کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕوسی لە وەبەرهێنان لە ئێراندا پاشەکشەی کرد

جیهان

15/12/2018‌ 1051 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسە هەواڵییە ڕووسیەکان بڵاویانكرده‌وه‌، کۆمپانیای ڕۆسنەفت، کۆمپانیای زەبەلاحی نەوتی ئەو وڵاتە لە سەرمایە وەگەڕخستنی 30 ملیار دۆلاری لە ئێران پاشەکشەی کردووە، بەرپرسانی ئێرانیش هێشتاکە لەوبارەیەوە هیچ شتێکیان ڕانەگەیاندووە.

ڕۆژنامەی ڤیدمۆمسیتی Vedomosti مۆسکۆ هەواڵی دەرچوونی کۆمپانیای ڕۆسنەفتی لە ئێراندا بڵاوکردووەتەوە و نووسیویه‌تی، ئەم  کۆمپانیایە سیاسەتی خۆی لە بارەی وەگەڕخستنی پڕۆژەکانی لە ئێراندا گۆڕیوە.

ڕۆژنامەیە هەروەها دەڵێت، بڕیاردانی بۆ جێبەجێکرنی پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانیی ئێرانی هەبووە، بەڵام ئێستاکە لەم بڕیارە پاشگەز بووەتەوە.

ئیگۆر سیچین، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ڕۆسنەفتی ڕوسیا لەوبارەیەوە رایگه‌یاندووه‌،  ئەو هیوادار بووە ئەمریکا بۆ هەندێک لە کۆمپانیا هاوبەش و شەریکەکانی خۆی لە سزاکانی سەر‌ ئێران ببەخشێت، بەڵام ئەمریکا ئاوا جییاکارییەکی بۆ کۆمپانیا نەوتییە ڕوسییەکان لە نموونەی ڕۆسنەفتی نەکردووە.

ڕۆژنامەی ڤیدمۆستی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، کە بڕیارەکەی ڕۆسنەفت بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوەیە.

 ڕاگەیاندنەکانی ڕوسیاش دەڵێن، کە ڕوسیا هیچ بەڵێنێکی لەبارەی سەرمایەوەگەڕخستن و وەبەرهێنان بە ئێران نەداوە و هیچ زیانێکیشی بەوشێوەیە نەبینیوە.

بەپێی وتەی ئاژانسی سپۆتینگ، لە سەرەتای 2017دا ڕۆسنەفت و کۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی ئێران نەخشە ڕێگایەکیان بۆ جێبەجێکردنی پلانە ستراتیجییەکان لە بارەی دەرهێنانی نەوت و غاز لە خاکی وڵاتی ئێراندا واژوو کردبوو. 

هەر لەوکاتانەشدا بەڕێوبەری ڕۆسنەفت ڕایگەیاندبوو، کە ئەم کۆمپانیایەو کۆمپانیای نەوتی ئێران دەتوانن هەندێک پڕۆژە بە سەرمایە وەگەڕخستنی30ملیارد دۆلاری دەرهێنانی نزیکەی 55 ملیۆن تەن نەوت لە ساڵدا جێبەجێ بکەن.

بێدەنگی کاربەدەستانی ئێرانیش لەبارەی ئەم بڕیارەی ڕۆسنەفت لە ئێران پاش سێ ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی ڤیدمۆسیتییەوە ئاماژەی ڕاگەیاندنی لەم وڵاتەدا پێکراوە و تا ئێستاکەش هیچ کاردانەوەیان لەمبارەیەوە پیشاننەداوە. 

پێشتریش لۆک ئۆیل دووم کۆمپانیای بەرهەمهێنی نەوتی ڕوسیا لەم وڵاتە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە پاشەکشێی کردبوو.

ڕۆژنامەی تابناکی ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکات، نزیکبوونەوەی پەیوەندی ڕوسیا لەگەڵ سعودیا و بڕیاردانی کارکردنی کۆمپانیاکانی ڕوسیا لەگەڵ سعودیا بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لەگەڵ کۆمپانیای گەورەی ئارامکۆ LNG ئەم هەنگاوانەی سەبارەت بە ئێران ڕەنگە بەرهەمهێنابێت.

ڕوسیا کە دەوترێت وڵاتێکی دەرەوی ئۆپێکە، لەگەڵ ئۆپێکیشدا هاوکاری بواری نەوتی وغازیشی هەیە و وەزیری وزەی ڕوسیاش هاوکاری ڕوسیاو ئۆپێکی بە مێژووی ناو لێوە دەبات کە بە ئۆپێک پڵاس ناوی بردووە.

حوسەین کازمپوور، نوێنەری ئێران لە ئۆپێک بە کەناڵی نەوت و وزەی "شانا"ی وتوە، شێوازی هەڵسوکەوتی سعودیاو ئێران لە مێژوودا تۆمار دەکرێت و ئەو هەروەها ڕایگەیاندووە ڕوسیاو سعودیا بەزیادکردنی هەناردەی بەرهەمهێنانی نەوتی زیادە،  وڵاتەکەیان بەرەو پێشوازی سزاکانی یەکێک لە بەرهەمهێنارانی ئۆپێکدا چوون و جێیان گرتووەتەوە.
ه.م