پێكهێنانی حكومەت.. پارتی دەمی یەكێتی‌و گۆڕان تاقیدەكاتەوە

کوردستان

17/11/2018‌ 420 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان دەكات، كە سەردانەكە بۆ تاقیكردنەوەی دەمی ئەو دوو لایەنەیە.

بەپێی میدیاكانی نزیك لەپارتی دیموكرات شاندەكە ئەمڕۆ شەممە سەردانەكە ئەنجامدەدات‌و ئامانجی سەردانی شاندەكە دەستپێكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆ ئەوەش دەیەوێت هەڵوێستی ئەو دوو لایەنە بزانێت.

ئەحمەد مایی، سكرتێری رۆژنامەڤانی مەكتەبی سیاسی پارتی بەكەناڵی رووداوی راگەیاندووە، شاندەكە لەسەعات 11:00 سەردانی یەكێتی‌و لەسەعات 12:00 سەردانی گۆڕان دەكات.

شاندەكەی پارتی پێكدێت لە "ئازاد بەرواری، مەحمود محەمەد، جەعفەر ئیمینكی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و هەریەك لەهێمن هەورامی، ئومێد سەباح، ئەندامانی سەركردایەتی پارتی".

بەپێكهاتەی شاندەكەی پارتی دیارە، كە كۆبوونەوەكە تەنیا راوێژكاری دەبێت‌و هیچ بڕیارێك لەكۆبوونەوەكان نادرێت، بەو پێیەی شاندەكەی پارتی لەئاستی زۆر باڵادا نییەو تەنیا لەچەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی پارتی پێكدێن، 

هـ ـ ح