شارپرێس:
له‌پاڵ گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گفتوگۆی نێوخۆیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ مانه‌وه‌ی چه‌ند وه‌زیرێكی كابینه‌ی هه‌شت-ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌نێو كابینه‌ی نۆ ده‌ستیپێكردووه.
پارتی ئاسان ده‌ستبه‌رداری ئاشتی هه‌ورامی نابێت
هیچ وه‌زیرێكی نێو كابینه‌ی هه‌شت هێنده‌ی ئاشتی هه‌ورامی سه‌رنجی لایه‌نه سیاسی‌و میدیاكانی به‌لای خۆیدا ڕانه‌كێشاوه، ئه‌و كه ناونراوه "سندوقه ڕه‌شه‌كه"ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی شارپرێس، بەهۆی ئەوەی ئاشتی هەورامی هەندێک پرسی دیاریکراوی نهێنی نەوت و غازی لاماوەتەوە، ئەگەری ئەوەهەیە لەدوای پێکهێنانی حکومەت پارتب ئاسان دەستبەرداری نه‌بێت، بەتایبەت كه ناوبراو ئاگاداری ته‌واویی برێکی زۆر پارەیه کە بەشێوەی قەرز کەوتۆتە لای کۆمپانیاکان و هەندێک لە بەرپرسەکانی لای پارتی.
به‌گوێره‌ی وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی نێو پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌رچه‌نده نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم پشتگیری له ئاشتی هه‌ورامی ده‌كات، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ دانانه‌وه‌ی ناوبراو له‌پۆسته‌كه‌ی نییه، چونكه له‌نێو پارتیشدا تێبینی و سه‌رنج له‌سه‌ر ئاشتی هه‌ورامی دروستبووه.
ئاشتی هه‌ورامی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان ده‌باته شوقه‌یه‌كی له‌نده‌نه‌وه
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی شارپرێس، له‌ماوه‌ی ڕابردوودا ئاشتی هه‌ورامی له‌نێو شوقه‌كه‌ی خۆیه‌وه له‌شاری له‌نده‌ن، وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی به‌ڕێوه‌بردووه، چه‌ند جارێكی كه‌م نه‌بێت، نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه هه‌رێكی كوردستان.
له‌و ماوه‌ی ئاشتی هه‌ورامی له‌به‌ریتانیا بووه، هیچ كه‌سێك له‌كوردستان كاره‌كانی ئه‌وی ڕانه‌په‌ڕاندووه، ته‌نیا خۆی‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاگاداری دۆسیه‌ی نه‌وت بوون.
ئێستاش له‌سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆدا، گه‌ڕاوه‌ته‌وه هه‌رێمی كوردستان، له‌یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمیدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مریكا ده‌ركه‌وته‌وه.
نه‌جمه‌دین كه‌ریم بۆ وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان
به‌وپێیه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان به‌یه‌كێك له‌وه‌زاره‌ته گرنگه‌كانی نێو حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ژمارده‌كرێت، ئێستا هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن ئاخۆ كێ له‌چوارساڵی داهاتوودا دۆسیه‌ی نه‌وتی ده‌كه‌وێته ده‌ست.
سه‌رچاوه‌یه‌ك كه داوایكرد ناوی ئاشكرا نه‌كرێت، بۆ شارپرێس باسی له‌وه‌كرد، گه‌رچی تا ئێستا هیچ كه‌سێك به‌فه‌رمی بۆ وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان له‌كابینه‌ی نۆ كاندید نه‌كراوه، به‌ڵام ناوی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك بۆ ئه‌و پۆسته هێندراوه.
ئاشتی هه‌ورامی، ئه‌ندازیاری ئابووریی سه‌ربه‌خۆ
دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بڕیاریدا نه‌وتی هه‌رێم به‌سه‌ربه‌خۆ هه‌نارده‌ی توركیا بكات، له‌ژێر ناوی "ئابووری سه‌ربه‌خۆ" داهاتی مانگانه‌ی خۆی دابینكرد، ئه‌وكات ئاشتی هه‌ورامی به‌ئه‌ندازیاری ئه‌و پلانه نوێیه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ناوده‌برا، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌هۆی پلانی ئابووریی سه‌ربه‌خۆوه نه‌یتوانی مانگانه له‌كاتی خۆیدا موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابینبكات،
ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ده‌رنجامی پلانی ئابووری سه‌ربه‌خۆ به‌ده‌ستهاتووه، بریتییه له زیاتر له 40 ملیار دۆلار قه‌رزی سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم، كه بریتین له قه‌رزی كۆمپانیاكان، دۆڕاندنی كه‌یسی دادگای نێوده‌وڵه‌تی‌و پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.
