کەجەکە: عەفرین لەدەستی داگیرکەران ڕزگار دەکەین

کوردستان

17/01/2019‌ 436 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆما چڤاکی کوردستان ڕایدەگەێنێت "هەر بەرپرسیارییەک بۆ زرگارکردنی عەفرین لە داگیرکەری بکەوێتە سەرشانمان جێبەجێی بکەین".

بە نزیکبوونەوە لە تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر داگیرکردنی عەفریندا، هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەشڵێت "گەل عەفرین ڕزگار دەکات".


هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە ڕایگەیاندوە "ساڵیادی هێرشکردنە سەر عەفرینە، دەوڵەتی تورک ئامانجی لە هێرشکردنە سەر عەفرین بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی دیموکراتی و سیستمی ئازادیخوازانەی ژنان بوو، گەلی عەفرین لە دژی ئەو داگیرکەرییە پاکتاوکارانەیە فیدایانە بەرگریی کرد و ٣٠٠ ژن و منداڵ و بە تەمەن و ١٠٠٠ هەزار شەهیدی بەخشی، ئەوانەی لەو بەرخودانەدا شەهید بوون بە ڕێزەوە یادیان بەرز ڕادەگرین، گەلی کورد ئەو داگیرکەرییە قڕکەرە هەرگیز لە یاد ناکات و عەفرین لە داگیرکەران ڕزگار دەکات".


"لە ٩٠٪ وە، ئێستا عەفرین ١٥ بۆ ٢٠٪ کوردی تێدایە"
هەروەها هاتووە: عەفرین و هەموو ناوچەکانی بە تەواوی شاری کوردانن، دەوڵەتی تورک بە داگیرکەرییەکەی سەدان هەزار کەسی ناچارکرد، کە لە عەفرین کۆچ بکەن، لە گوندەکان، ناوچەکان و ناوەندەی عەفرین چەتەکان و ئەو بنەماڵانەی سەر بە تورکیان نیشتەجێ کراون، ئەو کوردانەی، کە خواستیان لە عەفرین بمێننەوە بە گوشار و زۆرداری دەیان ڕفێنن، چەندین ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ڕایانگەیاند، لە عەفرین بە گوشار و زۆر و ئەشکەنجە کورد لە شوێن و زێدی خۆی دەسڕدرێتەوە و عەفرین لە کورد چۆڵ دەکرێت، ئێستا دەوڵەتی تورک بە بەر چاوی جیهانییانەوە بونیادی دیمۆگرافیای عەفرین دەگۆڕێت و تاوانی جینۆساید ئەنجام دەدات، عەفرین سەدا ٩٥ی کوردە، ئێستا تەنها سەدا ١٥ بۆ ٢٠ کوردی تیادا ماوە، ئەو ڕاستییە نیشانی دەدات، کە لە عەفرین تاوانی جینۆساید ئەنجام دراوە".


"نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکا و ڕوسیا هاندەری تورکیا بوون"
کەجەکە ڕایگەیاندووە:"کاتێک دەوڵەتی تورک بە فڕۆکە، تانک و تۆپ ژن، منداڵ و بە تەمەنەکانی دەکوشت، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکا و ڕوسیا تەنها لە بەرامبەر ئەو داگیرکەری و پاکتاوکارییەدا سەیرکەربوون، ئەوانە بە هەڵوێستەکەیان ڕێگایان بۆ داگیرکەرییەکە خۆشکرد و هاندەری داگیرکەرییەکە بوون، ڕووسیا بە کردنەوەی ئاسمان لە پێش هەمووانەوە بووە هاوکاری ئەو تاوانە و جینۆسایدە".


"ئەوەی بووە هۆی ئەوە، داگیرکەرییەکە ڕووبدات کردنەوەی ئاسمان بوو لەلایەن ڕوسیاوە بۆ فڕۆکە و کۆپتەرەکانی دەوڵەتی تورک، ڕوسیا بە سەودا و مامەڵەیەکی گەنیو و بۆ ئەوەی چەتەکان لە غوتە و دەورووبەری بکاتە دەرەوە، عەفرینی کردە سەودا و مامەڵە لەگەڵ تورکیادا، ئێستا بەشێکی زۆری ئەوانەی لە عەفرین نیشتەجێ کراون، ئەو چەتانە و بنەماڵەکانیان، کە لە غوتەوە براونەتە عەفرین، تورکیا لە ناوچەکان و گوندەکانی سەر سنووری خۆیدا چەتەکانی سەر بە خۆی جێگیرکردووە، ئەو ناوچەیەیان لە ئێستاوە کردووەتە بەشێک لە تورکیا".


"تورکیا دوژمنی کورد و دیموکراسییە"
کەجەکە وەها بەردەوامیی بە ڕاگەیەندراوەکەی داوە:"تورکیا بە داگیرکردنی عەفرین دوژمنایەتیی خۆی بەرامبەر بە کوردان و دیموکراسی سەلماندەوە، جارێکیتر بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ئەوەی سەلماند، کە لە دژی بوونی کوردانە، لە دژی ژیانی ئازاد و دیموکراسییە، نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکو ئەوەی سەلماند لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوژمنی کوردان و دیموکراسییە، لە ناوەوە و دەرەوە، تورکیا بە دوو بابەت هەستیارە، یەکەمیان ئەوەیە، کە دوژمنایەتی بەرامبەر بە بوونی کوردان و ژیانی ئازاد دەکات و دووەمیان ئەوەیە، کە دوژمنایەتیی دیموکراسی دەکات، کاتێک چاوی بەوانە دەکەوێت هەر وەک نۆبەنێک کە چاوی بە پەڕۆی سوور کەوتبێت، دەست بە هێرش و پەلامار دەکات".
"ئەوەی لە عەفرین ئەنجامیان دا، دەیانەوێت لە منبج دووبارەی بکەنەوە"


هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە باکوری کوردستان هەموو ڕۆژێک هێرش دەکاتە سەر کوردان و هێزە دیموکراسییەکان، لە سەرتاسەری جیهاندا سیستمێکی فاشیستیی شاراوەی دروستکردووە، ئێستاش دەیەوێت هێرش بکاتە سەر سیستمی دیموکراتی لە منبج و باکوری سوریا، ئامانجی ئەوەیە، ئەو سیستمە دیموکراتییە، کە کورد، عەرەب، سوریانی و گەلانیتر پێکەوە دروستیان کردووە بسڕێتەوە و لە ناوی ببات و بۆ ئەوەش پلانی داگیرکردنی هەیە، هەر وەک ئەوەی لە عەفرین ئەنجامیداوە ئێستاش دەیەوێت چەتەکانی سەر بەخۆی لە ڕۆژئاوا و باکوری سوریا نیشتەجێ بکات و ئەو ناوچانە لە کورد چۆڵ بکات و سیستمێکی مەزهەبی و فاشیستیی دروست بکات، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بەو عەقڵییەت و سیاسەتەیانەوە سەلماندیان، کە نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکو لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرگری لە پاشکەوتویی دەکات، چونکە ئەوە دەبینێت، کە بە دیموکراتیبوونی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیستمە قڕکەر، داگیرکەر و دژ بەگەلانیان تێکدەشکێت، بۆ ئەوەش لەگەڵ پاشکەوتوخوازانی ناوچەکە و دوژمنانی دیموکراسی بووەتە هاوپەیمان".


هەر لەو بەیاننامەدا کە بەهۆی نزیکبووەنەوە لە ساڵێک بەسەر داگیرکردنی عەفریندا بڵاویان کردووەتەوە، کەجەکە دەڵێت:"ئەو چەتانە، کە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە پشتیوانییان لێدەکەن و ئەو سوریایەی کە دەیانەوێت دروستی بکەن، نیشانەی ئەوەیە، کە ئەو دەسەڵاتە نەک تەنها بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتیی مەترسی و هەڕەشەیە، تیکۆشان لە دژی ئەو فاشیزمە تێکۆشانە بۆ پاراستنی هەموو مرۆڤایەتی، تاوەکو فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تێکنەشکێنرێت، ئەستەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاشتی و ئارامی و دیموکراسی بەدی بێت، بۆ ئەوەش بەرخودانی کوردان لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە و لە دژی هێرشەکانیان بەرخودانی هەموو مرۆڤایەتییە، کورد لە باکوری کوردستان، لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لە ڕۆژئاوا و باکوری سوریا لە بریی هەموو مرۆڤایەتی لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تا دوا هەناسە خۆڕاگری دەکات".


"دەبێت هەموو کورد بۆ ڕزرگایی عەفرین داکۆکی و خۆڕاگری بکات"

کەجەکە ڕاشیگەیاندووە:"بەرخودانی عەفرین بەرخودانی شکۆ و کەرامەت و ناموسی هەموو کوردانە، عەفرین بەشێکە لە بەهەشتی کوردان، تاوەکو عەفرین لە داگیرکەری ڕزگار نەکرێت کورد لە هیچ شوێنێکدا ناتوانێت بە ئاسوودەیی پشوویەک بدات، ڕزگارکردنی عەفرین تەنها بەرپرسیاریی عەفرینییەکان و ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو بەرپرسیاریی هەموو کوردانە، هەموو کورد بۆ ڕزگاریی عەفرین چییان لە دەست بێت و چییان بکەوێتە سەر شان دەبێت ئەنجامی بدەن، پێویستە بە پێداگرییەوە بزووتنەوە سیاسییەکانی باکور، باشور، ڕۆژهەڵات و گەلان لە هەر چوارپارچە لەگەڵ ڕۆژەڤی عەفریندابن و عەفرین بکەنە ڕۆژەڤ، بۆ ڕزگارکردنی عەفرین دەبێت خۆیان بخەنە ژێر باری بەرپرسیارێتی و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن، بێگومان دەبێت تەنها خەون، ئامانج و ئامانجی ژیانی گەنجانی عەفرین ئەوە بێت، کە بۆ ڕزگاریی عەفرین بەشداری بەرخودان ببن.


"بۆ ڕزگارکردنی عەفرین هەر بەرپرسیارییەک بکەوێتە سەر شانمان ئەنجامی دەدەین"
لە کۆتاییدا کەجەکە ڕایگەیاندووە:"لە ساڵیادی هێرشی سەر عەفرین دا ئێمە سڵاو لەو بەرخودانە گەورە و شکۆمەندانەیە دەکەین، یادی شەهیدەکانمان بە منەتداری و ڕێزەوە بەرز ڕادەگرین، لە تێکۆشانی ڕزگاریی عەفرین دا هەر بەرپرسیارییەک بکەوێتە سەر شانمان ئەنجامی دەدەین، بە دڵنیاییەوە لەو بڕوایەداین، کە تێکۆشانی ڕزگاریی عەفرین سەردەکەوێت و لەسەر ئەو بنەمایەش، ئێمە بانگ دەکەین، کە لە دژی داگیرکەری تێکۆشان گەش دەکەین".
هـ ـ ر