بەرهەم ساڵح داوای پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتیمانی دەکات

عیراق

04/12/2018‌ 823 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، پێویستە حکومەتێکی نیشتمانی پیشەیی هاوسەنگ پێک بهێنرێت لە پێناوی بوژاندنەوەی وڵات و خۆ ئامادەکردن بۆ قۆناغی دوای رزگاربوون لە داعش.

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی پێشوازیکردنی لە شاندێکی گەورە بە سەرۆکایەتی فالح ئەلزیادی، پارێزگاری موسەنا و ئەحمەد مەنفی، پارێزگاری تازە هەڵبژێردراو و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکە و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەن و بەڕێوەبەرانی کارگێری و ئەمنی و خزمەتگوزاری پارێزگای موسەنا کۆبووەتەوە .
  
لە دیدارەکەدا کە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بەڕێوەچوو شاندەکە بارودۆخی ئێستای پارێزگاکە و ئەو کێشانەیان خستەرو کە پارێزگای موسەنا لە بوارەکانی  خزمەتگوزاری و  ژێرخانە ئابوورییەکەیەوە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، هاوکات سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە بەشە دارایی پارێزگاکە و تێکەڵ بوونی دەسەڵاتەکانیان باسکرد، گفتوگۆشکرا لە دەربارەی باری ژیان و گوزەرانی خەڵک لەو پارێزگایەدا.

بەرهەم ساڵح لە کۆبوونەوەکەد ئاماژەیکرد بۆ پێویستی رزگار بوون و خۆ قوتار کردن لە تونێلی تاریکی کێشمە کێشی سیاسییە بێ هودە و بێ ئەنجامەکان، لەو بارەیەوە رای گەیاند کە پێویستە تیشک بخرێتە سەر چاککردنی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێت بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کار و نەهێشتنی بێ کاری و لابردن و کەمکردنەوەی ئەو ستەم و بەشخوراوییەی روبەڕووی دەبنەوە  . 

بەرهەم ساڵح راشیگەیان، هیوادارە پارێزگای موسەنا لە بواری خزمەتگوزارییدا بایەخدانی زیاتر بە خۆوە ببینێت، لەو روەوە داوای هەماهەنگی زیاتری کرد لە نێوان حکومەتە خۆجێیه‌كان و دەسەڵاتی فیدراڵیدا بە تایبەتی لە  دۆسیەی گواستنەوەی دەسەڵاتەکان لە نێوان پارێزگاکاندا.
ە.م

بەپەلە