مستەفا قەرەسوو: دەبێت دژی بڕیارەكەی ئەمەریكا تێكۆشان بەهێزتر بكرێت

کوردستان

12/11/2018‌ 769 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایگەیاند، نەك تەنها كورد، بەڵكو دەبێت هەموو هێزە دیموكراسیخوازەكان و گەلانی لایەنگری ژیانی دیموكرات و ئازاد لە دژی ئەو بڕیارە بوەستنەوە و لەگەڵ كورد دا لە دژی ئەو بڕیارە تێكۆشان گەشتر بكەن.

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)لە وتارێكیدا لە رۆژنامەی یەنی ئۆزگیور پۆلیتیكا شیكاریی بۆ بڕیارەكەی ئەمەریكا لە دژی هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەریی كەجەكە جەمیل بایك، فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەل موراد قەرەیلان و ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە دوران كاڵكان كرد.

قەرەسوو لە سەرەتای وتارەكەیەدا نووسیویەتی، "دەبێت لەوە تێبگەین كە ئەو بڕیارە بۆ دەركراوە" و  لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، هۆكاری سەرەكی لایەنی ئایدۆلۆژی و سیاسی و ئابوورییە.

6ی ئەم مانگە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، خەڵات دەبەخشرێتە ئەو كەسانەی كە شوێنەی چەند سەركردەیەكی پەكەكەی بۆ ئاشكرادەكەن كە پێكهاتوون لە "موراد قەرەیلان، جەمیل بایك، دوران كاڵكان".

قەرەسوو ئاماژەی بە بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن كردووە و وتویەتی، "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا سیاسییەكی بازرگانە، لە بەرامبەر ئەو بڕیارەدا سوودێكی دەستكەوتووە، یان قازانجێكی دەست دەكەوێت".

راشیگەیاندووە، بڕیارەكە دژایەتیكردنی گەلی كوردە و لەو بارەیەوە نووسیویەتی، "نابێت بەڕێوەبەرانی ئەمەریكا وەك داگیركەرە پاكتاوكارەكانی توركیا بڵێن كورد جیاوازە، پەكەكە جیاوازە، هەموو دونیا دەزانێت ئەو قسەیەی دەوڵەتی تورك بۆ شاردنەوەی سیاسەتی پاكتاوكارانەیەتی لە دژی كورد، بۆ شاردنەوەی دوژمنایەتییەكەیەتی بەرامبەر لە گەلی كورد".

هەروەها دەڵێت، "بەهێزترین تێكۆشانی بزووتنەوەی دیموكراسی و ئازادیی كورد ئێستا بە پێشەنگایەتی پەكەكە بەڕێوەدەچێت، ئەگەر دەوڵەتی تورك بتوانێت پەكەكە پاكتاو بكات، ئەوە دیسانەوە دەستدەكاتەوە بە دوژمنایەتیكردنی بزووتنەوەیەكی دیكەی سیاسیی كورد، كە لە دژی تێبكۆشێت، چونكە دەوڵەتی تورك لەو دۆخەدا نییە كە بتوانێت وەڵامی داواكانی بزووتنەوەی سیاسیی كورد بداتەوە، تەنها كورد لە دژی یەكتر بەكاردەهێنێت".

مستەفا قەرەسوو ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەگەر ئەمەریكا دەڵێت پەكەكە جیاوازە، كورد جیاوازە، ئەوا نیشانی دەدات، كە عەقڵییەتی سیاسیی ئەو و دەوڵەتی تورك وەك یەكن، هەموو كەس دەزانێت كە دەسەڵاتی ئاكەپە – مەهەپە دوژمنی كوردانن".

ئەمەریكا بڕی 5 ملیۆن دۆلاری وەك پاداشت بۆ ئاشكراكردنی شوێنی موراد قەرەیلان و 4 ملیۆن دۆلار بۆ ئاشكراكردنی شوێنی جەمیل بایك و سێ ملیۆن دۆلاری بۆ ئاشكراكردنی شوێنی دوران كاڵكان تەرخانكردووە.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا هاتووە، "لە ساڵی 1997ەوە واشنتۆن پەكەكەی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی ناساندووە، لە ساڵی 2011ەشدا ئیدارەی ئەمەریكا پەكەكەی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی جیهانی ناساندووە".

رونیشیكردووەتەوە، "ئەمەریكا وەك پیلانگێڕییەكەی دژ بە رێبەر ئاپۆ پشتیوانی لە سیاسەتی پاكتاوكارانەی دەوڵەتی تورك دەكات، لەبەر ئەوەی توركیا پێشەنگایەتیی دوژمنایەتیكردنی كوردان دەكات، كەواتە ئەو بڕیارە لە دژی تێكۆشانی ژیانی دیموكراتیك و ئازادیی كوردانە لە هەموو پارچەكاندا و بڕیارێكە بۆ پشتیوانیكردن لە داگیركەران".

قەرەسوو دەشڵێت، "دەبێت گەلەكەمان لەو راستییە تێبگات و گوێ لە شرۆڤەی فریودەرانەكان نەگرێت و تێكۆشانەكەی بەهێزتر و گەشتر بكات، هەر نزیكایەتییەك، كە ئەو تێكۆشانە سست بكات سوودی بۆ داگیركەری پاكتاوكار دەبێت. دۆست و دوژمن لە كاتی لەمجۆرەدا دەردەكەون. هەڵوێستی هەموو حیزب و پارتە سیاسییەكانی كورد لە دژی ئەو بڕیارە گرنگە".

قەرەسوو ئەوەشی وت "دەبێت هەموو حیزبە كوردییەكان بە ئەمریكا بڵێن  تۆ مافی ئەوەت نییە كە بڕیار و هەڵوێستێكی لەو جۆرەت هەبێت، پشتیوانیكردن لە سیاسەتی پاكتاوكارانەی دەوڵەتی تورك دوژمنایەتیكردنی هەموو كوردانە".
ه.م