چەك بەدەستن ، بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەی ڕێكخراوی داعش و گەرەنتی دووبارە سەرهەڵنەدانەوەی هاوشێوەكانیان ،  ئیدارەدانی كارلێكردنی نێوان حكومەتی مەركەزی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەو تەرزەی دۆخێك لە پشێوی نەیەنێتە ئاراوە و سرووشتی پەیوەندی نێوانیشیان بە گوێرەی بەندەكانی دەستور دیاری بكرێت ، بەدەنگەوەهاتنێكی هەستپێكراوی داواكاری خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان كە لە پێش و پاشی دوا هەڵبژاردندا ڕوویاندا و‌ هەڕەشەشن بۆ سەر حكومەت كە شەقامی عێراقی لەدەست دەرچێت ، بە تایبەتیش لە دوای هەڕەشەكانی موقتەدا سەدری سەركردە شێعەكە بە سازدانی خۆپێشاندانی گەروەر و زەبەلاح ، ئەگەر لە دوای ساڵێك لە تەمەنی حكومەت سەركەوتنی هەستپێكراو نەیەنەدی ، سەرەڕای ئەمانەش قەدەغەكردنی دەستتێوەردانی دەرەكی لە كاروباری عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تەنگژەكانی دابینكردنی ئاو ، كارەبا ، بێكاری و بەتایبەتكردن (خصخصە) و دۆسیەی دیكەش هەن كە هێشتا چاوەڕیی چارەسەرێكی گونجا و سەركەووتوون.