فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق چەکدارانی داعش لە ناوجەرگەی سوریا بۆردومان دەکەن

عیراق

11/12/2018‌ 275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بە فەرمانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان، چەکدارانی داعش لەنێو خاکی سووریا بۆردووماندەکەن. 

ئەمڕۆ سێ‌شەممە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاندوە "لەسەر راسپاردەی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فڕۆکە F16ـەکانیان بەپێی زانیاری وردی هەواڵگری و نەهێشتنی تیرۆر چەکدارانی داعشیان لە ناوچەی سوسە لەنێو خاکی سووریا بۆردوومانکردووە".

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە "بۆردوومانی یەکەم بۆ سەر شوێنێک ئەنجامدراوە کە 30 داعشی تێیدابووە و بەنیازبوونە کۆبوونەوەیەکی گرنگی سەرکردەکانی تێیدا ئەنجامبدەن. هەروەها ئامانجی دووەم 14 چەکداری داعشی تێیدا بووە، کە پێیاندەگوترێت ئینغیماسی و فڕۆکەکانیش بەبێ هیچ زیانێک و بەسەلامەتی گەڕانەوە".

شارۆچکەی سووسە لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بەناوچەی ئەلبوکەمالە لە پارێزگای دێرزووری سووریا، کە ئەو ناوچەیە تاوەکو ئێستاش پێگەیەکی بەهێزی چەکدارانی داعشە.

هـ ـ ر