بەم نزیكانە ئاسمان پڕدەبێت لە "ئۆتۆمبێلی باڵادار"

جیهان

07/01/2019‌ 4282 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
دەیەها دامەزراوە لەجیهاندا كار لەسەر دروستكردنی ئۆتۆمبێلی باڵدار دەكەن، كە بە شەقامەكاندا بسوڕێنەوەو دواتر لەكاتی قەرەباڵغی هاتووچۆدا بەرزببنەوە بۆ ئاسمان‌و بفڕن.

كاتێك شەقامەكان بە هۆی هاتووچۆی ئۆتۆمبیلەكانەوە قەرەباڵغ دەبن، خەونی زۆر كەسە ‌ئۆتۆمبێلەكانیان بفڕن و بەخێرایی بگەنە شوێنی خۆیان، كە لەگەڵ پێشكەوتنی توانستە تەكنیكییەكان،  دیارە ئەو بیرۆكەیە تەنیا وەك خەون و خەیاڵێكی زاسنتی نامێنێتەوە ، بەڵكو خەریكە دەبێتە ڕاستی.

یەكێك لەو كۆمپانیایانەی ئەو بیرۆكەی لەبەرنامەدایە بۆ جێبەجێكردن كۆمپانیای ((ئین ئیف تی)) یە، كە بارەگاكەی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە و چاوەڕێی بەیەكگەیشتنی كەسە پێشەنگەكانی ئەو بوارە تەكنەلۆژییە دەكات لە پێشەنگای ((كۆنسیومر ئەلەكترۆنیك شۆ))، كە یەكێكە لە گرنگترین گردبوونەوە تەكنەلۆژییەكان و لە 8 بۆ 11 ی یەنایەری ئەمساڵ ساز دەكرێت.

غی كابلینسكی، یەكێك لە دامەزرێنەرانی كۆمپانیاكە دەڵێت: "پێم وایە بیرۆكەیەكمان هەیە وامان لێدەكات بتوانین ئۆتۆمبیلی فڕیوی هەرزان نرخ  دیزاین بكەین، ئەو ئۆتۆمبێلە فڕیوانەش بە نموونەیەكی ئۆتۆمبیلی فۆڕد دەچوێنێت، كە لە ساڵی 1908 بۆ یەكەمجار لە میژوودا دەركەوتن".

كابلینسكی نرخی ئەو ئۆتۆمبیلە فڕیوانە بە 50 هەزار دۆلار مەزەندە دەكات، كە خێرایییان دەگاتە 100 كیلۆمەتر لەسەعاتێكداو دەتوانن بەشێوەیەكی ستونی هەستن و بنیشنەوەو لە ئاسماندا خێرایەكەیان 500 كیلومەترە لەسەعاتێكداو بە گوێرەی پرۆگرامێكی میكانیكی دەڕۆن بەڕێوە.

لە پێناو كەمكردنەوەی نرخی تێچوونیشیان كۆمپانیاكە باشترین ئەندازیارانی ئەو بوارەی كۆكردووەتەوە بۆ دروستكردنی باشترین دیزاینی لەتوانادابوو، لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبیلیش لە هاریكاری و هەماهەنگیدایە. 

بەمەش كۆمپانیاكە دیزاینی ئۆتۆمبیلەكەی دەكەوێتە ئەستۆ و گەورە كۆمپانیاكانی دیكەش دروستی دەكەن، كە گرفتێكی بەكارهێنانی ئەو ئۆتۆمبیلە فڕیوانە هەر تەنیا تەكنیكی نییە، بەڵكو پەیوەستیشە بە بەربەستی یاساكاری، چونكە دەبێت چاوەڕێی دەركردنی ئەو یاسایانە بین، كە جوڵەی ئەو ئۆتۆمبیلانە ڕێكبخات.

مایك ڕامسی شرۆڤەكار لە كۆمەڵەی ((گارتنەر)) دەڵێت: سەخت و دژوارە 500 ئۆتۆمبیلی فڕیو بەسەر شارێكدا بفڕن، لەولاشەوە ئاماژە بەسوودەكانی ئەو سیستەمە چاوەڕوانكراوە دەكات، كە ئاسانكاری لە بوارە‌كانی فریاكەوتن و گواستنەوەی سەربازی دێنێتە ئاراوە.