شارپرێس:
كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس له‌گه‌ڵ موفتی سوننه‌كانی عێراق، ناكۆكی نێو ماڵی سوننه‌كانی بۆ دیاریكردنی موفتیه‌كی نوێی گه‌رمكردووه.
قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس كه به‌وه ناسراوه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی پرسه هه‌ستیاره‌كانی عێراقه به‌سوودی لایه‌نه شیعه‌كانی نزیك له‌ئێران، گه‌رچی هه‌ر به‌وه‌وه نه‌وه‌ستاوه كه ڕۆڵی له‌پێكهێنانی حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی نوێی عێراقیشدا هه‌بێ، كه‌چی ئه‌مجاره ده‌یه‌وێت له دیاریكردنی موفتی سوننه‌كانیشدا ڕۆڵی هه‌بێت.
سێشه‌ممه‌ی ڕابردوو سوله‌یمانی له‌شاری به‌غدا سه‌ردانی مزگەوتی (ئوم تبولی) سوننەکانی کرد، لەگەڵ مەهدی سومەیدەعی موفتیی سوننەکان کۆبوه‌وه، كه به‌گوێره‌ی وته‌ی سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان، په‌یامی سوله‌یمانی له‌و سه‌ردانه‌دا ئه‌وه بووه، بۆ دانانی موفتی نوێی سوننه‌كان، له‌نێوان مه‌هدی سومه‌یده‌عی و عه‌بدوله‌تیف هه‌میم، ئێران سومه‌یده‌عی هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ڕۆژنامه‌ی عه‌ره‌بی جدید.
ڕۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، گه‌رچی هه‌فته‌ی ڕابردوو هه‌میم سه‌ردانی تارانی كردووه، له‌گه‌ڵ عه‌لی خامنه‌یی ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی كۆماری ئێسلامی ئێران كۆبووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێران بڕیاریداوه ده‌ستبه‌رداری ناوبراو ببێت، له‌به‌رامبه‌ردا پاڵپشتی له مه‌هدی سومه‌یده‌عی بكات.
ڕ . ج