شارپرێس هاوكات لەگەڵ ئامادەكارییەكانی ئیسرائیل بۆ هەڵدانی گالیسكەیەكی ئاسمانی، كە ئەو وڵاتە ئومێدەوارە بتوانێت ببێتە چوارەم دەوڵەت دەچێتە سەر مانگ . بەگوێرەی رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسڕائیل"، ئەو وڵاتە رۆژی هەینی ، گالیسكەكەی، كە ناوی " بیریشیت" ە ، كاتژمێر ٣:٤٥ خولەكی بەیانی ، بەكاتی رۆژهەڵاتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەكیپ كانافیرال ، لە ویلایەتی كالیفۆڕنیا هەڵدەدرێت ، كە كێشەكەی تەنیا ١٦٠ كگم دەبێت . لەحاڵی بەسەركەوتووی هەڵدانی ئەو گالیسكەیەدا ، ئەوە دەبێتە بچووكترین و هەرزانترین گالیسكە ، كە لەسەر ڕووی مانگ نیشتووەتەوە. تێكرای خەرجی گالیسكەی " بیریشیت " دەگاتە ١٠٠ ملیۆن دۆلار ، كە پڕۆژەیەكی هاوبەشە لەنیوان كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی " سبیس ئیل " و " ئیسڕائیل ئایرۆسبیس ئیندەرستریز" ە ، پارەكەی لەلایەن جولەكە دەوڵەمەندە ناسراوەكانی جیهانەوە دابین كراوە . گالیسكەی " بیریشیت" لەگەشتەكەیدا بۆ سەر مانگ ، ئەركەكەی بریتی دەبێت لە پێوانی كێڵگە كارۆموگناتیسییەكانی سەر مانگ ، ئەو زانیارییانەش كە بەدەستی دەهێنێت ، دەگوازێتەوە بۆ پەیمانگای " وایزمان " ، تاوەكو زانایان لێكۆڵینەوە لە چۆنێتی درووستبوونی مانگ بكەن پیش ملیۆنان ساڵ . گالیسكەكە دەتوانێت تەنیا ٣ رۆژ زانیارییەكان بگوازێتەوە بۆ پەیمانگای وایزمان ، چونكە دوای ئەو ماوەیە تیشكی خۆر ، بەشێك لە پیكهاتەكانی ئەو گالیسكەیە دەتوینێتەوە و ئەركەكەی لەسەر مانگ كۆتایی دێت . دوكتۆر عوفر دورون ، بەڕێوەبەری گشتی بەشی ئاسمانی لە كۆمپانیای " ئیسرائیل ئایرۆسیبس ئیندارستریز" پێیوایە " بەشی سەرنجراكیشی ئەو پرۆژەیە ئەوەیە كە وا لە منداڵی ئیسرائیلی بكات كە حەزی بچیتە تەكنەلۆژیا ، بۆ ئەوەی بەچاوی خۆیان ببینن كە دەتوانن هەموو شتێك بەدەست بهێنن " ، وە گوتوویەتی " ئەوە دەستكەوتێكی زانستیی گرنگە ، بەڵام دەستكەوتە فێركارییەكەی گرنگترە" . یەكەمجار گالیسكەكانی یەكییەتی سۆڤێت و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چوونە سەر مانگ ، دواتر چینیش چووە پاڵیان ، بەوەی ساڵی ٢٠١٣ لەڕیگای گالیسكەیەكی ئاسمانی بێ سەرنشین ، لەسەر مانگ نیشتەوە. وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی