شارپرێس:
بەگوێرەی قسەی فەرمانبەرانی ویستگەیەكی رادیۆیی لەبەریتانیا ، لەكاتی گفتوگۆی ئێوارانی رادیۆكە لەگەڵ جەماوەر، بەشێوەیەكی كتوپڕ پەخشی رادیۆكە وەستاوە ، دواتر كەسێك هاتووەتە ناو پەخشەكەوە و دەستی بە قسەكردن كردووە .
بە قسەی فەرمانبەرەكان بێت بێژەرەكە هەوڵیداوە قسە لەگەڵ كەسەكە بكات، بەڵام ئەو زۆر بەجددی دەستی كردووە بەباسكردن لەشارستانییەكی بچووك، كە لە قسەكانیدا وا دەردەكەوتووە كەوتووەتە رۆژهەڵاتی ئەوەوە و ناوچەكەش ناوچەیەكی بیابانییە ، هەروەك ساڵەكەش دەبێت ساڵی ٥٧٢٠ بێت .
هەروەها بەگوێرەی قسەی پیاوەكە ئەو شوێنە هەواكەی پیسە و هەناسەش بەخراپی دەدرێت ، ئەوەش وادەكات كاریگەری خراپی لەسەر تەندرووستی منداڵان هەبێت .
بەپێی پێگەی " وان " ، بێژەرەكە داوای لە هاوكارەكانی كردووە ئەو گرفتەی لەدەنگی رادیۆكەدا هەیە چارەسەری بكەن ، بەڵام لەوكاتەدا پیاوەنادیارەكە وتوویەتی بیدەنگ بن با ئاماژەكە بەباشی بگات .
دەشڵێن پیاوە نادیارەكە وتوویەتی ئەو بەچەندین پرۆسەی كۆكردنەوەی زانیاریی هەڵدەستێت ، هەركاتێكیش بێتە ناو شەپۆلە لاسلكییەكانەوە ئەوا بەزوویی دەوەستن .
لە وەڵامی پرسیاری بێژەرەكەش، كە لێیپرسی ئایا ئەو هیچ ئاماژەیەك بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانو بەریتانیا دەنێرێت ، كەسەكە وتوویەتی نازانم تۆ باسی چی دەكەیت.
فەرمانبەرانی ویستگەكە دەشڵێن: ئەو كەسەی قسەی دەكرد وتوویەتی نازانم لەساڵی چەند قسە لەگەڵ من دەكەیت، دوایی كەمێك وەستا و بەپرسیاركردنەوە وتی ساڵی ٢٠١٨ ؟ دوای ئەمە پەیوەندییەكەمان پچڕا و لێك جیابووینەوە .
بەرپرسانی رادیۆكە دەڵێن: رووداوەكە لە كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو روویداوە ، لەبەر مەترسی دەركردنیشیان ناوێرن باسی رووداوەكە بكەن .
بێژەری رادیۆكەش دەڵێت: ئەوە نزیكەی ١٠ ساڵ دەبێت لەو رادیۆیە كاردەكەم ، بەڵام هەرگیز ڕێكەوتی ئاوهام تووش نەبووە .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی