وردەكاری هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ دروستكردنی "سوپای كوردستانی سوریا"

کوردستان

11/12/2018‌ 5057 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
"ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سوپای كوردستانی سوریا دروست دەكات"، ئەوەش ناونیشانی بەشی شەرقلئەوسەتی رۆژنامەی "ئۆراسیا دەیلی"یە، كە بڵاویكردووەتەوەو تێدا باسی رۆڵ و پاڵپشتی ئەمەریكا بۆ كوردەكانی سوریاو دروستكردنی ناوچەیەكی سنووری پارێزراو بەچەك دەكات.

راپۆرتە باسی ئەوە دەكات، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چالاكانە بەدوای بنەماكانی درێژكردنەوەی هەبوونی سەربازی خۆیەوەیەتی لە سوریا تا كاتێكی نا دیار، سیناریۆ ناسراوە ئەزموونكراوەكانی خۆی لە وڵاتان پەرە پێدەدات لەهاوبەشی كردن لە كێشەكەدا بەم شێوەیە، راهێنانی هێزە لۆكاڵییەكان لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو مەترسییەكانی تر.

لەراپۆرتەكەدا ئەوەش ئاشكراكراوە، كە ئەمریكا نزیكەی 35 – 40 هەزار جەنگاوەری بۆ خۆی دروستكردووە لە سوریا، دەسكەوتی لەم كارەدا تا ئێستا گەیشتووەتە رێژەی 20% خاكی ئەو وڵاتەو ئەمەش لەلایەن سەرۆكی دەستەی ئەركانی گشتی ئەمەریكاوە جنرال جۆزیف دانفورد لە 6ی دیسەمبەر و لەمیانی وتەیەكی گفتوگۆییدا راگەیەنرا، كە رۆژنامەی واشنتن پۆست رێكی خستبوو.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، ژمارەی ئەو چەكدارانەی راهێنراوو پرچەك كراون لەكەناری رووباری فورات نزیكەی نیوەیان لە ژێر ئاڵای عەرەبی –كوردی (هێزەكانی سوریای دیموكرات)دان، ژمارەی ئەمانە لە نێوان 60 بۆ 75 هەزار جەنگاوەردا دەبن.

لەراپۆرتەكەدا روونكراوەتەوە، تا ئێستا كوردستانی سوریا بوونی نییە و ئەوەی لە ئارادایە تەنیا  كەرەستەكان و نەخشە كارپێكراوەكان بۆ ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمەریكا و هەواڵگری سەربازی و راپۆرتە شیكارییەكان، كە ئامادە دەكرێت بۆ بەرپرسە سیاسییەكان لە واشنتن، بەڵام ئەمانە بەجدی كاری خۆیان دەكەن و هیچیشیان نییەتی ئەوەیان نییە بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵات دیمەشق، لە كۆبانییەوە تاكو تەنەف، لەهەمان كاتدا رەنگە پێشبینی ئەوەی تەنەف بخرێتە سەر كوردستانی سوریا زیادەڕۆییەكی زۆری تێدا بێت، چونكە تەنیا كوردێكی چەكداری تێدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا لەم دۆخەدا بەكارهێنانی چەمكی كوردستانی سوریا لەگۆڕینیدا بۆ ناوەندێكی قورس، خزمەتە بەهەبوونی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ ماوەیەكی درێژ لە ژێر ناونیشانی پەرتكەو زاڵ بە.

لە درێژەی نووسینی راپۆرتەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، ئەگەر سەركردایەتی هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا ئەم ئامانجە فراوانەی هەبێت لە پڕچەككردنی 40 هەزار جەنگاوەر لە رۆژهەڵاتی سوریا، ئەوا پەیامێكە بۆ سەرجەم وڵاتانی دەوروبەر و دیمەشق بەوەی هیچ كەسێك لەناوچەكەدا ناتوانێ سنوری سەپێنراو بكاتە دیفاكتۆ بە بێ جەنگ. لێرەدا پرسیارێك بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە، كە ئایا ئەمەریكا بە شێوەیەكی راستەخۆ بەشداری تێدا دەكات، بەڵام ئەزموونی كوردستانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كوردستانی سوریا كێشە بۆ دیمەشق و پایتەختە هەرێمایەتییەكان دروست دەكات لە ناوچەكەدا، كە هیچ كەمتر نییە لەوەی كوردستانی عێراق لەم سالانەی دواییەدا دروستیكرد.