شارپرێس:
دوای تێپه‌ڕبوونی 20 ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، ڕێبه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) له‌ئۆپه‌راسیۆنێكی نێوده‌وڵه‌تیدا، تا ئێستاش هێزی ئه‌و له‌نێو زیندانه‌كه له دورگه‌ی ئیمڕاڵی ده‌توانێت بڕیارده‌ربێت له‌دانوستانی پارته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیا، یاخود به‌رده‌وامیدان به‌شه‌ڕ له‌دژی توركیا.
چۆنێتی ده‌ستگیركردنی ئۆجه‌لان تا ئێستاش یه‌كێكه له‌بابه‌ته مشتومڕاوییه‌كان، به‌ڵام نوێترین گێڕانه‌وه‌ی ساتی ده‌ستگیركردنی ئۆجه‌لان له‌كینیا، ئه‌مجاره له زاری ڕاوێژكارێكی پێشووی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی توركیایه، كه خۆی به‌شداریكردووه له‌پڕۆسه‌كه‌دا.
فڕۆكه‌یه‌ك هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی ئۆجه‌لان دروستده‌كرێت
حه‌سه‌ن ئۆشگوزار كه له‌ساڵانی كۆتایی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی توركیا بووه، یه‌كێك بووه له‌و كه‌سانه‌ی كه له‌تیمی ده‌ستگیركردنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان به‌شداربوو، بۆ یه‌كه‌مجار زانیاری له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ده‌ستگیركردنی ئۆجه‌لان ئاشكرا كرد‌و ڕایگه‌یاند، "پاش ئه‌وه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (میت) زانیاری ئه‌وه‌یان پێگه‌یشت، كه یۆنان فڕۆكه‌یه‌كی به‌كرێ گرتووه بۆ گواستنه‌وه‌ی ئۆجه‌لان له‌كینیاوه بۆ هۆڵه‌ندا، میت-یش ده‌ستیانكرد به‌دابینكردنی فڕۆكه‌یه‌ك له‌هه‌مان جۆر و له‌هه‌مان ڕه‌نگی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی كه بڕیاربوو ئۆجه‌لانی پێبگوازرێته‌وه بۆ هۆڵه‌ندا، بۆ ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌كه له‌ده‌ستگیكردنی ئۆجه‌لان به‌كاربهێنن".
حه‌سه‌ن ئۆشگوزار ڕایگه‌یاند، "دواتر میت به‌ئێمه‌یان وت پێویستیان به دۆكیۆمێنته له‌باره‌ی فڕۆكه‌یه‌كه‌وه، كه ده‌چێت بۆ ده‌زگیركردنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان‌و به‌ده‌ستگیركراوی ناوبراو ده‌گه‌ڕێنێته‌وه توركیا".
به‌وته‌ی ئۆشگوزار ئه‌وان له‌توركیا فڕۆكه‌یه‌كی له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌مان ده‌ست نه‌كه‌وت، ته‌نها له‌لای سه‌رمایه‌دارێكی توركی ئه‌و فڕۆكه‌یه هه‌بوو، بۆیه هه‌واڵگری توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌دا گه‌یشته ڕێككه‌وتن‌و فڕۆكه‌كه‌ی به‌كرێ گرت، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌و سه‌رمایه‌داره بگوترێت فڕۆكه‌كه بۆ چ مه‌به‌ستێك به‌كارده‌هێندرێت.
له‌درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ستگیركردنی ئۆجه‌لان، حه‌سه‌ن ئۆشگوزار ده‌ڵێ، "دوای گرتنه‌به‌ری هه‌موو ڕێوشوێنه‌كان‌و گۆڕانكاری له‌شێوه‌ی فڕۆكه‌كه‌دا كه بۆ ئه‌وه‌ی له‌فڕۆكه ڕاسته‌قینه‌كه بچێت كه ئۆجه‌لان ده‌گوازێته‌وه، ئه‌و فڕۆكه‌یه توركیای جێهێشت‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا چوار بۆ پێنح ئه‌ندامی میتی تیادا بوو".
