کەرکوک.. دژە تیرۆرى عێراق چالاکوانێکى کورد لەسەر ناڕەزایی لەدۆخی سەپێنراوی سەربازی شارەکە دەستگیر دەکات

عیراق

16/10/2018‌ 547 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چالاکوانێکی مەدەنی بەنەتەوە کورد، لەشاری کەرکوك، لەلایەن دژەتیرۆرى عێراق-ەوە دەستگیر کراوە.

کاتژمێر ١١:٠٠ی شەوی ڕابردوو، زیاتر لە سەد چەکداری پۆلیسی فیدڕاڵی و سوپای عێراقی هەڵیانکواتاوەتە سەر ماڵی ئەدهەم جومعە، چالاکوانی مەدەنی و خۆیان بە دژەتیرۆرى عێراقی ناساندوە و دواتر ئەدهەم و برایەکی بەناوی ڕزگار جومعە دەستبەسەر کراو، پاش کاتژمێرێك ڕزگار ئازاد دەکرێت، بەڵام ئەدهەم جومعە، اوەکو ئێستا دەستبەسەرە.


زانیار جومعە، برای ئەدهەم جومعە  ڕایگەیاندوە "ئەوەمان بۆ یەکلا بووەتەوە، کە براکەمان لەلایەن دژەتیرۆرى عێراق دەستگیرکراوە، بەڵام نازانین لەسەر چى و بەچ مادەیەک دەستگیر کراوە".


زانیار جومعە ئاماژەی بەوەشدا "کاتژمێر ٣:٠٠ى شەوى ڕابردوو قسەمان لەگەڵ کردووە، دواتر وتى موبایل دادەخەم، چونکە ڕێگەم پێنادەن" و وتیشی "براکەیان هیچ تاوانیێکى نەکردووە، تەنها چالاکوانێکى مەدەنییە و دژى گەندەڵى ناڕەزایەتى دەربڕیوە".


ئەدهەم جومعە، ڕۆژی ٩ی ئۆکتۆبەر بەشداری کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کردووە، وەک ئەندامێکی گروپی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی هاوڵاتیانی کەرکوك، کە تێیدا داواکرا شار لە حوکمی سەربازی چۆڵبکرێت و دەسەڵاتی مەدەنی بگەرێتەوە و پارێزگاری بەوەکالەت لە کاری شۆڤێنی ڕابگیرێت و گومرگەکانیش دابخرێن، هەر ئەو گروپەش داوایان کرد لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەردا بۆ ماوەی کاتژمێرێک هاوڵاتیان مانبگرن و نەچنە سەر کارەکانیان و دوکان و بازاڕ دابخەن.
هـ ـ ر