10 ملیار دینار زیانی لافاوەكەی مانگی ڕابردوو بووە

کوردستان

17/11/2018‌ 269 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەمەبەستی قەرەبووکردنەوە، شاندێکی ئیدارەی ڕاپەڕین سەردانی نووسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد و ڕاپۆرتێکیان لەبارەی زیانەکانی لافاوەکەی کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ پێشکەشی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کرد.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە شاندێکی ئیدارەی ڕاپەڕین، کە پێکهاتبوون لە هەریەکە لە بەکر بایز، قائیمقامی شارۆچکەی پشدەر و نەهرۆ عەبدوڵا، بەڕێوبەری شارەدێی سەنگەسەر، سەردانی نووسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد و لەگەڵ هەریەکە لە ئەحمەدی حاجی ڕەشید و هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوە

 دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، هۆشیار عەبدوڵا  ڕایگەیاند "ئێمە پێشتر سەردانی ئەو ناوچانەمان کردووە، کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێگەیشتووە، داواشمان لە ئیدارەی ناوچەکە کرد، کە بە ڕاپۆرتێک زیانەکانمان بۆ دەستنیشان بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین لە پارەی تەرخانکراو بە ڕووداوە کتوپڕەکان، کار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بکەین".

هاوکات بەکر بایز، قائیمقامی پشدەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا باسی لە زیانەکانی لافاوەکە کرد و وتی "زیانەکان جۆراوجۆرە، هەندێکی بەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەک ڕێگاوبان، خوێندنگە، نەخۆشخانە، تۆڕەکانی ئاو و کەرتی کارەبا کەوتووە، کە بەشێکی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بەگوێرەی توانا نۆژەنیان کردووەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە لەسەر ئاستی موڵک و ماڵی هاوڵاتیانە".

قائیمقامی پشدەر  تێکڕای زیانەکانیشی بە 10ملیار دینار مەزەندە کرد و وتیشی "لەمڕۆوە ئێمە چاوەڕوانی نوێنەرانی کوردین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەوەی قەرەبووی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بکرێتەوە".

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی 26ی ئۆکتۆبەر لە ئەنجامی بارانێکی زۆر، لافاوێکی گەورە لە بناری قەندیل دروستبوو و لەکۆی پێنج ناوچە، زیانی زۆر بەر هەر سێ ناوچەی ناودەشت، سورە دێ، باڵەییان کەوت، کە هەر یەکە لە گوندەکانی قڕنەقاو، پرمەمکە، باراوە و بڕە دێ لە دۆڵی سورە دێ، لە ناودەشتیشدا گوندەکانی ئێندزێ، لێوژە، بۆکریسکان، زارگەلی، پردەشاڵ، گۆجاڕ، بەرگرکە، هەروەها لە دۆڵی باڵەیان تەواوی گوندەکانی گرتەوە.

ئەو زیانانەی کە بەر ئەو گوندانە کەوتن لە ئەنجامی لافاوەکە زۆرن، ڕێگاو بانە گشتییەکان و پردەکانی پەڕینەوە وێران و خاپور بوون، کە بەگشتیی 15 پرد وێران بوون، جگە لە پرۆژە و تۆڕەکانی ئاو، کە زیانەکە بووەتە هۆکاری نەمانی ئاوی نزیکەی 15گوند.
هـ ـ ر