فراكسیۆنە كوردییەكان تێبینیان لەسەر پرۆژەی بودجەی عێراق هەیەو لەپەرلەمان رەتیدەكەنەوە

عیراق

13/10/2018‌ 680 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەپشكی پارتی دیموكران ڕایگەیاند، ئەوان وەك كورد چەندین تێبینییان لەسەر رەشنووسی بودجە ھەیە‌و "ئەگەر بەو شێوەیە رەوانەی پەرلەمان بكرێت، پێی رازی نابین‌و پێویستە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت".

بەشیر حەداد بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند "وەزارەتی دارایی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ئامادە كردووەو پێویستە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت و وردبینیی تێدا بكرێت ئەوكات رەوانەی پەرلەمان بكرێت بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت، بەڵام ئێمە كۆمەڵێك تێبینیمان لەسەر ھەیە، لەوانە پشكی كورد ١٢.٧% دانراوە و ناوی ھەرێمیش كراوەتە پارێزگاكانی باكووری عێراق، بۆیە ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران بەو شێوەیە بۆ ئێمەی رەوانە بكات، پێی رازی نابین و پێویستە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، لەبەر ئەوەی یاسایی و دەستووری نییە".

جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەوەشی راگەیاند ئەمڕۆ (شەممە) پەرلەمانی عێراق  كۆ دەبێتەوە و تێیدا دەست بە پێكھێنانی لیژنەكان دەكرێت، هەروەها ھەر ئەمڕۆیش لیژنەی دارایی دروست دەكرێت.

ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد، تا ئێستا دیار نییە چەند لیژنە بەر كورد دەكەون، بەڵام ئەو لیژنانەی گرینگن بۆ كوردو لە بەرژەوەندیی كورددان، ھەوڵ دەدەن بچنە ئەو لیژنانەو ھەندێك لیژنە ھەن كورد خۆی بەشدارییان تێدا ناكات.

بەپێی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، داھات زیاتر لە ١٠٥ترلیۆن دینارە و خەرجییەكانیش ١٢٠ترلیۆن زیاترن، هەروەها كورتھێنانیش زیاتر لە ٢٢ترلیۆن دینارە و پشكی ھەرێمی كوردستانیش زیاتر لە ھەشت ترلیۆن دینارە، كە دەكاتە ١٢.٦٧%ی بودجە.

هـ ـ ح