دیندار زێباری: بەهۆی بونی ژمارەیەکی زۆر لە مین وتەقەمەنی ٣٦٠ هەزارهاوڵاتی نەگەڕاونەتەوە شارەکە

کوردستان

13/11/2018‌ 298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت "بەشی هەرەزۆری دانیشتوانی‌ قه‌زاكه‌ ئاوارەن‌و لەکەمپەکاندا دەژین‌و بەهۆی وەرزی سەرما ژیانیان سەختتر دەبێت".‌

ئەمڕۆ سێ‌شەممە دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەحکومەتی هەرێم لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند "تا ئێستا شەنگال بەتەواوی لەو مین‌و تەقەمەنیانە پاک نەکراونەتەوە کە داعش لەدوای خۆی جێیهێشتون".

دیندار زێباری‌ ئاماژەی بەوەشداوە "دەبێت دامودەزگا شەرعی‌و هەڵبژێردراوەکانی شارەکە بگەڕێنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان‌و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بەخەڵکی ئەو شارەو دەوروبەری، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوەو دەست بەکارەکانی خۆیان بکەن".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەحکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا "پاکنەکردنەوەی ئەو ناوچانە کاریگەرییەکی زۆری بەسەر هاوڵاتیانی شنگال هەیە کە تا ئێستا بەشی هەرەزۆریان ئاوارەن‌و لەکەمپەکاندا دەژین‌و بەهۆی وەرزی سەرما ژیانیان سەختتر دەبێت‌و پێویستیان بەهاریکاری هەیە". 

ریکخەری‌ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەحکومەتی‌ هەرێم  ئەوەشی ئاشکرا کردوە "بەشیکی‌ زۆری‌ ئەو هاولاتییانەی‌ لەلایەن داعشەوە رفێنراون نەگەڕێنراونەتەوە، هەروەها نزیکەی‌ (٣٦٠,٠٠٠) لەدانیشتوانی‌ شەنگال ئاوارەو دەربەدەر بون".

دیندار زێباری وتوشیەتی "‌لەبەشێکی‌ دیکەی‌ بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووه‌، نەگەڕانەوەی دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال بۆتە هۆی دروستبونی بۆشاییەکی ئەمنی‌و ئیداری‌و کۆسپێکی گەورەی دروستکردووە لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی شارەکەو گەڕانەوەی خەڵکەکەی".
هـ ـ ر