بڕیارەكەی ئەمەریكا دژ بەسەركردەكانی پەكەكە دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی پڕۆسەی ئاشتی لەتوركیا

کوردستان

10/11/2018‌ 1524 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەقسەی چالاكوانان، ‌هەنگاوەكانی ئەم دواییانەی ئەمەریكا دژ بەسەركردەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە بۆی هەیە شێوازی لێكدانەوەكان بۆ ئاشتی لەنێوان حكومەتی توركیا و كوردەكانی وڵاتەكە بگۆڕێت.

ڕۆژی سێشەممەی رابردوو ئەمەریكا خەڵاتی پارەی تەرخانكرد بۆ هەركەسێك زانیاری لەسەر سێ ڕێبەری باڵای پەكەكە ئاشكرابكات، ئەوانەش لەموراد قەریڵان، جەمیل بایك و دۆران كالكان پێكهاتبوون، ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

ئەم سێ سەركردە هەرسێكیان كەسایەتی كاریگەرن لە نێو شەڕی سی ساڵەی دژ بە لەشكری توركیا لە ناوچە كوردنشینەكانی توركیا، كە ڕاگەیاندنەكەی ڕۆژی سێشەممە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەئەنكەرە ڕاگەیاندرابوو پاش سەردانێكی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە ماتیو پلامەر بۆ توركیا.

ئەم هەنگاوەش ڕەنگە ببێتە هۆی باشكردنی پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی نێوان واشنتن و ئەنكەرەی هاوپەیمانی ناتۆ، كە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا لە مانگی ڕابردووەوە هەندێك باشبوونی بەخۆوەبینی پاش ئازادكردنی قەشەی ئەمەریكای ئەندرۆ برۆنسن لەلایەن توركیاوە، كە نزیكەی دوو ساڵ لە نێو زیندانەكانی توركیا بوو. 

لەئێستادا هەردوو وڵات سزاكانی سەر كاربەدەستانی حكومەتەیان هەڵگرت كە بەهۆی دۆسێی ئەندرۆ برونسن لە مانگی هەشت دانرابوون، بەڵام هەندێك لە گروپە سیاسییەكان لە توركیا پێیانوایە هەنگاوی ئەم دواییانەی ئەمەریكا دژ بە ڕێبەرانی پەكەكە زیان بە دەرفەتەكان بۆ ئاشتی لە توركیا دەگەیەنێت.

گران ئۆزجان نوێنەری هەدەپە لەویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەدەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند "دەستنیشانكردنی خەڵات بۆ زانیاری لەسەر ڕێبەرانی پەكەكە پشتیوانییەكی ڕوونە بۆ هەوڵەكانی لەشكری حكومەتی توركیا دژ بە كوردەكان."

لە ساڵی 2015 پرۆسەی ئاشتی دوو ساڵەی نێوان حكومەتی توركیا و پەكەكە شكستیهێنا، هەردوولا لە وتووێژدابوون بۆ كۆتایی‌هێنان بەو ناكۆكییانەی، كە بەهۆیانەوە هەزاران كەس لە توركیا كوژراون و زۆربەیان مەدنی بوون.

گران ئۆزجان راشیگەیاند "پڕۆسەی ئاشتی دەرفەتێكی ئێجگار باش بوو بۆ كۆتایی هێنان بە كوشتنی خەڵكانی سیڤیل، ئەمەریكاش پشتیوانی لەو پرۆسەیەی دەكرد، جا ئێمە داوا لە حكومەتی ئەمەریكا دەكەین باڵا دەستی خۆی بەكاربهێنێت و فشار بباتەوە بۆ توركیا تا بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ پەكەكە."

بەڵام عەمبەرین زەمان نووسەری تورك دەڵێت: كردنی ئەم كەسایەتییانە بە ئامانج "شتەكان بۆ پەكەكە بە گشتی سەختتر دەكات، كە هەوڵێكی زۆر دەكات تا شەرعییەت بە خۆی بدات و نێوی خۆی لە ڕێكخراوێكی تیرۆرستی دەربكات."

زەمان وتیشی: ڕووداوەكانی ئەم دواییانە زیانێكی زۆر بە پەكەكە دەگەیەنێت "ئەمە بە ڕوونی زیانێكی گەورەیە بۆیان لەو ڕوانگەیەوەی، كە ئەوان هەوڵیان داوە لە چاوی جیهانەوە وەكو ڕێكخراوێكی ڕێگەپێدراوی سیاسی لێیان بڕوانرێت."

