محه‌مه‌د حه‌لبوسی لێدوانی جیاواز له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌دات

عیراق

04/02/2019‌ 1079 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، تا ئێستا عێراق پێویستی به‌ هه‌وڵه‌ سه‌ربازیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر.

محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ لە  پانێلێکدا له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ دیداری رافیدەین رایگه‌یاند، "عێراق هێشتا پێویستی به‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌ بیانییه‌كانه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، ده‌بێت‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پابه‌ندی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ بێت، كه‌ بۆ یارمه‌تیدانی عێراق له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ وڵاته‌كه‌مانی داوه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "په‌رله‌مانی عێراق به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كار بۆ زانینی ئاستی پێویستی عێراق به‌ هێزه‌ بیانییه‌كان ده‌كات".

ئه‌و وتانه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی له‌كاتێكدایه‌ حه‌سه‌ن كه‌عبی، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق داوای كردبوو كۆبونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی په‌رله‌مانی عێراپ له‌باره‌ی وته‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌نجامبدرێت، كه‌ رایگه‌یاندبوو، هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ عێراق ده‌مێننه‌وه‌ له‌وێوه‌ چاودێری ئێران ده‌كه‌ن.

دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئەمەریكا لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ  CBS NEWS ئەمریكی رایگەیاندبوو، ئەو هێزانەی وڵاتەكەی لە سوریاوە دەكشێنەوە دەچنە عێراق و لەبنكە سەربازییەكەی ئەمریكا دەمێننەوە و بەشێكیان لەوێوە دەگەڕێنەوە وڵات. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو، "یەكێك لەو هۆكارانەی دیكە ، كە دەمەوێت لە عێراق بمێنمەوە لەبەرئەوەیە دەمەوێت كەمێك چاودێری ئێران بكەین، چونكە ئێران كێشە راستەقینەكەیە".

هاوكات ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێرا لەكاردانەوەی وته‌كانی دۆناڵد تره‌مپ رایگەیاند "دۆناڵد تره‌مپ داوای ڕەزامەندی لەعێراق نەكردووە بۆ ئەوەی سوپای ئەمریكا لە عێراق چاودێری ئێران بكات".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمەریكییەكانی لە وڵاتەكەیدا بەپێی رێككەوتنێكی نێوان هەرد,و وڵات لە عێراق ماونەتەوە و كارێكی دیاریكراویان هەیە، كە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە لە ناوچەكەدا و "پێویستە لەسەریان بە ئەركەكانیانەوە پابەندبن".
ه.م