منداڵان لەفێرگەكاندا فێری تۆپی پێ دەكرێن

کوردستان

25/03/2019‌ 3549 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سلێمانی
راپۆرتی: سیڤان ئازاد
ئەگەر ساڵانی پێشوو منداڵ و نەوجەوانان لە كۆڵان و لەناو تەپوتۆزدا یاریی دوو گۆڵیان كردبێ، ئەوا منداڵانی ئێستا شانسیان هەیە، كە فێرگەی تایبەت كراوەتەوە بۆ فێركردنی هونەرەكانی تۆپی پێ.

لەو فێرگانەدا نەوجەوانان رادەهێنرێن لەسەر تەكنیكەكانی یاریی تۆپی پێ و فێركردنی یاساكانی ناو یاریگا.

لەناو شاری سلێمانی تادێت ژمارەی ئەو سەنتەرانەی فێركردنی یاریی تۆپی پێ زۆر دەبن.

مەمۆ ڕزگار یەكێكە لەو گەنجانەی بە ئارەزوویەكی زۆرەوە چووەتە سەنتەرێكی فێركردن و رۆژانە وانەی نوێ وەر دەگرێ لەلایەن مامۆستاو راهێنەرەكانییەوە.

مەمۆ ماوەی دوو ساڵە رووی لەو سەنتەرە كردووە و بۆ شارپرێس وتی:" سودێكی زۆرم وەرگرتووە لە مەشق و وانەكان، لێرە زۆر بەباشی دەتوانی فێری تەكنیك و رێسا و یاساكانی یارییكردن ببی."

مەمۆ هانی منداڵان و نەوجەوانان دەدات تا بۆیان دەكرێ بچن بۆ سەنتەرەكانی فێركاریی تۆپی پێ بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئەكادیمی ببنە یاریزانێك شیاو.
 
ئەو كەسانەی ئێستا روو لەو سەنتەرانە دەكەن، تەمەنیان لە ١٠ تا ١٥ ساڵانە. ئەو تەمەنەش یارمەتییەكی باش دەدات بۆ زووتر وەرگرتنی مەشق و راهێنانەكان.

مەرجی وەرگرتنی نەوجەوانێك یان مێردمنداڵێك ئەوەیە كە لەلایەن پزیشكێكەوە روخسەتی ئەوەی پێدرابێ كە یاری بكات و توانای جەستەیی و بەدەنیی گونجاوبێ بۆ یاریكردن.

تاریق عەتا وەك ڕاهێنەری نەواجەوانان لە یەكێك لە فێرگەكانی شاری سلێمانی كار دەكات، سەبارەت بە ئاست و لیاقەتی راهێنەران لەو فێرگانەدا بۆ شارپرێس وتی:" فێرگەكان بناغەی وەرزش و پێگەیاندنی نەوەیەكی دروستن بۆ كەرتی وەرزش بە تایبەت تۆپی پێ لە كوردستان. ئێستا ئاستی فێرگەكان و راهێنەران تا ڕادەیەكی باش پێشكەوتووەو چاوەڕوانی باشتریان لێ دەكرێت."

تاریق ئاماژە بەوە دەكات كە "تاكە كێشەی فێرگەكان" تەنیا ئەوەیە كە لەلایەن دامەزراوەكانی حكومەتەوە هاوكارییان پێشكەش ناكرێ.

بەڵام ئارا جەلال وەك ڕاهێنەرێك لەو فێرگانەدا دەڵێ فێرگەكان لە هەرێمی كوردستان "لە ئاستێكی مام ناوەنداین" 

ئارا روونیكردەوە بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێكە ئەو فێرگانە كراونەتەوە، هێشتا ئەزموونی زۆریان نییە و لە ئاستێكی دیاریكراودان.

خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە لەو فێرگانەدا كچان نابینرێن، راهێنەرانی فێرگەكان دەڵێن لەو كاتەوەی كار دەكەن لەو فێرگانە، زۆر بە كەمی كچان داخوازییان پێشكەش كردووە. ئەوەی كە زیاتر دەچێ بۆ ئەو سەنتەرانە كوڕانن.