ئەحمەد حاجی رەشید: پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق هەمان گیروگرفتی ساڵانی رابردووی بۆ كورد لەنێودایە

عیراق

31/10/2018‌ 447 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەحمەد حاجی رەشید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2019ی عێراق گەیشتووەتە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و لە دوای دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەن لە هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت.

ئەحمەد حاجی رەشید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی راگەیاندووە، پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2019ی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەیشتووەتە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و كۆپییەكی ئەو پڕۆژەیەی بەدەست گەیشتووە، دوای دیاریكردنی ئەندامانی لیژنەی دارایی لە خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران لە رۆژی 6ی مانگی داهاتوودا دەست بە گفتوگۆكردن و تاوتوێكرنی پڕۆژە یاساكە دەكەن.

بڕی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019 لە پڕۆژە یاساكەدا زیاتر لە 132 ترلیۆن دینار دیاری كراوە، هەروەها بڕی داهاتی عێراق بە 105 ترلیۆن دیاری كراوە كە بڕی 93 ترلیۆن دیناری داهاتی نەوتە و 12 ترلیۆن دیناری تری داهاتی تری ولاتەكەیە جگە لە نەوت، كورتهێنانیش گەیشتووەتە 26 ترلیۆن و 700 ملیار دینار.

ئەحمەد حاجی رەشید دەڵێت، "پڕۆژە یاساكە هەندێك كەموكوڕی لەنێودایە بەتایبەت ئەو پارێزگایانەی كە سەڵاحیاتیان بۆ نەگواستونەتەوە و پارەكانیان زۆر كەم دیارە، هەندێك پارێزگای تر كە سەڵاحیاتی هەشت وەزارەتی بۆ گواستراوەتەوە لەئێستادا بوودجەیەكی زۆر زەبەلاحی لەبەردەستدایە و ئەوەش لای پەرلەمانتاران روون نییە، هەروەها ئەو پارێزگایانەش كە بڕی پارەی پترۆدۆلاریان بۆ دانراوە لە پشكەكەیان رازی نین".

سەبارەت بە تێبینی كورد لەسەر پڕۆژە یاساكە و كەموكوڕییەكانی پڕۆژەكە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەحمەد حاجی رەشید وتی، "لە بارەی كوردەوە هەمان گیروگرفتەكانی ساڵانی رابردوو لەنێو پڕۆژە یاساكەدا هەیە و خوازیارین بتوانین بۆچوونی وەزیری دارایی وەربگرین تا بزانین ئەم پڕۆژە یاسایە بە رەزامەندی ئەوان هاتووە یان نەخێر ئاگایان لە پڕۆژەكە نییە، لەكاتێكدا ئەم پڕۆژە یاسایە پڕۆژەی یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانە و هەر بڕیارێك لەو ئەنجوومەنەوە دەدرێت هەموو وەزیرەكانی لەگەڵە".

راشیگەیاند، لە بودجەی ساڵی 2019ی عێراقدا پشكی كورد بە 12 ترلیۆن 670 ملیار دینار دیاریكراوە.

ئەحمەد حاجی رەشید رونیشیكردەوە، "گرفتێكی تریش پشكی پێشمەرگە تا ئێستا بەو شێوە مەتاتیەی هەیە ماوەتەوە، هەروەها پشكی كۆمپانیا نەوتییەكان بە 136 ملیار دانراوە كە ئەوەش پەیامێكمان دەداتێ‌ بەوەی كە ئەگەر نەوت رادەستی حكوومەتی ئیتیحادی بكرێتەوە پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان دەدەم، هەروەها حكوومەتی هەرێم پابەند دەكات بە هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە، بەڵام بڕگەیەكی تر زیادكراوە كە هەر زیادەیەك لەسەروو ئەوەوە بێت جارێكی تر دەبێت بگاتەوە خەزێنەی ئیتیحادی، ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێتەوە كە دەبێت هەردوو حكوومەتی هەرێم و ئیتیحادی بگەنە رێككەوتن".

بەپێی دواین ئاماری بانكی ناوەندی بڕی یەدەگی دراوی فیدراڵی 60 ملیار دۆلارە، ئەحمەد حاجی رەشید لەو بارەیەوە وتی، "ئەو یەدەگە جێگای خۆشحاڵییە، بەڵام گرفتێك هەیە، ئێمە یەدەگی نەختیمان زیادی كردووە، بەڵام لەهەمان كاتدا بڕی قەرزەكانیشمان زیادی كردووە، لەوە تێناگەم كە لەكاتێكدا یەدەگی نەختیمان زیاد دەكات لەهەمانكاتیشدا لەناو بوودجەدا بڕی زیاتر قەرز دەكرێت كە ئەوەش پێچەوانەی سیاسەتەكانی دارایی و سیاسەتی نەختییە".
ه.م