هه‌ورامیی‌و پلانی فرۆشتنی كێڵگه نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم به توركیا
به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ویكیلیكس، ئاشتی هه‌ورامی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا له‌مانگی ئاداری ساڵی 2016 چه‌ند نامه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی ئاڵوگۆڕكردووه‌و داوایكردووه، به‌به‌های پێنج ملیار دۆلار ژماره‌یه‌ك كێڵگه‌ی نه‌وتیی هه‌رێمی كوردستان به توركیا بفرۆشێت.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئاشتی هه‌ورامی به‌گوێره‌ی ویكیلیكس به‌شێوه‌یه‌ك بووه، كه نه به‌غدا، نه له‌نێو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیشدا ئاگادارییه‌كی ئه‌وتۆ هه‌بووه، به‌ڵام سه‌ره‌نجام توركیا داواكه‌ی ئاشتی هه‌ورامی قبوڵنه‌كردووه.
به‌گوێره‌ی ویكیلیكس، داواكه‌ی ئاشتی هه‌ورامی له‌توركیا بۆ كڕینی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم، به‌مه‌به‌ستی دانه‌وه‌ی به‌شێكی ئه‌و قه‌رزانه بووه، كه له‌و كاته‌دا له‌سه‌ر هه‌رێم كه‌ڵه‌كه‌بوون.
په‌رله‌مانتارێك: دانانه‌وه‌ی ئاشتی هه‌ورامی كاره‌ساته
شێركۆ جه‌وده‌ت، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر هاوپه‌یمانی ئیسلاح، كه هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی بوه‌ته هێزێكی ئۆپۆزسیۆن له‌م خوله نوێیه په‌رله‌مان بۆ شارپرێس باسی له‌وه‌كرد، ئه‌وان نه‌ك متمانه به كابینه‌ی نوێ ناده‌ن، به‌ڵكو به "كاره‌سات"ی ده‌زانن ئه‌گه‌ر بێتوو پارتی بیر له‌دانانه‌وه‌ی ئاشتی هه‌ورامی له‌پۆسته‌كه‌ی بكاته‌وه.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كگرتوو ده‌شڵێ، ئه‌و به‌ته‌نها وه‌ك په‌رله‌مانتار داوای له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردوه، كه ئاشتی هه‌ورامی بانگهێشتی په‌رله‌مان بكرێت بۆ لێپرسینه‌وه، به‌ڵام داواكه‌ی په‌كخراوه.
ئاشتی هه‌ورامی و چیرۆكی دیارنه‌مانی كه‌شتیه نه‌وتییه‌كه
مانگی ئاداری ساڵی 2014 له‌كۆگا نه‌وتییه‌كانی توركیا، كه‌شتیه‌كی نه‌وتهه‌ڵگر یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێمی هه‌ڵگرتبو و به‌ره‌و ئه‌مریكا به‌ڕێكه‌وتبوو، كه به‌هاكه‌ی 100 ملیۆن دۆلار بوو له‌و كاته‌دا‌و كاتێك كه‌شتیه‌كه گه‌یشته به‌نده‌ری گالافسن، به‌هۆی داوایه‌كی یاسایی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقه‌وه ڕێگه به‌و كه‌شتیه نه‌وته نه‌درا له ئه‌مریكا به‌تاڵبكرێته‌وه، كاتێكیش ئه‌و كه‌شتیه نه‌وتییه له‌دواتردا به‌تاڵكرا، به‌هاكه‌ی خۆی له‌ده‌ستدا‌و به‌ڕێژه‌ی 60% نرخه‌كه‌ی پێشووی كه 100 ملیۆن دۆلاربوو له‌ده‌ستدا.
ڕ . ج