تاران شۆك دەكات.. ئەمریكا دەیەوێت گورزی كەمەرشكێن لەئابووری ئێران بدات

جیهان

16/03/2019‌ 4255 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی رۆیتەرز بەپشتبەستن بە دوو سەرچاوە بڵاویكردەوە، كە ئەمەریكا  هەوڵ دەدات تا مانگی مایسی ئەمساڵ هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لەسەدا ٢٠ كەمبكاتەوە بەجۆرێك بیگەیەنێتە خوار ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رۆژانە.

ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، ئەویش لەڕێگای داواكردن لەو وڵاتانەی نەوتی ئێران هاوردە دەكەن بەوەی كڕینی نەوتی ئێران كەمبكەونەوە تا نەكەونە بەر سزاكانی ئەمەریكا، كە ئەوە گورزێكی كەمەرشكێن دەبێت‌و تاران شۆك دەكات.

بەپێی ئاژانسەكە، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا دەیەوێت هەناردەی نەوتی ئیران بەتەواوەتی رابگرێت، كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی تارانە ، واشنتۆنیش گوشار  لە تاران دەكات تا سنوورێك دابنیت بۆ چالاكییە ناوەكییەكانی‌و یارمەتی ئەو گرووپانەش نەدات، كە پێیوایە ئەوانە دەستوپێوەندی ئێرانن لە ناوچەكەدا .

هەر بەپێی ئاژانسەكە، لەو چوارچێوەیەدا پێشدەچێت واشنتۆن هەندێك لەو وڵاتانەی، كە نەوتی ئێران هاوردە دەكەن دووبارە ببەخشرێن لەوەی نەوتی ئەو وڵاتە بكڕن لەوانەش هیند‌و چین، كە گەورەترین كڕیاری نەوتی ئێرانن ، بەمەرجێك بەڵێنی ئەوە بدەن، وابكەن هەناردەی نەوتی ئێران بۆ خوار ملیۆنیك بەرمیل رۆژانە كەمبكەنەوە ، كە ئەمەش لەو بڕە نەوتە زیاترە ئێستا ئێران هەناردەی دەكات، كە رۆژانە ملیۆنێك و دووسەد و پەنجا هەزار بەرمیلە.
 
یەكێك لەو سەرچاوانە بۆ ئاژانسەكە رایگەیاندووە، ئامانجی ئێستای واشنتۆن ئەوەیە هەناردەی نەوتی تاران بگەیەنێتە خوار یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە ، بەڵام لەهەمان كاتدا نیگەرانی ئەوەشە ئەو كەمبوونی هەناردەی نەوتی ئێران ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەجیهاندا . 

لەتشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ دوای ئەوەی واشنتۆن لەڕێككەوتننامە ناوەكییەكەی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران كشایەوە ، دووبارە هەندێك گەمارۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندەوە ، كە بووە هۆی ئەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ نیوە دابەزێت . 

بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەی نەوتی ئێرانیان دەكڕی بتوانن جێگرەوەی نەوتی ئێران بدۆزنەوەو ڕێگریش بكات لەوەی نرخی نەوت لەناكاو زۆر بەرز ببێتەوە ، بۆیە واشنتۆن بەشێوەیەكی كاتی كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی ئێرانی بەخشی ، بەو مەرجەی بڕیكی كەمتر لەنەوتی ئێران بكڕن . 

یەكێك لەسەرچاوەكان هەروەها رایگەیاندووە، رەنگە راگرتنی یەكجارەكی قورس بێت، باسی لەوەش كردووە ترامپ تا ئەو ڕاددەیە قبووڵییەتی نەوتی خاوی برینت بگاتە ٦٥ دۆلار بۆ بەرمیلیك .

ئەو دوو سەرچاوەیە دەشڵێن، كە ئیدارەی ترامپ ئەو هەوڵەی بۆ كەمكردنەوەی نەوتی ئێران ئاگاداری كردووینەتەوە ، بەڵام رێگەمان پێنەدراوە بەئاشكرا باسی بكەین ، بۆیە داوایان كردووە كە ناویان باس نەكرێت.
 
لەكاتێكدا تازەترین بەخشینەكانی واشنتۆن لەگەڵ كریارانی نەوتی ئێران بەئامانجی كەمكردنەوەیەتی ، بەڵام تائێستاش واشنتۆن پابەندە بەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بەتەواوەتی رابوەستێت.
 
بریان هۆك نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران لەلێدوانێكیدا لەكاتی كۆنگرەی پیشەسازی نەوت لەهیوستن وتی: واشنتۆن لەسەر پلانەكەی خۆی بەردەوامە تا هەناردەی نەوتی خاوی ئیران سفر دەكاتەوە . 

هۆك ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە ترامپ روونیكردووەتەوە، دەبێت هەڵمەتێك بەرپا بكەین تێیدا ئەوپەری گوشاری ئابووری بەكارنهێنین ... بەڵام نایەوێت بازاڕەكان تووشی شۆك ببن .

وتەبێژێك بەناوی ئیدارەی وزە لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئامادە نەبوو  لێدوان لەسەر ئەو بڕە نەوتە بدات كە دەیانەوێت هاوردەكاران بیكڕن، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریكا بەردەوام بازارەكانی نەوتی جیهانی هەڵدەسەنگێنن تاوەكو بزانن هەنگاوی داهاتوویان پەیوەست بە بەخشینەكان لە سزاكانی سەر ئێران بنێن .
    
هەروەها وتیشی: لەسەر ئاستی ژمارەش تا كۆتایی ماوەی ١٨٠ رۆژ  لە جەولەی یەكەمی بەخشینەكان كە لە مانگی مایس كۆتایی دێت بەردەوام ئەپدەیتی هەڵسەنگاندنەكانمان پێدەگات".

لە مانگی نۆڤەمبەردا واشنتۆن هەشت دەوڵەتی لەكڕینی نەوتی ئیرانی بەخشی كە هاوردەی نەوتی ئیرانیان كەمكردبۆوە و ڕێگەی پێدا تا شەش مانگی تر نەوتی ئێران بكڕن بیئەوەی رووبەرووی سزای واشنتۆن ببنەوە ، ئەو وڵاتانەش بریتین لە چین ، هند ، كۆریای باشوور ، یابان ، توركیا ، ئیتالیا ، یۆنان و تایوان .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
سەرچاوە:  SPUTNIK