لێدانێكی كوشندە بۆ پرۆژە سەربازییەكەی توركیاو قەتەر

جیهان

09/03/2019‌ 7904 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمپانیای "ڕۆڵس ڕویس"ی بەریتانی لێدانێكی كوشندە و گەورەی ئاراستەی ئەو پڕۆژە توركییە كرد، كە لە هەوڵی بەرهەمهێنانی فڕۆكەیەكی شەڕكەردایە، ئەمەش دوای ئەوەی كۆمپانیاكە ڕایگەیاند چیدیكە بایەخ بە پەرەپێدانی   بزوێنەرە تایبەتەكەی فڕۆكە شەڕكەرەكەی توركیا نادات.

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی، لەزاری بەرپرسێكی گەورەوە لەكۆمپانیاكەوە بڵاویكردەوە، ئەو بەڕێوەبەرانەی بەرپرسن لەتەواوكردنی ئەو مامەڵەیە خەریكی جێبەجێكردنی كاروبارەكانی دیكەیانن، ئەمەش واتای ئەوەیە توركەكان دەبێت بەدوای كۆمپانیایەكی دیكەدا بگەڕێن بۆ دیزاینكردن‌و بەرهەمهێنانی بزوێنەرەكە.

پڕۆژەی فڕۆكەی "تی ئیف ئێكس" لە ناو جەرگەی پلانەكانی پیشەسازی توركیا دایە، كە سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی بەرزەفڕدا دەستپێكردنی ڕاگەیاند، وڵاتی قەتەریش پارەداركردنی ئەو پڕۆژە دەگرێتە ئەستۆ، ئەمەش لەڕێگەی ئەو هاوپەیمانییەی لەگەڵ دامەزراوەی "بی ئێم سی" دا هەیەتی، كە بزنسمانێكی توركی بە ناوی "عەزیم سنجاق" سەرۆكایەتی دەكات‌و نزیكە لە ئەردۆغانەوە و بە یەكێك لە دەوڵەمەندترین پیاوانی كاری توركی دادەنرێت.  

چەند سەرچاوەیەكیش لە كۆمپانیای "ڕۆڵس رویس" ئاشكرایانكرد، توركەكان داوای زانینی وردەكاری زۆری تایبەتیان كردبوو سەبارەت بەدروستكردنی ئەو جوڵێنەرە، ئەمەش زیان بەمافی موڵكدارییەتی تەكنەلۆجی تایبەت بەو جۆرە پیشەسازییە هەستیارانە دەگەیەنێت و پێچەوانەی سیاسەتی پەیڕەوكراوەی كۆمپانیاكەشە‌.

سەربای ئەوەی حكومەتی بەریتانیا زۆر بە پەرۆشە بۆ سوودوەگرتن لەو گرێبەستە بۆ پەرەپێدان و دروستكردنی ئەو جۆرە جوڵێنەرانە، بەڵام كۆمپانیای ڕۆڵس ڕویس ئەو جۆش و خرۆشەی نەماوە بۆ دانووستان لەگەڵ كۆمەڵەی كۆمپانیاكانی توركی (كیل)، وەك بەرئەنجامێك بۆ هاتنەناوەوەی كۆمپانیای "بی ئێم سی" توركی – قەتەری بۆ ناو پڕۆژەكە.

پڕۆژەی فڕۆكەی تی ئێف ئێكس بەلای ئەردۆغانەوە، گەوهەری پلانەكانی پەرەپێدانی پیشەسازی سەربازی توركییە كە ئەنقەرە لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت سەرچاوەی داهاتەكانی جۆراوجۆر بكات. 

توركیا نیازی وابوو یەكەم ئەزموونكردنی ئەو فڕۆكەیە لە ساڵی 2023 نمایش بكات، بەڵام بە كشانەوەی كۆمپانیای ڕۆلس ڕویس، ئەنقەرە ناچارە بە دوای جێگرەوەیەكی پەرەپێدەری جوڵێنەری ئەو فڕۆكەیەدا بگەڕێت.

وەزارەتی بەرگری توركیا ئەوەی ڕەتكردەوە هیچ توانجێك لە بارەی كشانەوەی كۆمپانیای ڕۆلس ڕویس‌ لەو پڕۆژە توركییە بدات.

لە بەرانبەر شێلگیری ئەو كۆمپانیا بەریتانییە كە دەستبەرداری ووردەكای تەكنیكە بەكارهاتووەكانی دروستكردنی ئەو جوڵێنەرەی بۆ كۆمپانیای بی ئێم سی نابێت، توركیا هەوڵیدا لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە فشار بخاتەسەر كۆمپانیای ڕۆلس ڕویس، بەوەی ڕێكلام بۆ ئەو ڕاپۆرتانە بكات كە گوایە دانوستانێك لەگەڵ كۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلەكتریكی ئەمریكی لە ئارادایە بۆ دەستەبەركردنی جێگرەوەیەك بۆ كومپانیا بەریتانییەكه.

بەڵام سەرچاوە بەریتانییەكان ئەوەیان بۆ پێگەی عەرەب دووپات كردەوە كە ئەو گریمانەیە لە ئێستادا لەئارادا نییە بە هۆی ئەو بارگرژییە بەردەوامەی لە نێوان ئەمریكا و توركیادایە، چونكە واشنتۆن ترسی ئەوەی هەیە تەكنیكی دروستكردنی ئەو جوڵێنەرە ئەمریكییە دزەی پێبكرێت بۆ ڕوسیا. 

كۆمپانیای بی ئەی ئی بەریتانی پیشەسازییە ئاسمانییەكان گرێبەستێكی لەگەڵ پیشەسازی ئاسمانی توركیا بە بەهای 130 ملیار دۆلار واژۆ كردبوو بۆ بەشداریكردن لە پەرەپیدانی ئەو فڕۆكە شەڕكەرە توركییە، ئەم پڕۆژەیە كۆمپانیا بەر‌یتانیا بچوكەكانی دیكەشی هاندا كە گرێبەستی لەو جۆرە واژۆ بكەن بە مەبەستی دەوڵەمەندكردنی فڕۆكەكە بە ئامێری فڕین و كەشتیڕانی ئاسمانی. 

پرسی دزەپێكردنی تەكنەلۆجیای سەربازی هەستیار هەڵاو دەمەتەقێیەكی گەورەی لە بەریتانیا نایەوە، ئەمەش‌ وای لە "عوسمان دور" ی سەرۆكی كۆمپانیای بی ئێم سی كرد پەیمانی ئەوە بدات كە حكومەتی توركیا پارێزگاری لە ووردەكاری ئەو تەكنیكانە دەكات و نایەڵیت دزەیان پێبكریت بۆ دەرەوە، ئەمەش ئاماژە بوو بۆ ئەوەی كە ئەو تەكنیكانە ناكەونە بەردەستی هاوبەشە قەتەری و هاوپەیمانە ڕوسییەكەی.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی  عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر