زۆرترە لەكۆی خەرجی‌و تێچوونی مانگانە
داهاتی مانگانەی هەرێمی كوردستان زیاتر لەیەك ملیار دۆلارە

کوردستان

30/10/2018‌ 987 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پشكی شێری داهاتی هەرێمی كوردستان فرۆشتنی نەوتە، ئەمە بێجگە لە داهاتی گومرگ و خاڵە سنورییەكانی هەرێم و بودجییەك، كە لەبەغداوە دێت، بەڕای شارەزایان كۆی ئەو داهاتە مانگانە ملیارێك دۆلار تێدەپەڕێنێت، كە زۆرترە لە كۆی خەرجی و تێچوونی مانگانەی هەرێمەكە. 

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابوری و بژیۆی ژیانی خەڵك و بازاڕ و وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانەوە لاوازەو گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ تێاندا رووی نەداوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی موچەی فەرمانبەران بەتەواوی نادرێت.

لەكاتێكدا لەمانگی 10ی 2018 دا نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بۆ 85.03 دۆلار بەرزبووە‌وە، ئەمەش سێ ئەوەندە بەرزبوونەوەیە بەراورد بەساڵ 2016. لە ئێستادا جگە لەوەی نرخی نەوت بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو، سێ هێندە زیادی كردووە ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتیش زیادی كردووە.

سەبارەت بەو پرسەو بەدواداچوون داهاتی هەرێمی كوردستان شێركۆ جەودەت پەرلەمانتاری كوردستان بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت: "حكومەت نەك هەر ژمارەی تەواوەتی نانێرێت، بەڵكو دیوانی چاودێری داراییش بە یاسا رێپێدراوە چاودێری هەموو داهات و خەرجییەكانی هەرێم بكات، بەڵام رێگری لەوانیش دەكرێت".


شێركۆ جەودەت  دەشڵێت "داهاتی مانگانەی هەرێمی كوردستان زیاتر لەیەك ملیارد دۆلارەو خەرجییەكانی هەرێم 600 بۆ 700 ملیۆن دۆلارە مانگانە، نزیكەی 300 بۆ 400 ملیۆن دۆلار مانگانە دەمێنێتەوە".

ئەو پەرلەماتتارە ، كە سەرۆكی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستانە هەروەها دەڵێت" "300 ملیۆن دۆلار مانگانە بۆ بوژاندنەوەی ئابووری میلەتێكی 5 ملیۆن كەسی بەسە"، لەكاتێكدا "زیاتر لەسەدا 90 داهاتی هەرێمی كوردستان فرۆشتنی نەوتە".

كەواتە گرفتەكە لەكوێدایە؟ شێركۆ جەودەت لەو بارەوە دەڵێت: "كێشەكە لەنەبوون و كەمی داهاتدا نییە، داهاتی هەرێمی كوردستان زۆر زیاترە لەخەرجییەكانی، بەڵام كێشە لەنەبوونی شەفافییەت‌و وردبینی و بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵیدایە".

هـ ـ ح