قوباد تاڵەبانی یەكلاكەرەوەی ململانێی نێوان دوو ژنەكەی یەكێتی دەبێت

کوردستان

17/12/2018‌ 5240 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وا دیارە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی یەكلاییبووەتەوە، بەڵام پێدەچێت یەكلاكردنەوەی پۆستەكە لە نێوخۆی یەكێتیدا قورستر بێت لەو دانوستاندنەی حیزبەكە سەرۆكایەتی پەرلەمانی پێوەردەگرێت، بەو پێیەی زیاتر لە بەربژێرێك هەن، كە دەیانەوێت ببنە سەرۆكی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان.

هەریەك لەبێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق، ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی داوایان كردووە بكرێنە بەربژێری یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و رای زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتیش ئەوەیە كە ناوی ژنێك بدەنە پارتی. بەڵام گرفتەكە ئەوەیە هەردوو بەربژێرەكە لە دوو ئاراستەی جیاوازی نێو یەكێتین. رێواس فایەق، نزیك لە كۆسرەت رەسوڵ ناوی دەبرێ و بێگەرد تاڵەبانیش پاشناوەكەی دەڵێت پەسەندكراوی ماڵی تاڵەبانییە. 

عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت لەو كۆبوونەوە و دانیشتنانەدا بەشداری نەكردووە، كە باسوخواسی پۆستەكانی تێدا كراوە: "ناوی بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق هەیە، بەڵام ئەگەر كاك قوباد ئەو پۆستە وەربگرێ، ئەو دەبێتە بەربژێری یەكێتی".

 پێش دەستپێكردنی دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەت، ئەو حیزبە لەسەر زمانی گوتەبێژەكەیەوە رایگەیاند كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان مافی یەكێتییە. ئەوەش پەیامێك بوو بۆ ئەوەی پارتی و گۆڕان ئەو پۆستە نەبەنە سەرمێزی دانوستاندنی نێوانیان.

هەریەك لە بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق، بە تایبەتمەندییە جیاوازەكانی خۆیانەوە چوونەتە نێو ركابەرێتییەوە، هەوڵدەدەن پێش ئەوەی پرسەكە بچێتە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، لۆبییەكی باشی بۆ بكەن. بەڵام بەرپرسێكی یەكێتی كە لە باڵی دەستڕۆیشتوی یەكێتی نزیكە، پێیوایە بێگەرد تاڵەبانی، زۆرتر پابەندی بڕیارەكانی حیزبە و لە چوار ساڵی رابردوودا رۆڵی زۆرتری گێڕاوە :"لە بەشێك لە شاندەكانی دانوستاندنی یەكێتی لەگەڵ حیزبەكان ئەو ئەندام بووە و تەنانەت گۆڕانیش لە زۆر پرسدا رایان ئەرێنی بووە لەسەری. لەو دواییانەشدا رۆڵی چالاكی هەبوو لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بۆیە چانسەكە زۆرتر بۆ ئەوە و دوور نییە ببێتە یەكەمین ژن كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێ".

بەڵام بەهێزیی بێگەرد بە مانای لاوازیی رێواس فایەق نایەت لەنێو یەكێتیدا. چونكە رێواس جگە لەوەی دكتۆرای لە یاسادا هەیە، شارەزایەكی باشی كاری پەرلەمانییە و هەوڵیش دەدات نزیكایەتی لەگەڵ هەموو فراكسیۆنەكان هەبێت. 

لەو بارەوە رێواس فایەق بۆ هەفتەنامەی (رووداو)ی وتی، خۆی داوای لە یەكێتی كردووە ئەو پۆستەی بداتێت: "خۆم داوام كردووە، ماوەی پێنج ساڵ لە پەرلەمان بووم و ئەندامی سەركردایەتیم و تموحیشم هەیە، لەگەڵ زۆربەی هاوڕێكانم لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی قسەم كردووە، بەڵام وەڵامی هاوڕێكانم لەوبارەیەوە هەڵدەگرم بۆ كۆبوونەوەی سەركردایەتی".

رێواس رەتیدەكاتەوە یەكلاكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان لە نێوان ئەو و هەركەسێكی دیكەدا بدرێتە دەست فراكسیۆنی یەكێتی: "ئەوە تەنیا لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یان مەكتەبی سیاسی یەكلادەكرێتەوە".

بەڵام یەكێتی داشێكی بەهێزتری لەسەر شەترەنجەكە هەیە، كە بۆ هەردوو بەربژێرەكە قسەبڕە، ئەویش قوباد تاڵەبانییە. رێواس فایەق دەڵێت: كاك قوباد سەرۆكی لیستەكەمان بووە و زۆرترین دەنگی هێناوە: "ئەگەر كاك قوباد ئەو پۆستە وەربگرێ، لەهەموومان شایستەترە، بەڵام لە دەرەوەی كاك قوباد مافی ئەوەمان هەیە پێداگیری لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە بكەین".

قوباد تاڵەبانی، كوڕی دووەمی تاڵەبانییە و بە پێچەوانەی بافێڵی برایەوە، خۆی لە كاری حیزبی بەدوور دەگرێ، وەك بەرپرسێكی یەكێتی باسیكرد، ئەو زۆرتر حەزی لە كاروباری ئیداری و حكومەتە نەك حیزب و پەرلەمان: "پێموانییە كاك قوباد پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پەسەند بكات، هەرچەندە هێشتا خۆی بە روونی لەوبارەیەوە هیچی بەیەكێتی نەوتووە".

بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق، دوو لەو 24 بەربژێرەی نێو لیستی حیزبە جیاوازەكانن، كە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانیش خۆیان بەربژێر كردەوە و دەنگی پێویستیان بەدەستهێنا، ئێستا هەردوو بەربژێرەكە چاویان بڕیوەتە دەمی قوباد تاڵەبانی بۆ ئەوەی تێبگەن كە ئاخۆ لە ركابەرییەكی بێسوودی یەكتریدان، یان نا.

ئەگەر قوباد تاڵەبانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرنەگرێت و یەكێتی بێگەرد تاڵەبانی بۆ ئەو پۆستە یەكلابكاتەوە، ئەوكات كۆسرەت رەسوڵ، پێداگیریی دەكات لەسەر وەرگرتنی جێگری سەرۆكی حكومەت و دەیەوێ كەسێكی نزیك لەخۆی لەو پۆستەدا بێت، هەر بۆیە ئەوەش ئاڵۆزییەكان لە ئامادەكردنی بەربژێرانی یەكێتی بۆ پۆستە باڵاكان زۆرتر دەكات. ئەوەش وایكردووە درێژبوونەوەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، كۆمەك بە یەكێتی بكات بۆ ئەوەی بتوانێ لە نێو ئاراستە جیاوازەكانیدا بە كەمترین كێشە بێتە دەرەوە. 

قوباد تاڵەبانی بە(رووداو)ی راگەیاند: "تاوەكو ئێستا یەكێتی هیچ پۆستێكی بۆ من پێشنیاز نەكردووە و هەر پۆستێك یەكێتی داوام لێبكات رەتیناكەمەوە". بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی كەسە نزیكەكانی قوباد تاڵەبانی داویانەتە (رووداو)، ئەو پۆستە وەرناگرێ.

"كاك قوباد ناچێتە نێو ململانێی چوار ساڵی داهاتووی فراكسیۆنەكان و بۆ خۆشی تەنیا حەزی بەوەیە لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران درێژە بەكاری خۆی بدات". بەرپرسێكی یەكێتی نزیك لە قوباد تاڵەبانی وایوت.

هـ ـ ح