پشكی كورد لەبودجەی عێراق بە"مورەكەبی سەر كاغەز" ناودەبرێت

عیراق

03/11/2018‌ 647 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شوان داودی پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی نیشتمانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پشكی كورد لەبودجەی گشتی عێراق بەمورەكەبی سەر كاغەز ناودەبات.

شوان داودی لەمیانی لێدوانێك جەختیكردووەتەوە، كە ئیرادەی سیاسی لەعێراق، لەسەروو یاساو دەستوورەیەوە، بۆیە پشكی كورد لەبودجەی گشتی، تەنیا مورەكەبی سەر كاغەزەو ئەو یاسایە وەك خۆی جێبەجێناكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە كوردەی پێشووی عێراق جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە كێشە سیاسییەكان وای كردووە، یاساو دەستوور وەك خۆی جێبەجێنەكرێت، كە ئەوەش كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدای زیاتر كردووە.

داودی  نموونەی بەوە هێناوەتەوە، كە رێژەی 17% لەیاسای بودجەكانی ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016، جێگیركراوە، بەڵام لەو ساڵانەدا، هیچ لەپشكی هەرێم لەلایەن عێراقەوە نەنێراوە.

هەروەها باسی لەوەش كردووە، بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق پێویستە، لایەنەكانی هەرێمی كوردستان‌و عێراق رێككەوتنی سیاسی بكەن‌و لەدوای ئەوە پشكی هەرێمی كوردستان دیاریبكرێت .

ئەمە لەكاتێكدایە لەئێستادا پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019 لەئەنجوومەنی وەزیران پەسەندكراوەو رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران كراوە، بۆ ئەوەی پەسەندبكرێت,

بەپێی ناوەڕۆكی پرۆژەكە پشكی هەرێم لە 17% بۆ 12.67% كەمكراوەتەوەو ئەوەش ناڕەزایی لایەنە كوردییەكانی لێكەوتووەتەوەو داوای گۆڕانكاریكردن تێدا دەكەن.

هـ ـ ح