دۆناڵد تڕەمپ ڕەخنە لە سەرۆکی فەرەنسا دەگرێت

جیهان

13/11/2018‌ 945 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا جاریکی دیکە رەخنە لە فەرەنسا دەگرێت و ڕایدەگەێنێت "با فەرەنسا مەزن بکەینەوە".

ئەمڕۆ سێ‌شەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا  لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر، رایگەیاند "پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و فەرەنسا نادادپەرەوانەیە، بەسوودی فەرەنسایە و پێویستە ئەوە بگۆڕدرێت".". 

دۆناڵد ترەمپ نمونەی بازرگانیی شەراب لەنێوان هەردوو وڵاتدا هێناوەتەوە و رەخنە لەوە گرتوە کە فەرەنسا "گومرگی زۆر" دەخاتە سەر شەرابی ئەمریکی، بەڵام گومرکی ئەمریکا لەسەر شەرابی فەرەنسیی "زۆر کەمە پێویستە ئەمە بگۆڕدرێت".

ترەمپ لە توویتێکی دیکەدا نووسیویەتی "ئاستی پەسەندی ئیمانوێل ماکرۆن لە وڵاتەکەیدا تەنیا لە 26%ـە و رێژەی بێکاریش نزیکەی 10%ـە". بەگوتەی ترەمپ، ماکرۆن دەیەوێت سەرنجەکان لەسەر ئەو بابەتانە دووربخاتەوە".

ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەوەی ماکرۆن لە یادکردنەوەی 100 ساڵەی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەمدا رەخنەی لە نەتەوەپەرستی گرتبوو، دۆناڵد ترەمپ نووسیویەتی "هیچ وڵاتێک هێندەی فەرەنسا وڵاتێکی نەتەوەپەرست نییە و خەڵکەکەشی زۆر شانازیی بە خۆیانەوە دەکەن". ئاماژەشی بەوەکردووە "بەڵام مافی خۆیانە شانازیش بکەن". 

لە گوتارێکدا لەبەردەم سەرکردەکانی جیهان لە پاریس،  وەک رەخنەگرتن لە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ لە بەرامبەر ئەوەی دەڵێت "یەکەمجار ئەمریکا"، ئیمانوێل ماکرۆن گوتی "نیشتمانپەروەری تەواو پێچەوانەی نەتەوەپەرستییە. نەتەوەپەرستی خیانەتە لە نیشتمانپەروەری".

وەک وەڵامی ئەو لێدوانە دۆناڵد ترەمپ درووشمی "با ئەمریکا مەزن بکەینەوە"ی گۆڕیوە بۆ فەرەنسا و نووسیویەتی "با فەرەنسا مەزن بکەینەوە". 

ترەمپ پێشتریش لەڕێگەی توویتەرەوە رەخنەی لە ئیمانوێل ماکرۆن گرتبوو بەوەی پێشنیازی پێکهێنانی سوپایەکی هاوبەشی ئەوروپی کردبوو، بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەو سوپایەوە، بەگوتەی ترەمپ "ئەوروپا خۆی لە بەرامبەر ئەمریکا، چین و رووسیا بپارێزێت".

هـ ـ ر