دۆخى کەرکوک بەره‌و ئاڵۆزى دەڕوات
یه‌كێتی "تاكلایه‌نه‌ بڕیارده‌دات" و پارتیش "شیعه‌كان هانده‌دات"

عیراق

09/01/2019‌ 4214 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سارچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ كه‌ركوك رایگه‌یاند، دۆخی پارێزگای كه‌ركوك به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ش به‌هۆی "بڕیاری تاكلایه‌نه‌ی یه‌كێتی" بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گا حزبیه‌كانی له‌ شاره‌كه‌ و "هاندانی شیعه‌كانی عێراق له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌".

سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای به‌رپرس له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ كه‌ركوك له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ شارپرێس-ی راگه‌یاند، "ئێستا دوخى کەرکوک بەره‌ و ئاڵۆزى دەڕوات، ئەوەش بەهۆى ئەوەى تاکلایەنانە یەکێتى نیشتمانى بە بریارێک ئاڵاى کوردستانى لەسەر بنکەو بارەگا حزبییەکانى بەرز کردەوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "گرفتەکە ئەوەیە کە پارتى دیموكراتی كوردستان لە رێگەى هەندێک بەرپرسى بەغداوە هانی لایەنە شیعییەکان دەدات بۆ ئەوەى ئەوە قبوڵ نەکەن کە بە بریارى یەکێتى ئاڵاى کوردستان لە کەرکوک بەرزبکرێتەوە".

شه‌وی سێشه‌ممه‌ 8-1-2019 ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گا حزبییه‌كانی یه‌كێتی له‌ شاری كه‌ركوك هه‌ڵكرا، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی توندی لایه‌نه‌ شیعی و سونییه‌كانی لێكه‌وته‌وه‌، هاوكات پارێزگاری شاره‌كه‌ش راگه‌یه‌ندراوێكی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

به‌پێی وته‌ی هه‌ندێك له‌ چاودێران بڕیاری هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه‌ "وه‌ك نیشاندانی كارتێكی حزبییه‌ و یه‌كێتی ده‌یه‌وێت به‌كاریبهێنێت" له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 ه‌وه‌ دروستبووه‌ و تاوه‌كو ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

هه‌ندێك له‌ دانیشتوانی كه‌ركوك ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، كه‌ ئێستا ئاماده‌كاری باش هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گەر عێراق فشار بکات بۆ داگرتنی ئاڵای كوردستان، ئەوا خۆپیشاندان لەناو شار ئەنجامده‌درێت، بۆیە "ئەگەرى لێکەوتنەوەى توندوتیژى لەئارادایە".

سه‌رچاوه‌كه‌ی شارپرێس كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌ پێی باش نه‌بوو ناوی بوترێت وتیشی، "کارى پارتى ئێستا هاندانى عادل عەبدولمەهدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقە بۆ ئەوەى ئەوە قبوڵ نەکات و لە رێگەى نوێنەرەکانى پاتییەوە پێیان راگەیاندوە، ئەوەى لە کەرکوک روودەدات ئیحراجى بۆ پارتى دروست کردوەو ئێمە قبوڵى ناکەین حکومەتى عێراق بەرامبەر بەم کارەى یەکێتى بێدەنگ بێت".

زانیاریه‌كانی شارپرێس ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئەگەر یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن ئه‌وا "ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌غدا هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی شارى کەرکوک بکات".

هاوكات هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی پارێزگاكه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ره‌وشه‌كه‌ ئارامبكرێته‌وه‌ و كار نەگاتە ئەوەى هێز لە دژى یەکتر بەکاربهێنن.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ش راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانی له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه‌ لەسەر بارەگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکوک بە موزایەدەی سیاسی ناوبرد و داوای ناردنی هێزی زیاتر لە بەغداوە بۆ شارەکە كرد. 

جبوری داوای لە بەرپرسانی یەکێتی كرد، ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای حیزبەکەیان لە کەرکووک داگرنە خوارەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و رایگه‌یاند، "ئەوەی روویداوە و خوانەخواستە روودەدات لە ئەستۆی ئەوانە".

ه.م