قوربانی شەڕی براكوژی.. نەوەی لەقلەقەكەی هەولێر گەڕایەوە

کوردستان

04/11/2018‌ 2617 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
نزیكەی شەست ساڵ دەبوو، جووتێك لەقلەق لەسەر منارەكەی مزگەوتی خانەقای شاری هەولێر هێلانەیان درووست كردبوو، ساڵانە لەگەڵ دەركەوتنی یەكەم هەورە تریقشەی بەهاریدا، دەگەڕانەوە سەر منارەی مزگەوتەكەی خانەقاو خەڵكی دەوربەری شوێنەكەش بە دەنگی بەرز دڵخۆشییان بە گەڕانەوەی لەقلەقەكان دەردەبڕی.

بەپێی وتەی هاووڵاتییەك، ئەم جووتە لەقلەقە لە ساڵانی سییەكانی رابردوو، لەسەر منارەی مزگەوتە كۆنەكەی خانەقا هێلانەیان چێكردبوو، بەڵام دوای ساڵی شەستەكان و دروستكردنی مزگەوتی نوێی خانەقا، ئەوا لەقلەقەكان هێلانەكەیان گواستەوە سەر منارەی مزگەوتە نوێیەكە، كە بەدووری بیست مەتر لە مزگەوتە كۆنەكە دامەزراوە، بەڵام منارەكەی بەرزترە.

هاووڵاتی محەمەد سدیق، تەمەن حەفتا ساڵ، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: "ئەم باڵندەیە پێكەوەژیانی لەگەڵ خەڵكی هەولێر هەڵبژاردووە، لە ساڵانی سییەكانەوە، جووتێك لەقلەق لەسەر منارەكەی مزگەوتە كۆنەكەی خانەقابوون‌و دوای دروستكردنی مزگەوتی خانەقا لەساڵانی شەستەكان، ئەوا جووتە لەقلەقەكە هێلانەكەیان بۆ سەر منارە نوێیەكە گواستەوە و جێگیربوون".

محەمەد سدیق وتیشی: "بەداخەوە لە ساڵی ١٩٩٦ لە كاتی شەڕی براكوژی، گوللـەیەك بە یەكێك لە لەقلەقەكان كەوت و مرداربووەوە، ئەوەی دیكەش هەولێری بەجێهێشت، بەڵام دوای ٢٢ ساڵ، نەوەیەكی لەقلەقەكە هاتووەتەوە سەر هێلانەكە و لێرە گیرساوەتەوە".

بەوتەی دوكاندارانی ئەو شوێنە، لەقلەقەكە هێلكەی پێیە و دەیەوێت لەناو هێلانەكەدا دایانبنێت و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەقلەقەكە دەیەوێت بە درێژایی تەمەنی لەم شوێنە بمێنێتەوە.

نێرە‌و مێیەی هەر حاجی لەقلەقێك بەیەكەوە لەهێلانەیەكدا دەژین، ئەگەر هەر كامێكیان نەمینێت، ئەوا لەقلەقەكەی دیكە تا مردن بە سەڵتی دەمێنێتەوە و ئامادەنییە لەگەڵ لەقلەقێكی دیكەدا جووت ببێت، بۆیە بە هێمای وەفا و خۆشەویستی ناسراوە.

ئەم باڵندانە، ٣٥ بۆ ٤٠ ساڵ دەژین، بەرزیان مەترێك و درێژی باڵەكانییان نزیكەی ٢ مەترە، دەنووك و قاچیان رەنگی سوورو سەر باڵەكانییان رەنگی رەشەو ٢ تا ٥ هێلكە دەكەن و بەنۆرە لەسەر هێلكەكان هەڵدەكورمێن.

لەقلەق، هەندێك جاریش پێی دەڵێن حاجی لەقلەق، چونكە ساڵانە هاوشێوەی حاجییەكان، بەهەمان رەنگ قەتارەی دەبەستن‌و لە چیاكان و زەلكاوەكاندا دەگەڕێنەوە بۆ سەر هێلانەكانییان بۆ جووتبوون و هێلكەكردن.