پرۆژەكەی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لەكابینەی نوێ‌ هەمان پرۆژەی بەشداریكردنییەتی لەكابینەی رابردوو

کوردستان

13/12/2018‌ 1355 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو پرۆژەیەی بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەیكردووەو بەنیازە لەسەر بنەمای ئەو پرۆژەیە، بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی پێبكات، هەمان پرۆژەیە لەكابینەی رابردوو بەشداری لەحكومەت كرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، ئەو پرۆژەیەی بەرپرسانی گۆڕان باس لەئامادەكردنی دەكەن بۆ بەشداریكردن لەحكومەت، هەمان پرۆژەی پێشووە، كە لەرێگەیەوە بەشدارییان لەكابینەی هەشتی رابردوویان پێكرد.

هەر بەپێی زانیارییەكان پرۆژەكە لەلایەن خودی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەكراوەو بزووتنەوەكەش دەیەوێت لەسەر بنەمای ئەو پرۆژەیە بەشداری لەكابینەی نوێ‌ بكات، كە مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی سەرۆكایەتی دەكات.

گۆڕان لەخولی چواری پەرلەمانی كوردستان 24 كورسی بەدەستهێناو بەشداری كابینەی هەشتی حكومەتی كردو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و پێنج وەزارەتی وەرگرت، بۆ خولی پێنجەمیش 12 كورسی بەدەستهێناوەو ئێستا دەیەوێت بەشداری بكاتەوە.

گۆڕان بۆ ئەو مەبەستە دوو گەڕی گفتوگۆی لەگەڵ پارتی دیموكرات وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كردووەو بڕیارە گفتوگۆكانیش بەردەوامبێت، كە بەرپرسانی بزووتنەوەكە، جەخت دەكەنەوە بەبێ‌ قبووڵكردنی پرۆژەكەیان ناچنە حكومەتی نوێ‌.

هـ ـ ح