12 تۆڕ و هاوپەیمانی لە عێراق داوای ئازادكردنی چالاكوانانی دهۆك دەكەن

عیراق

16/02/2019‌ 1134 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
12 تۆڕ و هاوپەیمانی لە عێراق رایده‌ گه‌یه‌نن، زیاتر له‌ 18 رۆژه‌ ژماره‌یه‌ك چالاكوانی مه‌ده‌نی له‌ پارێزگای دهۆك له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی پارێزگاكه‌وه‌ ده‌ستگیركراون. 

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا 12 تۆڕ و هاوپەیمانی لە عێراق داوای ئازادكردنی چالاكوانانی مەدەنی دهۆك دەكەن و رایانگه‌یادووه‌، لە سەروبەندی ڕووداوەكانی شیلادزێ، هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای دهۆك چەند چالاكوانێكیان لە 27-1-2019، بە بیانووی هەوڵدان بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندانی پشگیری كردن لە داواكانی خەڵكی سیڤیلی شیلادزێ دەستگیركردووە و تا ئێستاش لە زیندانن.

ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌، "ناكرێت خەڵكی چالاكوان لەسەر نیەتی رێكخستنی خۆپیشاندان كە مافێكی دەستورییە و بە یاسا ئیقرار كراوە، دەستگیر بكرێن و بە مادەی 156ی یاسای سزادانی عیراقی ژمارە ( 111 ) ی ساڵی 1969 تۆمەتبار بكرێن و  دەستگیر بكرێن كە لە عیراق سزاكەی دەگاتە لە سێدارەدان و لە هەرێمی كورستانیش سزاكەی دەگاتە بەندكردنی هەتاهەتایە".

ئه‌و 12 تۆڕ و هاوپەیمانییه‌ لە عێراق راشیده‌گه‌یه‌نن، "ئێمە پێمانوایە نەك هەر هەموواری كەیسەكە بەو مادە یاساییە زیادەڕەوی تێدایە بەڵكو پێمان وایە خودی دەستگیركردنە پێشلكارییە بۆ مافێكی دەستووری كە بریتییە لە مافی رێكخستنی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی بە شێوەیەكی ئاشتیانە".

رونیشكراوه‌ته‌وه‌، داواكارن كە پێشێلی یاسا و ڕەشبگیری لەسەر ئازادی ڕادەربڕین ڕابگرن و دەست بەجێ تەواوی گیراوەكان ئازاد بكەن.

ناوی رێكخراو و هاوپه‌یمانیه‌كان له‌ عێراق

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنوسان
تۆری شەمس بۆ چاودێری هەلبژاردن 
تۆری دادپەروەری بەندیەكان 
هاوپەیمانی ئازادیەكان 
هاوبەندی راهێنەرانی مافەكانی مروڤ 
تۆڕی عیراق بۆ مافەكانی منداڵان 
تۆڕی هاوپەیمانی كەمایەتیەكان لە عێراق 
تۆڕی مرۆڤ بۆ پەرەپێدانی تەندروستیی و كاری مرۆیی
تۆری بەگژداچوونەوەی بارزگانی كردن بە مرۆڤ 
تۆری شەفافیەت بۆ پیشەسازی دەرهیندراوەكان 
هاوپەیمانی 1325 
تۆری ژنانی عێراق