ئەردۆغان جارێكی تر داوای راگرتنی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ یەپەگە لەترامپ دەكات

کوردستان

17/11/2018‌ 305 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا جارێكی تر داوای راگرتنی هاوكارییەكانی ئەمریكای بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە لەدۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەو وڵاتە كردەوە.

ئەو داواكارییەی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا بووە، كە شەوی رابردوو ئەنجامدراوەو پێشتریش چەند جارێك ئەو داواكارییەی خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، بەڵام رەتكراوەتەوە.

ئەمریكا لەساڵی 2014وە دەستی بەهاوكاریكردن بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە كردووە ئەوەش بۆ شەڕی داعش لەناوچەكانی سوریاو رۆژئاوای كوردستان، كە توركیا بەوە نیگەرانە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەكانی سەرۆكایەتی كۆماری توركیاوە وەرگیراون، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، ئەردۆغان و ترەمپ ئاڵوگۆڕی بۆچوونەكانیان لەبارەی پرسەكانی وەك لێكۆڵینەوەكانی پەیوەندیدار بەرێكخراوی بزووتنەوەی خزمەت لەئەمریكا، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسوریا و پەیوەندییە دووقۆڵییەكان كردووە.

ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ترەمپ كردووە بۆ ئەو كەسانەی، كە لە ئاگركەوتنەوەكەی دارستانێك لە ویلایەتی كالیفۆرنیا گیانیان لەدەستداوە. 

هەروەها ئەردۆغان و ترەمپ ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی، كە دەبێت تاوانی كوشتنی خاشقچی بەگشت رەھەندەكانییەوە ئاشكرا بكرێت‌و رێگا نەدرێت ئەو پرسە پەردەپۆش بكرێت. 

ھاوكات ھەردوو سەرۆك جەختیان لەسەر گرنگی ھەماھەنگی نزیكی ھەردوو وڵات لە پرسەكانی بەرەنگاربوونەوەی گشت رێكخراوە تیرۆریستییەكان كردەوە.

ھەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ خۆشحاڵی خۆیان لەبارەی دەستپێكردنی چالاكییەكانی دەورییەی ھاوبەشی نێوان سوپای توركیا و ئەمریكا لە چوارچێوەی نەخشە رێگای منبج دەربڕی.

ھەردوو سەرۆكەكە باسی ئەو پرسانەشیان كرد، كە لە كۆبوونەوەكانی فەڕەنسا تاوتوێیان لەسەر كرابوو، ھاوكات پێداگری ھەماھەنگی ھەردوو وڵاتیان لە گشت بوارەكان كردەوە.

هـ ـ ح