تەنیا 30% پۆستەكانیان پێدەدرێت
پارتی نایەوێت پۆستی هیچكام لەسەرۆكایەتییەكان بدات بەیەكێتی

کوردستان

15/11/2018‌ 8120 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكران نایەوێت هیچ كام لەپۆستەكانی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان بدات بەیەكێتی نیشتمانی‌و بەنیازە پشكی ئەو حیزبەش لەكابینەی نوێ‌، تەنیا 30% بێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، پارتی پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بۆ خۆی یەكلاكردووەتەوەو نێچیرڤان بارزانی-یش جێگری سەرۆكی پارتەكە بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان پارتی چاوی لەوەشە، كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ خۆی بێت‌و ئەو پۆستە نەدات بەیەكێتی نیشتمانی، كە ئەمەی دووەم دەیەوێت لەبەرانبەر پۆستی سەرۆكی حكومەت وەریبگرێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، پارتی لەبەرانبەر وەرگرتنی پۆستی هەردوو سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و حكومەت دەدات بەیەكێتی، لەگەڵ پۆستی چوار وەرزارەت، كە دوو لەوەزارەتەكان سیادی دەبن.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان-یش لەكابینەی داهاتوو بەشداری بكات، ئەوە پۆستی چوار وەزارەت دەدات بەو بزووتنەوەیە، بەبێ‌ ئەوەی هیچ كام لەوەزارەتەكان سیادی بن.

پێشتر فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات، لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، پارتی یەكێتی بەشەریكی خۆی دەزانێت، بەڵام ئەو حیزبە نابێت چاوەڕێ‌ بێت پۆستەكان بەپێی سیستەمی 50 بە 50 دابەش بكەن. 

ئەمە لەكاتێكدایە لە 30 ئەیلوولی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردسان بەرێوەچوو، كە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، پارتی بە بردنەوەی 45 كورسی پەرلەمانی پلەی یەكەمی هەیەو یەكێتی-یش 21 كورسی هەیەو پلەی دووەمی هەیە، هەرچی گۆڕان-ە، تەنیا 12 كورسی هەیەو پلەی سێیەمی گرتووە.

هـ ـ ح