عێراق وەك گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئێران‌و ئەمریكا

عیراق

26/02/2019‌ 1168 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هیشام ئالهاشمی پسپۆڕی بواری ئەمنی، پێیوایە واشنتۆن زۆر گرنگی بەلێدوانە میدیاییەكانی عادل عەبدولمەهدی‌و بەرپرسانی تری عێراقی سەبارەت بەدەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق نادات .

دوای ئەو نارەزایەتی‌و نیگەرانییەی لەناو هێزە سیاسییەكان‌و شەقامی عێراقی پەیدا بوو سەبارەت بەلێدوانێكی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ چاودێریخستنە سەر ئێران، باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغدا لە ١٩ی شوبات لەڕوونكردنەوەیەكیدا بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بەهیچ جۆرێك نایەوێت شەڕ لەگەڵ ئێران بەرپا بكات، هەروەك باڵیۆزخانەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە هێزەكانی ئەمەریكا، بەهیچ جۆرێك نایەوێت ئاسمانی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر هیچ ئامانج و هیچ وڵاتێك بەكاربهێنێت.

لەو بارەیەوە هاشمی بۆ پێگەی "المسلە"ی عێراقی دەڵێت: ئەوەی واشنتۆن لەحكومەتی عەبدولمەهدی دەوێت ئەوەیە، كە بڕیار و ڕێوشوێنە كردارەكییەكانی حكومەتی بەغدا لەگەڵ ئەو سزایانەدا بێتەوە، كە واشنتۆن بەسەر تارانیدا سەپاندووە ، بەدەر لەوە لێدوانی میدیایی زۆر كار ناكاتە سەر هەڵوێستی ئەمەریكییەكان.

لێدوانی دۆناڵد ترامپ لە ٣ ی شوبات، كە تێیدا جەختی لەمانەوەی سەربازییانەی ئەمەریكا لە عێراق كردەوە ، تەنانەت باسی لەوەش كرد دەتوانرێت لەڕێگای خاكی عێراقەوە چاودێری ئێرانیش بكەن ، ئەمەش تووڕەیی و ناڕەزایەتییەكی زۆری هێزە سیاسییە عێراقییەكانی لێكەوتەوە، تەنانەت هەندێكەس وایان لێكدایەوە ئەمە بەمانای راگەیاندنی داگیركردنی وڵات دێت لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە.

 بەڵام جۆی هود هەڵسوڕێنەری كارەكانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغدا وتی: پیشتر ترامپ لێدوانیداوە، كە نایەوێت چیتر هێزەكانی ئەمەریكا لەهیچ شەڕێكی نوێ تێوە بگلێن"، ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە وتیشی: "بەهیچ جۆرێك ترامپ نایەوێت شەڕ لەگەڵ ئێران بەرپا بكات".

سەبارەت بەپرۆژەیایسای دەركردنی هێزە بیانییەكانیش لە عێراق ، هاشمی وتی: پرۆژەكە پەرلەمانی بۆ دوو بەرە دابەش كردووە ، بەرەیەكیان دژ بەو بڕیارەن، كە ئەوانیش كورد و سووننە و هەندێك لە كەمە نەتەوەكانن ، بەرەی لایەنگری پرۆژەكە، كە ئەوانیش خۆیان سێ بۆچوونی جیاوازیان لەسەر پرۆژەكە هەیە ، بەشێكیان داوای چوونەدەری سەرجەم هێزە بیانییەكان دەكەن ، بەشێكیان دوای كەمكردنەوەی هێزە بیانییەكان دەكەن، بەشێكیشیان تەنیا داوا دەكەن هێزە ئەمەریكییەكان لەعێراق بڕۆنە دەرەوە.

سەباح عتێلی، ئەندام پەرلەمان لەسەر لیستی سائیرون لەلێدوانێكیدا  بۆ پێگەی "المسلە" باسی لەوە كردووە، كە "داواكاری دەركردنی هێزە ئەمەریكییەكان زۆرینەی كوتلە سیاسیەكانی ناو پەرلەمانی عێراقی  یەك دەخات " ، هەروەك جەختی لەوە كردووەتەوە، كە دەركردنی هێزە ئەمەریكییەكان پێویستی بەوە هەیە، كە سەرەتا سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان ، روونكردنەوە بدات لەسەر قەبارەی جموجۆڵەكانی سوپای ئەمەریكا لەسەر خاكی عێراق و هۆكاری بوونی ئەو ژمارە زۆری سەربازی ئەمەریكیش لە وڵات ڕوون بكاتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی