فراكسیۆنی گۆڕان هۆشداری لەنەگەیشتنە رێككەوتنی هەرێم‌و عێراق دەدات

عیراق

02/01/2019‌ 676 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان هۆشداری لەرێكنەكەوتنی هەولێرو بەغدا دەدات‌و رایگەیاند "ئەگەر ڕێكنەكەوتن هەرێم دووچاری قەیران دەبێت".

ئەو هەڵوێستەی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ چوار شەممە لەمیانی كۆبوونەوەیەكی عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەگەڵ ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بووە.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، جگە لە خستنەڕووی بەرنامەی كاری فراكسیۆنی گۆڕان، لەم خولەی پەرلەمان بۆ سیستمی حوكمڕانی‌و ڕێكخستنەوەی هێزی چەكدارو چاكسازی لە داهات و خەرجی و بەدامەزراوەیی كردنی نەوت، سەرۆكی فراكسیۆنی مەترسی ڕێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر بودجەی عێراق و پشكی كورد خستەڕوو.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، رایگەیاند ئەگەر بەغدا ١٤٪ بەشە بودجەی عێراق بداتە هەرێمی كوردستان بە پشكی پێشمەرگەو مافە داراییەكانی دیكەوە نزیكەی ١١ ترلیۆن دینار دەكات، بە چاكسازی لەداهات و خەرجیدا لەگەڵ ئەو ١٨٠ هەزار برمیلەی دەمێنێتەوە، جگە لە نەمانی گرفتی موچە، هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و خزمەتگوزاریشەوە دەبوژێتەوە.

هەروەها هۆشداریداوە لەئەگەری ڕێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا، هەرێم ناتوانێت تەنیا بەپشتبەستن بە فرۆشتنی نەوت موچە بەپاشكەوتیش دابین بكات، ئەو پارەیەش بەغدا بەبێ ڕادەستكردنی نەوت دەینێرێت ئەگەر پشتیوانی یاسای بودجەی نەبێت لەهەموو ساتێكدا ئەگەری بڕینی هەیە. 

لای خۆیشییەوە كونسوڵی گشتی ئەمریكا،بۆچونی وابوو، گرنگە چاكسازی لە گەشت بوارەكتاندا بكرێت، پەیوەندیەكانی حكومەتی ناوەندو هەرێمی كوردستان باشتر بكرێت.

هـ ـ ح