عەبدولمەهدی 601 كەسی بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان دیاریكردووە

عیراق

13/10/2018‌ 703 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عادل عەبدولمەهدی راسپێراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق 601 كەس دیاریكردووە بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان.

نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی راگەیەنراوێكی لەبارەی پێشكەشكردنی سیڤی بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی بڵاوكردەوەو بەپێی راگەیەنراوەكە، ژمارەی ئەو كەسانەی سیڤی-یان پێشكەشكردووە، گەیشتبوویە 15 هەزار و 184 كەس.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە ژمارەی ئەو كەسانەی سیڤی-یان بۆ پۆستی وەزیر پێشكەش كردووە‌و هەڵگری بڕوانامەی دكتۆران بریتیین لەهەزار و 778 كەس ، كە دەكاتە رێژەی 12 لەسەدی كۆی ئەوانەی پێشكەشكییان كردووە، هەروەها دوو هەزار و 200 كەسی دیكەشیان هەڵگری بڕوانامەی ماستەرن ، كە دەكاتە رێژەی 14 لەسەد، رێژەی نێر 85 لەسەدە زۆر زیاترە لەرێژەی مێ، كە 15 لەسەدت.

هەروەها لەنێو ئەو كەسانەی سیڤییان پێشكەش كردووە، رێژەی كاندیدە بێ لایەنەكانیش 96 لەسەدە، كە نووسینگەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی بۆ سیڤی پێشكەشكاران كراوەو ئەوانەی مەرجە یاسایی و هونەرییەكانییان تێدا نییە دوورخراونەتەوە وەكو مەرجەكانی "تەمەن، ژمارەی ئەو كەسانەی بەڕێوەیان دەبات، پسپۆڕی و هی تریش".

هاوكات شیكردنەوەی سەرەتایی بەپێی پێوەرەكان كراوە و 601 باشترین كاندید دەستنیشانكراون، لە ئێستاشدا لیژنەی پسپۆڕان دەستییان كردووە بە لێكۆڵینەوە لە داواكاریی ئەو 601 كەسە بۆ بانگهێشتكردنییان بۆ چاوپێكەوتن. 

سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووش نووسینگەی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندووە "هەنگاوەكانی داهاتوو بریتی دەبێت لە چاوپێكەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ تیمی پسپۆڕ و وردبینیكردن لە شارەزاییەكانییان لەنێویاندا دروستی بڕوانامەكانییان و شتی دیكەش، لە كۆتایشدا چاوپێكەوتنی راستەوخۆی سەركەوتووان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو دەبێت".

ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٢ی ئایار بەڕێوەچوو و لە پاش ھەڵبژاردنی نوێنەری سوننەكان محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دواتریش سەركۆماری عێراق بەرھەم ساڵح، لە ئێستادا پۆستی سەرۆكوەزیران كە عادل عەبدولمەھدی بۆ راسپێردراوە ماوە، بۆ ئەوەی خۆی و كابینەكەشی دەنگییان لەسەر بدرێت.

هـ ـ ح