شارپرێس:
وته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق رایگه‌یاند، به‌رهه‌م ساڵح له‌باره‌ی دۆخی ئه‌منی كه‌ركوك و خانه‌قین-ه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده سه‌ربازیه‌کانى عێراق كۆبووه‌ته‌وه و "بڕیاردراوه نه‌ورۆزێکى بێ گرفت له که‌رکوک به‌ڕێوه‌بچێت".
پێشتر شارپرێس بڵاویکردبوەوە، به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆككۆماری عێراق له‌گه‌ڵ فه ریق عبدوالامیر یاراڵا، جێگرى فه رمانده‌ى ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق كۆبوونه‌تەوه، له‌باره‌ی دۆخی كه‌ركوك و خانه‌قینه‌وه گفتوگۆیان كردوه، به‌رهه‌م ساڵح داوای كردووه هه‌مانگی زیاتر له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه بكرێت كه ئه‌وه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مواندایه.
حه‌سه‌ن جیهاد، وته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق و به‌شداربووى کۆبونه‌وه‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵح و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی عێراق، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاندووه، "سه‌رۆک کۆمار و عه‌بدولئه‌میر یاره‌ڵا دۆخى ئه‌منى که‌رکوک و خانه‌قینیان تاوتوێ کردووه باسیا له ڕۆژانى نه‌ورۆز کردووه و بڕیاردرا نه‌ورۆزێکى بێ‌گرفت له که‌رکوک به‌ڕێوه‌بچێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "بڕیاردراوه مامه‌ڵه‌ى بازگه‌کان له‌گه‌ڵ گه‌شتیار و خه‌ڵکدا باش بێت".
سه‌باره‌ت به دۆخى خانه‌قین، وته‌بێژه‌که‌ى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار ڕوونیکرده‌وه هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر خراپى دۆخى ئه‌منى خانه‌قین و وتى، "له ماوه‌ى ڕابردوودا له‌سنورى خانه‌قین 40 که‌س شه‌هید و نزیکه‌ى 60 که‌سیش برینداربوون، سه‌دان ماڵیش قه‌زاکه‌یان جێهێشتووه."