پەرلەمانی عێراق دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا تاوتوێ دەکات

عیراق

06/01/2019‌ 898 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندام پەرلەمانێکی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕەشنووسێک بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراق بە کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی ئەم وڵاتە گەیشتووە.

موحەمەد بەلداوی، نوێنەری هاوپەیمانی بینا‌و لە پەرلەمانی عێراق لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، کۆمیسیۆنی مافدارێتی پەرلەمانی عێراق، ڕەشنووسی مولزەمکردنی حکومەتی بەغدای بۆ دەرکردنی هەموو هێزە بیانییەکان لەم وڵاتە لە نموونە هێزەکانی ئەمریکای تەسلیمی کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان کردووە تا پێشەکییەک بۆ خستنە دەنگدانی لە پەرلەماندا بێت.

بەپێی هەواڵێکی سایتی هەواڵی "مەعلوومە"ی عێراق، بەلداوی وتویەتی، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراقدا و هەوڵدانی ئەمریکا بۆ دەرکردنی هێزە سەربازییەکانی لە سوریادا بەرەو ڕۆژئاوا و باکووری عێراق و دامەزراندنی بنکەی سەربازی زیاتر  لە عێراقدا، تەواوی فراکسیۆنەکانی عێراق حەزدەکەن ئەم یاسایە بەخێرا‌یی پەسەند بکرێت و هێزە ئەمریکییەکان لە عێراقدا دەربچن.

ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، بە دەربڕینی ئەوەی کە عێراق ناتوانێت سیاسەتی ناوچەیی و جیهانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا چیدی تەحەموول بکات، گووتییەوە، لادانی "جەیمیس مەتیۆس" وەزیری بەرگری ئەمریکاو نوێنەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم  بریت مەکگۆرک و ئاوا ڕووداوگەلێکی لەم چەشنە، نیشانەی سەرلێشێواوی ئاشکرای ئەمریکا ڵە ئیدارەدانی ناوچەکەیە.

ترەمپ لە 26ی مانگی دیسەمبردا بەبۆنەی ساڵی نوێی زاینییەوە، لەناکاو سەردانی عێراقی کرد و چاوی بەسەربازانی وڵاتەکەی لە عێراقدا کەوت، بێئەوەی هیچ دیدارێک لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا ئەنجامبدات.

نهێنی ئەم سەردانەو نەبوونی هەماهەنگی بۆ دیدارکردن لەگەڵ پلە باڵاکانی عێراقدا، تووڕەیی نوێنەرانی پەرلەمانی بەغدای بەدوادا بوو و ئەگەری دەرکردنی یاسای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقی زۆرتر کردووە.

زۆرینەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی2011دا لە عێراق دەرچوون. بەڵام هێشتاکە هەزاران کەس لەوان بەناونیشانی یارمەتیدانی ڕاوێژکاریانەی‌سەربازی و شکستدانی پاشماوەکانی داعش لە عێراقدا ماونەتەوە. 5200 کەس لە هێزەکانی ئەمریکا لە دیسەمبری 2017 لە عێراقدا ئامادە بوون و ئەمە کۆتا ئامارە کەوەزارەتی بەرگریی ئەمریکا(پنتاگۆن) بڵاوی کردووەتەوە.

ڕ . ج

بەپەلە