زەمان هەروەها دەشڵێت: "هەوڵەكانی ئاشتی حكومەت لەلایەن ئەم هەنگاوەی ئەمەریكاوە زیانی پێناگات، چونكە سەرۆكی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پێشترەوە هەنگاوی توندی دژ بەهەدەپەی سەر بە كوردەكان دەستپێكردووە".

هەدەسە هێزەكانی سوپای سوریای دیموكراتن لەرۆژئاوای كوردستان‌و باكووری سوریا، كە ئەمریكا لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی داعش هاوكارییان دەكات‌و توركیاش بەمە نیگەرانە، چونكە ئەو هێزانە بەدرێژكراوەی پەكەكە دەزانێت.

ئەو لێكۆڵەرە ئەوەش دەڵێت: "پێم وابێت حكومەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕوونی بڕیاری ڕاگرتنی پرۆسەی ئاشتی داوە، هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ نەتەوەپەرستەكاندا توند دەكات و لە ئێستاوە ئەو نیشانانە دەركەوتوون."

هەرچەندە هەندێك لەچالاكوانە كوردەكان گرنگییەكی زۆر نادەن بە بڕیارەكەی ئەمەریكا، بەڵام هەندێكی تری وەكو هۆشەنگ ئوسێ شیكاری سیاسی كورد بنكە لە بوركسل لەو بڕوایەدایە ئەم دەستنیشانكردنە گۆڕانكارییەكی گەورەیە لەلایەن ئەمەریكاوە.

ئوسێ دەڵێت: "ئەمە هەنگاوێكی سیمبۆلیك نییە بۆ هێوركردنەوەی توركیا، بۆ ئەمەریكا كەم نییە، كە پارەی خۆی دابنێت بۆ دۆزینەوەی ڕێبەرانی پەكەكە، ئەمە بابەتێكی ڕژدە".

ئەو وتیشی: "مەبەستی ئەمەریكا بۆ درێژدەم چەككەردنی پەكەكەیە، كە ڕەنگە ئەمەش بە هەوڵێكی نوێ لێی بڕواندرێت بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە توركیا".

پێشتر وەزیری بەرگری توركیا خلوسی ئاكار ڕایگەیاندبوو، هەنگاوەكەی ئەمەریكا هەنگاوێكی پۆستیڤانە بوو و زۆرزۆریش درەنگ كەوتووە و داوای لە واشنتن كرد ڕێبازێكی هاوشێوە لەسەر یەپەگەی سوریاش بگرێتەبەر.

ئاكار لەوتووێژێكیدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی دەوڵەتی ئەنادۆڵ وتی: "ئێمە ناتوانین ئەمە قبوڵ بكەین، كە لەلایەكەوە خەڵات لەسەر زانیاری بۆ دەستگیركردنی ڕێبەرانی پەكەكە دانێن لەلایەكی تریشەوە كەرەستە و تەقەمەنی دەنێرن بۆ یەپەگە."

هەرچەندە توركیا ناڕازییە لە پشتیوانییەكانی ئەمەریكا بۆ یەپەگە لە شەڕی دژ بە داعش‌و یەپەگە بەبەشێكی جیانەبۆوە لە پەكەكە دەزانێت و هەتا ئێستا چەندین هێرشی كردۆتە سەریان لە سوریا، بەڵام جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ سوریا وتی: "هەڵوێستی ئێمە لەسەر پەكەكە ڕوونە، بەڵام ئێمە یەپەگە بە ڕێكخراوێكی تیرۆرستی نازانین و هەرگیز بە تیرۆرستمان دانەناون."

جێفری وتیشی "ئێمە لە نیگەرانییەكانی توركیا تێدەگەین، ئێمە لە نیگەرانییەكانیان لەمەڕ پەیوەندییەكانی پەكەكە و یەپەگە تێدەگەین، بۆیە زۆر زۆر بە وریاییەوە كار دەكەین، ئێمە توركیا ئاگادار دەكەینەوە لەوەی چی دەكەین و چی ناكەین."

بەڵام كاربەدەستانی توركیا سوورن لەسەر ئەوەی ئەم هەنگاوەی واشنتن بەس نیـیە هەتا ئەو كاتەی ئەمەریكا پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەپەگە تێك نەدات.