سیخوڕێکی تورکیا: دەزگای هەواڵگری میت ٥٠ هەزار دۆلاری بۆ تیرۆرکردنی فەرماندەی هەسەدە تەرخانکردە

کوردستان

13/12/2018‌ 2921 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێکی ئەو شانە نهێنییە پەرەوەردەکراوەی دەستی میتی تورک، کە هەفتەی ڕابردوو لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکران، ئاشکرای دەکات لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ٥٠ هەزار دۆلاری بۆ پێشنیارکراوە تا فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات تیرۆر بکات.

هەفتەی ڕابردوو یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە بڵاویانکردەوە "هێزەکانیان ئەو شانە نهێنییەیان دەستگیرکردووە، کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی میتی تورکەوە پەروەردە کرابوون لە بواری دروستکردنی تەقەمەنی و کاری تیرۆرستیدا، ئەو شانەیە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆیان بەناوی 'بزووتنەوەی قیام' ناساندبوو دواتر ناوەکەیان بۆ 'جاکور' گۆڕابوو، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە لە ژێر چاودێریی وردی یەپەگەدابوون".

هاوکات ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار دانپێدانانی ئەو شانەیەی بڵاوکردەوە و  تێیدا باسی وردەکاریی کارەکان و راهێنانەکانیان دەکەن، لە بەشێکیدا ئەندامێکی ئەو شانەیە و وتویەتی "دەزگای هەواڵگری میتی تورک ٥٠ هەزار دۆلاری بۆ پێشنیارکردووە لە پێناو تیرۆرکردنی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە".

ئەو ئەندامەی شانە تیرۆرستییەکە باس لەوەش کردوە "دەستبەجێ پێشنیارەکەی قبوڵکردووە و تەقەمەنی پێویستی لە شاری جەرابلوسەوە بەدەست گەیشتووە، دواتر تەقەمەنییەکەی گواستووەتەوە بۆ شارۆچکەی عەین عیسا کە کۆبوونەوەیەکی فەرماندەکانی قەسەدەی تێدا بەڕێوەچووە، لەو ڕۆژەشدا هەوڵی تیرۆرکردنی فەرماندەکەیان داوە، بەڵام ئوتومبێلێکی پێشتر بەر تەقینەوەکە کەوتووە و شەڕڤانێک شەهید بووە و سیانی دیکەش برینداربوون، مەزڵوم عەبدی-ش هیچ زیانی بەرنەکەوتووە".

ئەوەش لە کاتێکدا ئەو شانەیە لە ئامادەکارییدابوون بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی لە کانتۆنی کۆبانی، هێزە تایبەتەکانی یەپەگە دەستگیرییانکردن و دانیان نا بەوەی لەژێر سەرپەرشتی میتی تورکی کاردەکەن.

هـ ـ ر