پرۆژەیەكی هاوبەشی جۆرج كلۆنی‌و هاوسەرەكەی لەپێناو دادپەروەری

هەمەڕەنگ

17/03/2019‌ 548 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جۆرج كلۆنی ئەستیرەی هۆڵییود و ئەمەل كلۆنی هاوسەری ، بەرنامەیان هەیە ئەمساڵ لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەریی بۆ ژنان و منداڵان و هاورەگەزبازان و كەمە ئاینییەكان و رۆژنامەنووسان لە جیهاندا پرۆژەیەك رابگەیەنن.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز ئەو دوو هاوسەرە گوتوویانە كە خواستی ئەوەیان هەیە هێز و توانای خۆیان بەكاربهێنن لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەریی لەسەر ئاستی جیهانیی بۆ ژنان و منداڵان و كەمەئاینییەكان و رۆژنامەنووسان .

دامەزراوەی " كلۆنی بۆ دادپەروەریی " كە جۆرج كلۆنیی و هاوسەرەكەی لەساڵی ٢٠١٦ دایان مەزراندووە ، رایگەیاندووە كە پلانیان هەیە پرۆژەی " TrialWatch" رابگەیەنن كە ئامانج لێی چاودێرییكردنی دادگاكانە ، بەجۆریك بەدواداچوون بۆ ئەو هۆڵی دادگایانە دەكات كە لەلایەن حكوومەتەكانەوە بۆ سەركوتكردنی كەمینەكان و بیدەنگكردنی رەخنەگران بەكاردەهێنرێن .

كلۆنی تەمەن ٥٧ ساڵ لە ئاهەنگێكی خێرخوازیی لە ئەدنبرەی پایتەختی سكۆتلەندا گوتی هەندێ دەوڵەت دادگاكان بۆ "هەندێ كاروباری زۆر بۆگەن" بەكاردەهێنن ( بەدەربڕینی خۆی) ، بۆیە زۆر پیویستە ئەو شوێنانەی ئەو جۆرە كارانەی لێ روودەدات تیشكییان بخرێتەسەر.

بەڵام ئەمەل كلۆنی (٤١ساڵ) كە پاریزەرێكی نێودەوڵەتییە لەبواری مافەكانی مرۆڤ گوتی " زۆر گرنگە ستەم ئاشكرابكرێت ، هەروەك ئەو دەوڵەتانەش كە دادگاكان بەكاردەهێنن بۆلێدانی لاواز و  پاریزەرانی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەوانیی" 

ئەمەل وتیشی " لەئێستادا گەرەترین ژمارەی رۆژنامەنووسی بەندكراومان هەیە لە جیهاندا ".

هاوسەرەكەی جۆرج كلۆنی گوتی كارەكەم وەك پارێزەر ئەوەندە بەڕەونەق نییە وەكو دەردەكەوێت ، لەبەر ئەوەی بەشێوەیەكی سەرەكیی لەسەر كەڵەكەكردنی قەبارێكی زۆر كاغەز وەستاوە ، بەڵام هەوڵ دەدەم ناوناوبانگی خۆمان بەكارنهێنم تا لەبەرژەوەندی ئەو  كارە بەكاری بهێنم .

هەردوو هاوسەر لە ئاهەنگەكەدا گوتیان كە هەوڵ دەدەن ناوبانگی خۆیان بەكارنهێنن بۆ زیادكردنی هۆشیاریی لەسەر پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ  و گەندەڵیی.

كلۆنی هەروەها وتی " لە بچووكییەوە بەدەوڵەمەدندیی گەورە نەبووم  ، بەڵام ئەگەر بەخت یاوەر ت بوو ، ئەوە پێویستە لەگەڵ هەمووان بەشی بكەی".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی