ڕوسیا بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکی لە سەربازانی وڵاتەکەی قەدەغە کرد

جیهان

21/02/2019‌ 1235 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی ڕوسیا بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکیی لەکاتی خزمەت و ئەرکی سەربازیدا قەدەغە کرد.

دەنگدان لەسەر‌ ئەم پلانەش پاش ئەوە ئەنجامدرا، کە وا هەستدەکرا بەکارهێنانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی لەکاتی خزمەت و ئەرکی سەربازی لەم وڵاتەدا، هەندێک نیگەرانی لە دۆخی ئەمنیی لە وڵاتەکەدا بەدوای خۆیدا هێنابوو.

بەپێی ئەم یاسا پەسەندکراوە، کەسانی سەرباز مافی بەکارهێنانی ئەوموبایل وتابلێت و لاپتۆپانەی کە وێنەو ڤیدیۆ دەگرن و ئەنتەرنێت کار پێدەکەن-یان نابێت، تەنها ئەوانە نەبێت کە لەڕیزی موبایلی (عادی وئاسایی)ن.

هەروەها بەپێی ئەم یاسایە، کەسانی سەربازی چیتر بۆیان نییە لەبارەی سوپاوە هیچ شتێک بنووسن و لێدوان بۆ ڕۆژنامەنووسان بدەن، کە بەوتەی نوێنەرانی ئەم وڵاتە هەندێک نهێنی سەربازی زۆرجار بەهۆی سەربازانەوە دەدرکێنرێت.

لەگەڵ ئەمەشدا بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە دەشڵێن - بەهۆی بەکارهێنانی موبایلی سەربازانەوە ئامادەبوونی سەربازانی ڕوسیا لەڕۆژهەڵاتی ئۆکڕاین وسوریا ئاشکرا بووە، کە ئەمە لەخواستی حکومەتی ڕوسیاو بەرپرسانی هەرگیز نەبووە.

زیاتر لە400نوێنەر لە450نوێنەری ئەنجوومەنی دومای ڕوسیا بەم یاسایە دەنگیانداوە و چاوەڕوانیش دەکرێت - ڤلادمیر پۆتین- ی سەرۆکی وڵاتیش ئەم یاسایە پەسەند بکات.
هـ ـ ب