ئێران ھەناردەکردنی چەند بەروبوومێکی سەوزە و میوە بۆ ھەرێم رادەگرێت

کوردستان

03/03/2019‌ 965 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆماری ئیسلامی ئێران ھەناردەکردنی چەند بەروبومێکی سەوزە و میوە بۆ ھەرێمی کوردستان رادەگرێت، ئەوەش کاردانەوەی لەسەر بازاڕ دروستکردووە و بۆ پڕ کردنەوەی بازاڕ پەنا بۆ تەماتەی خوارووی عێراق و تورکیا دەبرێت.

ماوەی 10 رۆژە بە بڕیاری ئەو وڵاتە، ھەناردەکردنی تەماتە لە ئێرانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان راگیراوە، لەئێستادا ئەو تەماتەیەی لە بازاڕەکاندا ھەیە تەماتەی ناوچەکانی خوارووی عێراق و تورکیا و وڵاتانی دەرەوەیە کە پێویستی بازاڕ پڕ دەکاتەوە.

لەنێو عەلوەی شاری سلێمانی چەندین جۆر بەروبوومی جۆراوجۆری سەوزە و میوە دەبینرێت کە ھەموو ئەو جۆرە بەروبوومانە ھی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانە و رۆژانە لە سنوورەکانەوە ھاوردە دەکرێن.

سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی عەلوەی سەندیکای سلێمانی به‌ ئه‌نادۆڵ-ی راگه‌یاند، "پێشتر و بە ھۆی دابەزینی بەھای دراوی ئێرانی تەماتە و سەوزە و میوەکانی تر بە نرخێکی ھەرزان دەگەیشتە دەستمان لە سلێمانی، بەجۆرێک نرخی یەک کیلۆ تەماتە بە 450 تا 500 دیناری عێراقی بوو، بەڵام ماوەی 10 رۆژە بە ھۆی قەدەغەکردنی ھەناردەکردنە دەرەوەی تەماتەی ئێرانی لە لایەن ئەو وڵاتەوە نرخی تەماتە لە عەلوە و بازاڕدا بۆ دووھێندە بەرزبووەتەوە و کاریگەری لەسەر بازاڕی کاسبکارانی عەلوەکەش کردووە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێران پێشتر ناوی چەند کاڵایەکی راگەیاند کە ھەناردەکردنیان بۆ دەرەوەی وڵاتەکە قەدەغە دەکات، ماوەی 10 رۆژە دەست بەجێبەکێکردنی ئەو بڕیارە کراوە و تەماتە و پەتاتە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان ناکرێت، ئەوەی ئێستا ھەیە تەماتەی خوارووی عێراقە لە بەسرەوە ھاوردە دەکرێت، بەڵام وەرزی ئەو تەماتەیەش بەرەو کۆتایی دەچێت و تا دوای نەورۆز ھەیە، دواتر پێویستە لە تورکیا و وڵاتانی تر لەنێویشیاندا ئۆکراینا کە لە بازاڕەکانی تورکیاوە ھاوردەی دەکەین پێداویستی بازاڕ پڕ بکەینەوە".

راشیگه‌یاند، "بڕیارەکە کاردانەوەی خۆی ھەبووە لەسەر بازاڕ، بە ھۆی ئەوەی تەماتە خواردنێکی سەرەکی رۆژانەی ھاووڵاتییانە و رۆژانە ھەزار تۆن تەماتە لە سنوورەکانی ئێرانەوە ھاوردە دەکرا و بە کەمتر لە 500 دینار دەگەیشتە دەستمان، بەڵام ئێستا نرخەکەی بە دووھێندە لە شوێنی ترەوە ھاوردە دەکەین".

بەروبوومی سەوزە و میوەی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان پێداویستی ھاووڵاتییان پڕ ناکاتەوە، بازرگانانی بوارەکە رۆژانە سەوزە و میوە لە زۆر وڵاتەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکەن بەتایبەت لە تورکیا و ئێرانەوە.

سەرۆکی لیژنەی عەلوەی سەندیکای سلێمانی لەو بارەیەوە وتی، "تەنھا لە مانگی رابردوودا و لە مەرزی سەیران بەن و لە ئێرانەوە چوار ھەزار و ٣٠٠ باری ئۆتۆمۆبێلی گەورە سەوزە و میوە ھێنراوەتە عەلوەی سلێمانی، جگە لەو بارانەی لە مەرزەکانی ترەوە ھاتووە، ھەروەھا لە تورکیاوە مانگانە زیاتر لە چوار ھەزار و ٥٠٠ باری ئۆتۆمۆبێلی گەورە کە ھەر ئۆتۆمۆبێلێک زیاتر لە ٢٥ تۆن ھەڵدەگرێت لە سەوزە و میوە بەتایبەت سێو و پرتەقاڵ و لالە و ھەنار و تەماتە ھاوردە دەکەین".