روسیاو چین بەمەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی دەزانرێت

جیهان

15/12/2018‌ 1132 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
لە دۆخێكدا ئەگەر چین و روسیا بتوانن كۆتایی بە هەژمونی ئەكەریكا بهێنن لە جیهان و سیستەمی جیهانی لە یەك جەمسەریەوە بگۆرن بۆ فرە جەمسەری، ئەنجامەكەی دەبێتە مایەی كارەساتی گەورە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.

بەم گوزارشتە نوسەری ئەمەریكی " تۆم رۆگان "كۆتایی بە وتارەكەی هێناوە لە ماڵپەری " Washington Examiner" ی ئەمەریكی.

بە گوێرەی قسەكانی رۆگان، جیهان ئێستا لە باشترین دۆخیدایە لەهەركاتێكی تر ئەمەش بەهۆی باشی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكاو سیاسەتەكانیەوەیەتی، بە شێوەیەك سەرمایەدارێتی ئەمەریكی ژیانێكی باشتری بە جیهان بەخشیوەو هاولاتیانی گەیاندۆتە ئاستی خۆشگوزەرانی بەبێ ئەوەی جەنگی بەرفراوان بەرپا بكات، سەرەرای ئەوەی سود لە تەكنەلۆجیا هاوچەرخەكەی وەردەگرن بەبێ هیچ كێشەیەك كە شایانی باسكردن بێت.

رۆگان رێرەوی سیاسی ویلایەتە یەكگرتوەكان بەراورد دەكات لەگەل هاوپەیمانەكانی و لەنێویاندا سعودیە، و رێرەوی سیاسی روسیاو چین بە هاوپەیمانەكەیان " فەنزویلا"، رۆگان لە وتارەكەیدا دەڵێ " ویلایەتە یەكگرتوەكان پایەندە بە بنەماكانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمایەتی و جیهانی، و ئێستاش دەیەوێ ئازارەكانی گەلی یەمەن كەم بكاتەوە". هەرچی سیاسەتی ستراتیژی ئەمەركایە لە بەرانبەر سعودیە وەها وەسفی دەكات كە بژاردەیەكی ئەخلاقیەو هاوسەنگیەكی رێك و پێك دادەنێت لە نێوان بەرژەوەندیەكان و سیاسەتی واقیعی ئێستا.

هەرچی روسیا و چینە، بە گوێرەی نوسینی رۆگان، بە ‌بێ منەتی لە پرەنسیبە مرۆڤایەتیەكان و مافی مرۆڤ خۆیان دەردەخەن، واها گوزارشت دەكات روسیاو چین گەلی فەنزویلی مهان نادەن بۆ رزگاربون لە دیكتاتۆر نیكۆلاس مادورو.

رۆگان پاساو بۆ قسەكانی دەهێنیتەوە و دەلێ " چین تەنها پێویستی بە نەوتی فەنزویلایە، روسیاش پێویستی بە هەژمونی كاراكاسە لە ئۆپیك لە پێناو نرخی نەوتدا". ئەگەر سەیری پۆتین و رابەری چین بكەین دەبینین دلخۆشن بە دیمەنی برسیتی خەڵك لە فەنزویلا بەمەرجێك مادورو پابەندی مەرجەكانیان بێت.

رۆگان داوا لە كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی دەكات دیدگایان هەبێت بۆ جیاوازی كردن لە نێوان واقیعیەتی روسی- چینی، ئاماژەش بەوە دەكات جیاوازیەكی زۆری جەوهەری لە نێوانیاندا هەیە.

لە كۆتاییشدا دەلێت " ئەگەر بێت و چین و روسیا لە كاتێكی دیاریكراودا جێگای واقیعی ئەمەریكی بگرنەوەو سیستەمی جیهانی ئێستا بگۆرن، ئەوا مرۆڤایەتی بە گشتی روبەروی كارەسات دەبێتەوە".