بەئیسلامكردن هەڕەشە لە سیكۆلاریزمی كیرغیزستان دەكات

جیهان

16/03/2019‌ 630 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڤیكتۆریا بانفیلۆفا لەرۆژنامەی "نیزافیسیمایا گازێتا" بابەتێكی لەژێر ناوی "ئیسلامیزەكردنی كیرغیزستان گەرانەوەی بۆنییە"، كە تێیدا باس لەمەیلی بەئیسلامیزەكردنی وڵاتی كیرغیزستان دەكات ئەوە لەكاتێكدا دەستووری وڵاتەكە بەدەق سیستەمی سیكۆلاریزمی چەسپاندووە .

نووسەر دەڵێت: لە كۆنگرەی یازدەیەمینی دادوەرەكانی كیرغیزستان, "سورونبای جینبیكۆڤ" سەرۆكی وڵات بە خوێندنەوەی فەرموودەیەكی پیرۆز دەستی بەقسەكانی كرد ، ئەوەش یەكەم هەنگاوی ئاشكرای سەرۆكی دەوڵەتەكە نییە بەرەو ئیسلام ، بەڵكو كەسایەتییە گشتییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن دەوڵەتی كیرغیزستان بەخێرایی مۆركی سیكۆلاریستییانەی خۆی واز لێدەهێنی و بەرەو مۆركێكی ئیسلامییانە هەنگاو هەڵدەگرێت .

توكتائیم ئومتعلییفا سیاسی و كەسایەتی گشتیی كیرغیزی دەڵێت : بەئیسلامیزەكردنی وڵات ئەمرۆ دەستی پێنەكردووە  .

ئەو سیاسییە ئافرەتە كیرغیزییە بەدووری نازانێت پەرلەمانی داهاتووی وڵاتەكەیان كە وابریارە لە ساڵی ٢٠٢٠ بەڕێوەبچێت زۆربەی كورسییەكانی لەلایەن لایەنگر ی زۆربەی رێكخراو و بزووتنەوە  ئیسلامییەكانەوە پڕبكرێتەوە .
 
توكتائیم پێیوایە، كە هۆكاری ئەوەی بەئیسلامیزەكردنی وڵات وابەخێرایی بڵاو دەبێتەوە دەگەڕیتەوە بۆ لاوازیی كۆمەڵایەتیی دانیشتوان ، خراپی رەوشی ئابووری ، بڵاوبوونەوەی خوێندنگە ئیسلامییەكان لەسەرانسەری وڵات كە تێیدا ئەو پیاوە ئاینییانەی لە پاكستان و میسر و سعوودیە خوێندوویانە وانەی تێدا دەڵێنەوە ، ئەوە سەرباری نەبوونی پەروەردە و فێركردنێكی باشی عەلمانییانە و ئایدۆلۆژیای جێگرەوە . 

هەر لەوبارەیەوە دینیس بیرداكۆڤ شرۆڤەكاری سیاسیی كیرغیزی بە رۆژنامەی "نیزافیسیمای گازێتا"ی گوتووە كە بەرنامەیەكی مەبەستدار هەیە بۆ بەئیسلامیزەكردنی وڵات.

ئەو شرۆڤەكارە پێیوایە، كە سەرۆك جینبیكۆڤ بۆئەوەی لەلایەن گرووپ و رەوتە ئیسلامییەكانەوە دژایەتی نەكرێت پشتیوانی ئەو هەوڵانە دەكات ، بۆ ئەوەش نموونەی تاجیكستان دەهینێتەوە كە هەموو رەوتە ئیسلامییەكان دژایەتی دەسەڵات دەكەن .

بیرداكۆڤ سەرنجی بۆ ئەوە راكێشاوە كە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٥ خەڵكە باوەردارەكە پشتیوانی ئەو پارتە سیاسییانەیان نەدەكرد كە لەلایەن ڕێبەرە دینییەكانەوە ڕابەرایەتی دەكران ، بەڵام ئیستا ڕەوشەكە جیاوازە ، ئەگەر سەرنج بدەینە هەرێمەكانی دەرەوەی بیشكیكی پایتەخت دەبینین مزگەوتەكان بوونەتە یەكێك لە دامەزراوە كۆمەڵایەتییە سەرەكییەكان ، ژمارەی پیاوانی ئایینی و كاریگەرییان لەزیادبووندایە ، تەنانەت دەستیان بەسەر هەندێ مامەڵەی دارایی و هەڵسوكەوتە كۆمەلایەتییەكانیشدا گرتووە ، ناكرێت ئەم ئاراستەیە سەرۆك جینبیكۆڤ نیگەران نەكات .
 
بیرداكۆڤ بەدووری نازانێت سەرۆكی كیرغیزستان لەكاتی سەردانەكەی سەرەتای مانگی شوبات بۆسووچی لە رووسیا ئەو بابەتەی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی رووسیا باس كردبێت ، بەڵگەی ناراستەوخۆش لەسەر ئەوە ئەوەیە كە پۆتین لەكاتی سەردانەكەی بۆ قازان و گفتوگۆكردنی لەگەڵ سەرۆكی پێشوو  باسیان لەوە كردووە كە پیاوانی ئاینیی كیرغیزی لە ئەكادیمیای ئیسلامی لە تەتەرستان پەروەردە بكرێن و راهێنانیان پێبكرێت. 

ئەو سرۆڤەكارە دەشڵێت: جینبیكۆڤ ئەو پیاوە ئایینییانەی دەوێت كە پاریزگاریی لە سیستەمی سیكۆلاری كیرغیزستان دەكەن و برەوی پیدەدەن .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی 
سەرچاوە: پێگەی ئەلیكترۆنی RT