بەدوای رێككەوتندا دەگەرێت
ئەردۆغان لەهەڵوێستی هەڕەشەكردن لەناوچە كوردییەكان پاشەكشە دەكات

کوردستان

07/02/2019‌ 4633 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لەهەڵوێستی هەڕەشەكردن بۆ هێرشكردنە سەر ناوچە كوردییەكان لەرۆژئاوای كوردستان پاشەكشەی كردووەو بەدوای رێككەوتنێك لەگەڵ ئەمریكاو روسیا دەگەڕێت.

ئەردۆغان لەدواین دەركەوتنی رایگەیاند، ئەگەر بێت و جەنگاوەرە كوردەكان لەماوەی سێ هەفتەدا لەمەنبەج دەرنەچن، چاوەڕوانی كردنیان كۆتایی پێدێت، ئەمەش لەوتارێكێدا، كە لەبەرانبەر كوتلە پەرلەمانیەكەی داد و گەشەپێدان لەپەرلەمانی توركیا پێشكەشی كرد.

ئەردۆغان روونیكردەوە رەوشی ئێستای رۆژهەڵاتی فورات و مەنبەج لەكارە لەپێشینەكانی توركیایەو جەختیكردەوە، كە پێویستە ناوچەی ئارام لە سوریا، لەلایەن توركیاوە سەرپەرشتی بكرێت.

بەپێی سەرچاوەكان جگە لەلێدوانەكانی ئەردۆغان، هیچ هەڵكشانێكی توركیا بەرانبەر واشنتۆن بەدی ناكرێت، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە پشت بەپاڵپشتی روسیا دەبەستێت، بەتایبەتی كە دەیەوێت هەر رێكەوتێك لەگەڵ ئەمەریكا بكات هەمان رێكەوتنی جێگرەوەش ئەنجامبدات لەگەڵ روسیا.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، ئەنقەرە دەیەوێت چارەسەرێك بدۆزێتەوە، ئەوەیش خۆی لەگەڕانەوەی سەرجەم ئەو شوێنانە دەگرێتەوە، كە لە ژێر دەستی داعش و هێزە كورددا بووە بۆ دەستی رژێمی بەشار ئەسەد و بەرهەڵستكاری ئەمەش ناكات وەك پاڵپشتییەك بۆ یەكپارچەیی خاكی سوریا، كە ئەوە بەروونی پاشەكشەیە لەو هەڕەشانەی لەماوەی رابردوو دەیكرد.

دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا مانگی 12ی رابردوو بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەسوریاو رۆژئاوای كوردستاندا، كە راستەوخۆ دوای ئەو بڕیارە ئەردۆغان چەندین جار هەڕەشەی كرد بۆ هێرشكردنە سەر ئەو ناوچانەی بەدەست هێزە كوردییەكانەوەیە.

چاوێران سەریان لەهەڵوێستی پێچەوانەی بەرپرسە توركییەكان سوڕماوە، لە كاتێكدا ئەردۆغان هەڕەشەی ئەوە دەكرد دۆسیەی مەنبەج بە هێز چارەسەر دەكات، كەچی وتەبێژ بەناوی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ئیبراهیم كاڵن دەڵێت: وڵاتەكەی لەگەڵ روسیا گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن دەربارەی جێبەجێكردنی نەخشە رێگای تایبەت بەناوچەی مەنبەج بە گوێرەی رێكەوتنی نێوان ئەنقەرەو واشنتۆن.

لەلایەكی ترەوە ئەو چاودێرانە پرسیار دەكەن دەربارەی ئەوەی چۆن روسیا پایەندییەكانی جێبەجێناكات و واشنتۆن ئەنجامیان دەدات، بەوەی تاكو ئێستا هێزەكانی لەناوچەی كوردەكانەو پاڵپشتیان لێدەكات بەشێوەی ئاشكراو نهێنێ، واش دادەنێن قسە كردن لەسەر لێكتێگەیشتنی (روسی- توركی) دەربارەی مەنبەج ، هەوڵێكە بۆ وەبەرهێنانێك لەناكۆكی (روسی- ئەمەریكی)، یاخود وا خۆی دەربخات دەتوانێت مانۆر بكات، بەبێ ئەوەی هیچ كاریگەرییەكی راستەقینەی لەسەر زەوی هەبێت. 

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی توركیا ئاماژەی بەوە كردووە ئەمەریكا 150 بارهەڵگری ئۆتومبیلی زریپۆش و ئامێری هەڵكەندن و مۆلیدەی كارەبا، جگە لەبارهەڵگری داخراویش، كە ئەو بارهەڵگرانە لە رۆژی دوو شەممە لە رێگەی –سیمالكا- ەوە چووەتە ناو خاكی سوریا، بۆ شەرڤانانی كورد ناردووە.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، تا رادەیەكی زۆر، توركەكان شكستیان هێناوە لەیاركردن لە نێوان ئەمەریكاو روسیا، بەپێچەوانەوە خۆیان خستووەتە نێو بازنەی روسیاوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی روسیا یاریكەرێكی وردی نێو دۆسییەی سوریایە، ئەوەشی بە تەنازول دادەنرێت بۆ ئەدرۆغان لەرۆژی دووشەممەدا بەرانبەر بە دیمەشق كاتێك، رایگەیاند حكومەتەكەی لەسەر ئاستێكی نزمی هەواڵگری پەیوەندییەكانی لەگەڵ رژێمی سوریادا ماوە.

هەروەها لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی –تی ئار تی- فەرمی، ئەردۆغان رایگەیاند: سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لەگەل سوریا لە ئاستێكی نزمدایە و دەزگاكانی هەواڵگری دەتوانن لەسەر ئەو پەیوەندییە بمێننەوە هەتا ئەگەر پەیوەندی نێوان سەركردەكانی هەردوولاش نەمابێت.

دان نان بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ رژێمی ئەسەد بابەتێكی دابڕاو نییە لە خۆلادانی توركیا لەو هەڵوێستانەی لە دۆسیەی سوریا و كۆمەڵەكانی ئیسلامی  سیاسی هەیبوو لەهەمان كاتدا ببووە مایەی ئەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی  ناجێگیر بكات و مەیلی ئەردۆغان وەك سوڵتانی عوسمانی نوێ، كە دەیوست سوار ملی شەپۆلی ئیسلامی سیاسی ببێت و كۆنترۆڵی ناوچەكە بكات.

بەشێوەیەكی لەناكاو ئەنقەرە نامەیەی تایبەتی ئاراستەی قاهیرە كردەوە لەمیانی ناردنەوەی یەكێك لە داواكارەكانی تایبەت بە كێشەی ئیسلامییەكان‌و رەنگە بەم هەنگاوە بیەوێت بزانێت میسر چەندێ لەگەڵ خوڵگەی توركیادا دەخولێتەوە، بەڵام ئەم بابەتە لەبەردەوامبوونی هەڵمەتی توركیا بۆ سەر سعودیە لەكێشەی خاشقچیدا بە قورس دێتە پێش چاو.

سەرچاوەكانی نزیك لەئیخوان موسلمین باسی ئەوەیان كردووە توركیا گەنجێكی میسری بەناوی "محمد عبدالحفیز" لە خاكەكەی دەركردووە، كە فەرمانی لە سێدارەدانی هەیە، لە كێشەی داواكاری گشتی میسردا و چالاكوانان وێنەی "محمد"یان له فرۆكەخانەی ئەتاتوركدا بڵاوكردۆتەوە لە ‌كاتی دەركردنیدا لەو وڵاتە.

سەرچاوە: alarab.news