ئارامكۆ لەمەترسییەكی گەورەدایە.. هەواڵە مەترسیدارەكە لەواشنتۆن-ەوە گەیشت

جیهان

05/11/2018‌ 7847 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
هەواڵە مەترسیدارەكە لە واشنتۆنەوە گەیشت، كە 12 مەرج لە خۆی دەگرێت ، كۆمپانیای "ئارامكۆ" ش لەمەترسیدایە بەوەی دەكەوێتەر بەر بەزەیی موشەكەكانی ئێرانەوە، ئەم مەرجانەش مەترسیدارترین مەرجن، كە واشنتۆن بەسەر تاراندا دەیانسەپێنێت‌و ئێرانیش دەڵێت شەڕێكی بێهودەی  لەگەڵ ئەمریكا دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا 12 مەرجی ئاشكراكردن كە ئەمریكا‌ دەیەوێت بە مل ئێرانیاندا ‌بدات ، ئەگەر تاران بیەوێت  سزا دژوارەكانی لەسەر هەڵبگیرێن كە وا بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی ئایندە بكەونە بواری جێبەجێكردنەوه ، دەبێت ملكەچی مەر‌جەكان بێت‌.

تیمی بەردەوامیدانی بە پەیوەندییەكان سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە جریوەیەكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی "تویتەر" ووتی ئەو سزایانەی كەرتی نەوت و بانكەكان دەگرنەوە "ئامانجیان پاڵنانی ئێرانە تا وەك دەوڵەتێكی سرووشتی ڕەفتار بكات".

بە ناونیشانی ستراتیژیەتێكی تازە لە هەمبەر ئێراندا ، وەزارەتی دەرەوە لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا 12 داواكاری خستنەڕوو كە ئەمەریكای گەرەكیەتی بەسەر ئێراندا بیانسەپێنێت و لەمانەش:
ئاشكراكردنی ووردەكاری پرۆگرامە ئەتۆمییە سەربازییەكەی پێشووی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی.

وەستاندنی هەموو چالاكییەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم ، بەرهەمنەهێنانی پلۆتۆنیۆم  ، داخستی مەفاعیلی ئاوی قورسی "ئاراك" . 

ڕێگەدان بە شارەزایانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی كە بێ مەرج دەستیان بە هەموو پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران بگات لە ووڵاتدا.

كۆتاییهێنان بە بلاوكردنەوەی موشەكە بالستی و موشەكی هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی.

ئازادكردنی هاووڵاتییانی‌ ئەمریكی و دەوڵەتانی‌ هاوپەیمانیكە لە ئێران دەستگیر كراون.

كۆتاییهێنان بە پشتیوانی لە گروپە تیرۆرستییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە "حزبوڵای لوبنان، و حەماسی فەڵەستینی ، بزووتنەوە جیهاد" یشەوە.

ڕێزگرتن لە سەروەری حكومەتی عێراقی و ڕێگەدان بە چەكداماڵینی میلیشیاكان.

وەستاندنی پشتیوانی بۆ میلیشیا حوسییەكان و كاركردن بۆ یەكلاییكردنەوەیەكی سیاسی لە یەمەن.

كێشانەوەی هەموو هێزە ئێرانییەكان لە سوریا.

كۆتاییهێنان بە پاڵپشتیكردنی تاڵیبان و تیرۆرستەكانی دیكەی ناوچەكە و فەراهەمنەكردنی پەناگەیەكی ئارامیش بۆ سەركردەكانی قاعدە. 

كۆتاییهێنان بە پشتیوای فەیلەقی قودسی سەر بە پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی بۆ تیرۆرستەكانی جیهان.

هەڕەشەنەكردن لە هاوسێكانی بە موشەك و هێرشە سیبرانییە تێكدەرەكان( كۆنتڕۆڵكردنی تۆڕی ئەنتەرنێت لە لایەن حكومەتەكانەوە) ، هەڕەشەنەكردن لە كەشتیڕانی نێودەوڵەتی.

دۆناڵد تڕامپی‌ سەرۆكی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكیدا لە ڕۆژی هەینی ئێرانی خستە بەردەم بژاردەی نێوان گۆڕینی میتۆدی كاركردنی كە بە وێرانكەر وەسفی كرد ، یان ڕووبەرووبوونەوەی كارەساتیكی ئابووری ، ئەوەشی ڕوون كردەووە كە جوڵەی ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دژ بە ڕژێمە نەك دژ بە گەلی ئێرانی.

سەرۆكی ئەمریكا لە مایۆی ڕابردوو ڕاییگەیاندبوو كە لە ڕێككەتننامە ئەتۆمییەكەی واژۆكراوی ساڵی2015 كشاوەتەوە كە لە نێوان تاران و هێزە جیهانییەكاندا واژۆكرا و توانستە ئەتۆمییەكانی تارانیشی بە ئامانج گرتبوو  ، بۆیە ئەو سزایانەی دوبارە سەپاندنەوە كە پێشتر بە گوێرەی ڕێككەوتننامەكە هەڵپەسێردرابوون.

چەپكی یەكەمی سزاكان كە دووبارە لە ئۆگستۆسی ڕابردوو سەپێندرانەوە كەرتی ئۆتۆمبێلی ئیرانی و كەرتی بانكی بە ئامانج گرتبوو ، ئەمە جگە لەوەی‌ مامەڵەكردن بە ڕیاڵ و قەواڵەكانی (سندات)  ئێرانیشی دەگرتەوە. 

دووەم چەپكە سزاكانیش كە سەختر و دژوارترن ، كەرتەكانی نەوت ، بەندەرەكان ، باركردنی دەریایی ، گوێزەرەوەی ئاسمانی و دامەزراوە داراییەكان دەگرێتەوە.

هەڵوێستی ئێران لە بەرامبەر مەرجە ئەمریكییەكان
كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو مەرجانەی ئەمەریكای ڕەتكردوونەوە ، ووتیشی كە بە هەموو توانستی خۆیەوە شەڕ لە دژی دوژمنكاری ئەمەریكا دەكات ئەگەر ڕووبدات ، شكستێكی كەمەرشكێنیش تووشی سوپاسی ئەمریكی دەكات.

شارەزایانیش دەڵێن مەترسیدارترین كارێك‌ كە لە جیهاندا ڕووبدات ئەوەیە كە ئێران بە موشەكەكانی هێرش بكاتە‌ سەر كومپانیای ئارامكۆی سعودی‌ ، چونكە ئەم كارە دەبێتە هۆی كەمكردنەوە یەك لەسەر سێی  ووزەی نەوت لە جیهاندا ، ئەمەش لە 90 ساڵی ڕابردووە و تا ساتەوەختی ئێستا ، گەورەترین و مەترسیدارترین ڕووداو دەبێت كە ڕوو بدات.

هێرش و گورزێكی لەم جۆرە بۆ سەر كۆمپانیایی ئارامكۆی سعودی ، ڕیاز ناچار دەكات بەرهەمهێنانی نەوت لە رۆژێكدا بە ڕیژەی 11 ملیۆن و نیو بەرمیل كەم بكاتەوە ، چونكە گورزە موشەكییەكە كۆمپانیاكە دەسوتێنێت.