به‌ناوی بازرگانیی مۆزه‌وه چون بۆ ده‌ستگیركردنی ئۆجه‌لان
فڕۆكه‌وانه‌كان نازانن بۆ چ گه‌شتێكی پڕ مه‌ترسی ده‌چن، كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌هه‌ر ساتێك‌دا كاره‌كه‌یان له‌لایه‌ن هه‌ندێك وڵاته‌وه ئاشكراببێ، كه به‌ئاسمانه‌كانیاندا گه‌شت ده‌كه‌ن، چونكه به‌وته‌ی حه‌سه‌ن "به‌فڕۆكه‌وانه‌كان ڕاگه‌یه‌ندرا ئه‌وان ده‌چنه میسر‌و پاشان ئۆگه‌ندا، زانیاریشمان سه‌باره‌ت به‌و گه‌شته نارد بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی، كه زانیارییه‌كان ساخته بوون و باس له‌وه‌ده‌كرا گه‌شته‌كه بۆ كۆمه‌ڵێك بازرگانی مۆزه، پاش ئه‌وه‌ی زانیاریمان پێگه‌یشت كه فڕۆكه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ده‌بوو ئۆجه‌لان بگوازیته‌وه بۆ هۆڵه‌ندا، به‌ئاراسته‌ی كینیا ده‌ستی به‌گه‌شته‌كه‌ی كردوه، بۆیه فڕۆكه‌كه‌ی ئێمه دوو كاتژمێر به‌ر له‌گه‌یشتنی ئه‌و فڕۆكه ڕاسته‌قینه‌یه، گه‌یشته فڕۆكه‌خانه‌ی كینیا".
له 60 چركه‌دا هه‌موو شتێك كۆتاییهات
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پێشووی فڕۆكه‌وانی توركیا له‌باره‌ی ساته‌وه‌ختی چونی ئۆجه‌لان بۆ نێو فڕۆكه‌خانه ده‌ڵێ، ئۆجه‌لان به‌چوار ئۆتۆمبێل گه‌یشتووه‌ته فڕۆكه‌خانه، كه یه‌كه‌میان پۆلیسی كینیای تیادا بووه، دووه‌میان تیمی باڵیۆزخانه‌ی یۆنان، ئۆتۆمبێلی سیێه‌م ئۆجه‌لان خۆی تیادا بوه، چواره‌میش ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌ی تیادا بووه، ئۆجه‌لان به‌چاكه‌ت‌و پانتۆڵ‌و به‌بێ كێشه گه‌یشته فڕۆكه‌خانه كه هه‌ستی به‌هیچ گومانێكیش نه‌كرد.
كاره‌كه لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه له‌ماوه‌ی له‌ماوه‌ی 60 چركه‌دا ده‌رگای فڕۆكه‌كه كرایه‌وه‌و ئۆجه‌لان ڕفێندر، ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌ی سێ ئۆتۆمبێله یاوه‌ره‌كه بگه‌نه‌وه به‌ئۆجه‌لان ، فڕۆكه ساخته‌كه‌ی توركیا هه‌ڵفڕی‌و ئۆجه‌لانی به ده‌ستگیركراوی گه‌ڕانده‌وه بۆ توركیا".
هێشتا مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر فڕۆكه‌كه مابوون
ئۆشگوزار باس له‌وه‌ده‌كات، به‌ده‌ستگیركردتی ئۆجه‌لان هه‌موو شت كۆتایی نه‌هات، به‌ڵكو ترس هه‌بوو له‌وه‌ی كه ئاسمانی قوبرسیان به‌زاندووه، ببێته مایه‌ی مه‌ترسی بۆیان بۆیه قوبرس دوای زانیاریان له‌باره‌ی ئه‌و گه‌شته‌و فڕۆكه‌كه كرد، به‌ڵام میت كاتیان كوشت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی قوبرس تا فڕۆكه‌كه گه‌یشته ئاسمانی توركیا، ئینجا هه‌واڵگری توركیا زانیاری ناڕاستیان نارد بۆ به‌رپرسانی قوبرس".
پێشتر هه‌وڵی بێهۆشكردنی ئۆجه‌لان له‌ئارادابووه
به‌چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له ده‌ستگیركردنی ئۆجه‌لان، باڵیۆزی یۆنان له نایرۆبی پایته‌ختی كینیا ڕاپۆرتێكی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی پێده‌گات كه له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا داوا له‌باڵیۆز كراوه، ئۆجه‌لان كاتێك له‌نێو باڵه‌خانه‌ی باڵیۆزخانه‌ی یۆناندایه بێهۆشبكرێت‌و دوربخرێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی باڵیۆزخانه.
له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا ناوی ئۆجه‌لان وه‌ك "دایه گه‌وره" هاتووه كه ده‌قی فه‌رمانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یۆنان بۆ باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی له كینیا به‌مشێوه‌یه‌یه:"ئه‌گه‌ر پێویستیكرد ئه‌وا دایه گه‌وره به‌زۆر فڕێبده‌نه ده‌ره‌وه".
ڕ . ج